سەرمایەداری دامەزراوەیی بۆ دکتاتۆریەتی سەرمایەداری..

10 كاتژمێر لەمەوپێش



لە ترامپی ئەمەریکاوە بۆ ئەمەریکای ترامپ!

نیاز ئیبراهیم

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٤دا توانی جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ کۆشکی سپی و ببێتە دووەم سەرۆک لە مێژووی ئەمەریکادا کە دوای چوار ساڵ دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ سەرۆکایەتی. ئەم گەڕانەوەیە جیاوازییەکی بەرچاوی لەگەڵ سەرۆکایەتی یەکەمی هەیە، بەتایبەت لە ڕووی ستراتیژ و ئامانجەکانی. لە سەرۆکایەتی یەکەمیدا، پەتای کۆرۆنا بواری نەدا خۆی و پرۆژەکانی بە تەواوی ئاشکرا بکات، بەڵام ئەمجارە بە ڕوونی پلانەکانی بۆ گۆڕینی دامەزراوەکانی ئەمەریکا و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی دەخاتە ڕوو.

🔻 - ترامپی یەکەم: سەرەتای پرۆژەیەکی نیوەتەواو.
لە سەرۆکایەتی یەکەمیدا (٢٠١٧-٢٠٢١)، ترامپ سیاسەتی "سەرەتا ئەمەریکا"ی گرتەبەر و لە چەندین ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی کشایەوە، لەوانە ڕێککەوتنی کەشوهەوای پاریس و ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران. لە ناوخۆشدا، قەدەغەکردنی گەشتکردن بەسەر هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانەی کە زۆرینە موسڵمانن، دەستیکرد بە دروستکردنی دیوارێک لەسەر سنووری مەکسیک، و پڕۆژە یاسای کەمکردنەوەی باجی بەرفراوانی واژووکرد.
هەروەها لە ساڵی ٢٠١٧دا، بەڕێوەبەرایەتی ترامپ داوای لە ئەمەریکاییەکان کرد ڕاوبۆچوونی خۆیان لەسەر دامودەزگاکانی حکومەت بدەن تاوەکو گۆڕانکاری و چاکسازییان تیادا بکەن. ئەم هەنگاوە بەشێک بوو لە پلانی ترامپ بۆ "کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت و زیاتر کاراکردنی دامودەزگاکانی لەگەڵ کەمکردنەوەی بیرۆکراسی".

بەڵام سەرۆکایەتی یەکەمی ترامپ بە هۆی پەتای کۆرۆنا و کێشە ناوخۆییەکان، نەیتوانی هەموو پرۆژەکانی جێبەجێ بکات. هەروەها، سەرۆکایەتییەکەی شایەتی ناڕەزایەتی بەرفراوان بوو، دیارترینیان ڕێپێوانی ژنان بوو، ڕۆژێک دوای دەستبەکاربوونی.

🔻 - ترامپی دووەم: پرۆژەی دیکتاتۆریەتی سەرمایەداری.
سەرۆکایەتی دووەمی ترامپ کە لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ دەستی پێکرد، خێراتربوونی لە دەرکردنی فەرمانی جێبەجێکردندا بەخۆیەوە بینی. لە یەکەم ڕۆژیدا ٢٦ فەرمانی واژووکرد، لەوانە کشانەوەی لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و لێخۆشبوونی ئەو ئاژاوەگێڕانەی کە لە ساڵی ٢٠٢١دا هێرشیان کردە سەر کاپیتۆڵ.

بەپێی سەرچاوەکان، ترامپ لە سەرۆکایەتی دووەمیدا هەڵوێستێکی توندتری لە سیاسەتی دەرەوەی گرتووەتەبەر، لەگەڵ پلانی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی غەززە لەژێر کۆنترۆڵی ئەمەریکا و گواستنەوەی دانیشتووانەکەی، ئەمەش ئیدانەکردنی عەرەبی و نێونەتەوەیی لێکەوتەوە. هەروەها سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکای هەڵوەشاندەوە و، گرژییەکانی لەگەڵ چین و ئەوروپا پەرەی سەند.

ئێستا هیچ دامەزراوەیەکی فەرمی لە کۆنگرێس و دادگای باڵا و تەنانەت میدیاکان(جگە لە چەند میدیایەکی دیاریکراو)، نییە ئەگەر خودی ترامپ تێێدا باڵا دەست نەبێت!

🔻 - ترامپ و چینی سەرمایەدار.
ئەوەی ترامپی دووەم لە ترامپی یەکەم جیا دەکاتەوە، پەیوەندی نزیکتری لەگەڵ چینی سەرمایەداری ئەمەریکایە. بەپێی ڕاپۆرتەکان، ترامپ ١٣ ملیاردێری بۆ کابینەکەی دەستنیشان کردووە، کە ئەمە ژمارەیەکی بێوێنەیە لە مێژووی ئەمەریکادا. ئەم هەنگاوە نیشانەی ئەوەیە کە چینی سەرمایەدار ڕاستەوخۆ دەسەڵاتی سیاسی بەدەستەوە گرتووە.
لە وتارێکی مانگی نیسانی ٢٠٢٥دا، باس لەوە کراوە کە "بەشێک لە چینی سەرمایەداری ئەمەریکا ئێستا بە ئاشکرا کۆنترۆڵی دەزگای ئایدیۆلۆژی-دەوڵەتی کردووە لە ئیدارەیەکی نیۆفاشیستدا کە تێیدا دامەزراوەی نیۆلیبراڵی پێشوو بووەتە هاوبەشێکی لاوەکی". ئامانجی ئەم گۆڕانکارییە "ڕێکخستنەوەیەکی پاشەکشەیی ئەمەریکایە لە دۆخێکی جەنگی بەردەوامدا، کە بەرهەمی پاشەکشەی هەژموونی ئەمەریکا و ناسەقامگیری سەرمایەداری ئەمەریکایە، لەگەڵ پێویستی چینێکی سەرمایەداری چڕتر بۆ دەستەبەرکردنی کۆنترۆڵێکی چڕتر بەسەر دەوڵەتدا".

