هاوڵاتی لەكام دۆڵ و ئارامی لەكام خەرەند؟

16 كاتژمێر لەمەوپێش
ڕەحمان غەریب
هێرشكردن بە درۆن و كاتیۆشا بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە عێراق، تا ئەو رادەیە ئاساییە، پەیامنێرەكە لە خاوەن ماڵی بۆدومانكراو بپرسێت: دوژمنایەتیت لەگەڵ كەسدا نییە؟ ئەمە وەك توانج ناڵێم، پێشكەشكارێك لە میوانەكەی دەپرسێت ئایا پێتان وا نییە ئەم هێرشانە پەیوەندییان بە ململانێی دوو گروپ بێت بۆ شیرینی و پرۆژەكانی بێجی و فرۆكەخانەی كەركوك؟
ئەوەتا عالیە نسەیف جاسمی ئەندام پەرلەمانیش دەڵێ "ئەو درۆنانەی كەركووكیان كردە ئامانج، مەبەست لێی تێكەڵكردنی ئەو بابەتانە بوو كە ڕەگ و ڕیشەی لە گەندەڵیدایە، سەرچاوەی درۆنەكان و گەندەڵیی پاڵاوگەكان و مووشەكەكان ئاشكرا دەبن "، چەند ترسناكە دیمەنی ئەم وڵاتە.
ئەگەر مانگی دەستكردی كۆمپانیایەكی بێلایەن، شوێنی هەڵدانی موشەك و فرۆكە بێفرۆكەوانەكانی، كەركوك و بێچی و زاخۆو سلێمانی بەتەواوی و بە وردی دەستنیشان بكات، بە حكومەتی عێراق بڵێت لە سەربازگەی هێزە چەكبەدەستەكانی دەرەوەی دەوڵەتەوە ئاراستەكراون، وەك ئێستا وایە، كەس چاوەڕوانی ئەوە نەبێت، زانیارییەكان بچنە ناو راپۆرتی ئەو لیژنەی لێكۆڵینەوەیەی كە جەنابی سودانی پێكهێناوە.
سەرۆك وەزیران سودانی دەزانێت میلیشیا چەكدارەكان بیانەوێت پەیامی توند بنێرن، بە ئاسایی بۆ ماڵی سەرۆكوەزیرانیشی دەنێرن، نمونەی ئەو درۆنە خۆكوژییەی لە 2021 بۆ سەرۆوەزیران مستەفا كازمییان نارد.
جارێ لیژنەی لێكۆڵینەوەی حكومەت، راپۆرتی لەبارەی هێرشەكەی دەوروبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كەركوك و پاڵاوگەی بێجی لە سەلاح الدین و كەمپی دەركار لە زاخۆ، تەواونەكردوە یان بۆ رای گشتی بڵاونەكراوەتەوە، شەوی ڕابردوو، بە دوو درۆن هێرشكرایە سەبازگەی هێزەكانی 70 لە پارێزگای سلێمانی.
هێرشەكان كە جارێ بە رەسمی هیچ گروپێك بەرپرسیارێتی هەڵنەگرتوە، بەڵام زانیاری پسپۆرانی ئەمنی بێلایەن دەڵێن ئامراز و كەرەستەی بەكارهێنراو ناوخۆیین و مەودای مووشەكەكان لەوانە نیین لە دەرەوەی سنوورەوە هەڵبدرێن، ئەمە ئاماژەی مەترسیدارن بۆ دیمەنی ئاڵۆزی سیاسی و سەقامگیری و ئەمنیەت و سەروەری عێراق، كەچی حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان، دەرگای زانیارییان داخستووە.
بەر لەوەی لیژنەكەی حكومەت ئەوە یەكلابكاتەوە سەرچاوە كاتیۆشاو درۆنەكان، لەكام ناوچەوە ئاراستەی ئامانجەكان كراوە، ژمارەی مووشەك و درۆنەكان چەند بوون؟ میدیا و سەركردەكانی حەشد، پێش لیژنەكە كەوتن، ئۆباڵی هێرشەكانیان خستە سەر شانی داعش، لەكاتێكدا كە ئەو هێزە لە ناوچەكانی كەركوك و بەر لە رۆژێك هێزی ئاسمانی سوپای عێراق شەكەتی كردن. بەداخەوە پارێزگارو بەرپرسانی ئەمنی كەركویش كەوتنە هەمان تەڵەوە.
هێزێك لە ناوچەكە كونی مشكیان لێبوبێت بە قەیسەری كەركوك، لە 2016 وە گوایە كۆتایی پێهاتووە، چۆن ئەم هەموو درۆنە خۆكوژیی و كاتیۆشایەی دروستكرد وچۆن هاویشتی؟، كە لە بنچینەدا توانای ئەم هێرشانەی رۆژانی رابردوو، لە توانای داعش گەورەترە، دەتوانین بە زمانی سادەی خۆمان بڵێن داعش نییەو ماعشە.