🔻 - پرۆژەی ٢٠٢٥ و ئاواکردنی دیکتاتۆریەتی سەرمایەداری
ترامپ و جێگرەکەی، جەی دی ڤانس، پەیوەندی بەهێزیان لەگەڵ دامەزراوەی هێریتەج و پرۆژەی ٢٠٢٥ی کۆنەپارێزدا هەیە، کە بەشێکە لە ئەجێندای نوێی MAGA. ئەم پرۆژەیە پلانێکی تۆکمەیە بۆ گۆڕینی دامەزراوەکانی ئەمەریکا و بەهێزکردنی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی.

ئەوەی ئێستا دەرکەوتووە "شتێکی خراپترە لە دووبارەبوونەوەی سادەی سەرۆکایەتی پێشووی ترامپ. ڕژێمی دیماگۆگی MAGA-ی ترامپ ئێستا بووەتە نموونەیەکی ئاشکرای دەسەڵاتی سیاسی چینی سەرمایەدار کە پشتیوانی دەکرێت لە لایەن جووڵانەوەیەکی تۆڵەسەندنەوە لە چینی ناوەڕاستی خوارەوە، کە دەوڵەتێکی نیۆفاشیستی ڕاستڕەو پێکدەهێنێت لەگەڵ ڕابەرێک کە سەلماندوویەتی دەتوانێت بە بێسزایی کار بکات و توانای تێپەڕاندنی بەربەستە دەستوورییەکانی پێشووی هەیە: سەرۆکایەتییەکی ئیمپراتۆری ڕاستەقینە"، بگرە زیاتر، ئیمپراتۆریش ئەوەندە دەسەڵاتی نییە، بەتیابەتی بۆ ئەمەریکایەک کە گەورەترین و پڕچەککترین هێزی سەربازی  هەیە.

🔻 - کاریگەرییەکانی لەسەر ئەمەریکا و جیهان
ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەری قووڵیان لەسەر ئەمەریکا و جیهان هەیە. لە ناوخۆدا، ترامپ بەردەوامە لە لاوازکردنی دامەزراوە دیموکراتییەکان و بەهێزکردنی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی. لە دەرەوەش، سیاسەتی "سەرەتا ئەمەریکا" بووەتە هۆی گرژی  لەگەڵ هاوپەیمانەکان و دوژمنەکانی ئەمەریکا بەیەکەوە.

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە مانگی ئابی ٢٠٢٤، ترامپ هێرشی کردە سەر نەیارەکانی و بە "توندڕەوی چەپ" ناویانی برد. ئەم جۆرە ڕیتۆریکە نیشانەی ئەو پۆلبەندییە کە ترامپ لە کۆمەڵگای ئەمەریکادا دروستی کردووە.

🔻 - ئەم جۆرە گۆڕانکارییە سروشتیە؟
دەتوانین بڵێین ناکۆکییەکانی ناو هەناوی سەرمایەداریی لە سایەی کەمبوونەوەی سەرچاوەی مەوادی خام و ئاڵۆزبوونی ژینگە، دورستبوونی پۆلی دیکەی سەرمایەداریی واتە پێشبڕکێی توند، زیادبوونی دانیشتوان و کوالێتی ژیانی مرۆڤەکان لەسەر ئەم هەسارە، هەموو وایکردووە، ئیدی سیستەمی مۆدرێنێتەی سەرمایەداری کە لەلایەن خودی ئەمەریکاوە پێشەنگایەتی دەکرێت، خۆی بگۆڕێت لەسەرمایەداری دامەزراوەکان بۆ سەرمایەداری دەست کەسێک یا گروپێکی سنوردار. ئەم گۆڕانکارییانە مەترسی گەورە بۆ سەر دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ دروست دەکەن، نەک تەنها لە ئەمەریکا بەڵکو لە سەرتاسەری جیهاندا. ترامپی دووەم، بە پشتیوانی چینی سەرمایەدار، بەرەو ئاواکردنی سیستەمێکی سیاسی دەڕوات کە تێیدا دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی لە دەستی کەمینەیەکی بچووکدا چڕ دەبێتەوە. کەواتە دەکرێت بڵێێن ئەم گۆڕانکارییە ریشەییە سروشتیە، بەڵام دەشبێت ئەوە بڵێێن هێشتا نیولیبڕاڵ و دیموکراتەکان بەهێزن. ئایا ترامپ تەمەن بواری دەدات یا جێگرەوەکانی بۆ ئەوەی بەتەواوی سەرمایەداری بگۆڕن بۆ سیستەمێکی دیکتاتۆری و کۆتا خۆکوشتنی؟

بۆ وەلامی ئەم پرسیارە، دەکرێت چاوەڕێ بکەین لە ساڵی ٢٠٢٦ زیاتر روون دەبێتەوە.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار