شەڕی ئیسرائیل-ئێران، شەڕێكی جیۆستراتیژی جیهانی

17 كاتژمێر لەمەوپێش



د. كامەران مەنتك

بەشی دووەم

دواى دوانزە رۆژلە شەڕێكی ئاسمانی و هەواڵگری، سەیر لەوەدایە لە جیاتی ئێران و ئیسرائیل سەرۆكی ئەمریكا ئاگربەستی راگەیاند! ئەمەش بە واتای ئەوە دێت لایەنێكی وەكو ئێران نەدەستی لە دایساندنی شەڕەكە هەبوو نە ئاگربەستەكەی، بەڵام توانی بە باشی بەرگری لەخۆی بكات، هەرچی ئیسرائیل بوو شەڕەكەی دەستپێكرد، بەڵام دواتر بە خێرای پەنای بۆ ئەمریكا برد بۆئەوەی فشار بكاتە سەر ئێران و ئاگربەستێك وەك سەرەتایەك بۆ ماوەی 12 كاتژمێر رابگەیەنن، دیارە ئەو دوانزە كاتژمێرە دریژبۆتەوەو بە بێئەوەی هیچ لایەكیان لەسەری بدوێت تاوەكو ئێستا بەردەوامە!

لێرەدا پرسیاری سەرەكی ئەوەیە، ئایا بەڕاستی شەڕی ئێران-ئیسرائیل وەستاوە؟ ئایا ئیسرائیل توانی ئامانجەكانی خۆی بپێكێت، ئێران بۆچی بەم نەرمییەو بەم پشوودرێژییە مامەڵە لەگەڵ ئەو هێرشانەدا دەكات؟

بۆ وەڵامی پرسیاری یەكەم بەكورتی دەتوانین بڵێین نەخیر شەڕەكە نەوەستاوەو ئاگربەستێكە لەنێوان هێزێكی شەڕكەری ماندوو و هێزێكی پشوو درێژ، كە دەیەویت سوود لە ژمارەی دانیشتوان و پانتاییە جوگرافییەكەی وەربگرێت، جگە لەوەی هاوپەیمانی ستراتیژی گرنگی هەیەو چاوەڕوانیان لێدەكات بە هەموو شێوەیەك پشتی بگرن، نەك لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئێران، بەڵكو لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆیان.

ئەو چەند رۆژەی شەڕیش ئەوەی روونكردەوە، كە ئەوان، واتە هاوپەیمانەكانی ئێران لەژێرەوە زۆر بەهێمنی یارمەتییان دەداو سیاسەتێكی ئیسفەنجیان پیادە دەكرد، بۆئەوەی شەڕەكە بۆ ماوەیەكی تر درێژە بكێشێت، بەپێچەوانەی ئەمریكا، كە وەك وتەبێژی ئیسرائیل رەفتاری دەكرد ترامپ وەك باشترین ئەكتەر سەر شانۆكەی داگیركردبوو، تا كار گەیشتە ئەوەی لەدوا جاردا فڕۆكەكانی ئەمریكا راستەوخۆو بەئاشكرا بەشداری شەڕەكەیان كردوو بەوتەی خۆیان ژێرخانی دامودەزگا ئەتۆمیەكانی فۆردۆو نەتەنزو ئەسفەهانیان وێران كرد.

دوای ئەوە  بەپێچەوانەی پێشبینی زۆربەی شرۆڤەكاران، كە پێیان وابوو كۆتایی ئەم شەڕەش وەكو شەڕە كلاسیكییەكانی تر دەبێت لایەكیان ئاڵای سەركەوتن بەرز دەكاتەوەو لایەكەی تریش ئاڵای سپی و خۆی بەدەستەوە دەدات، بەڵام هیچ یەكێك لەمانە رووینەدا و سەركەوتوو و ژێركەوتوو دیار نەكرا، ئەمەش بەشێوەیەك لە شێوەكان ئەوە دەگەیەنێت تاوەكو ئێستا شەڕەكە بەكۆتا نەهاتووە، هاوشێوەی شەڕی ئێراق و ئێران، كە نزیكەی هەشت ساڵی خایاند، بەڵام هیچ لایەكیان سەركەوتوو نەبوون، هەرچەندە شەڕەكە راگیراو خومەینی پەرداخە ژەهرەكەی خواردەوە، بەڵام شەڕ بەكۆتا نەهات و دوای نەوەدەكان و بەتایبەتیش دوای رووخانی رژێمی ئێراق، ئێران وەك زلهێزیكی هەرێمی و وەك تۆڵەكردنەوەیك بەشێكی گەورەی ئێراقی لرف كرد و تا ئێستاش.

سەرباری ئەو گەلەكۆمەییەی رووبەڕووی دەبێتەوە، ئەو فەرمانڕەوای راستەقینەی ئێراقەو جلەوی دەسەڵات بەشێوەیەكی كردەیی لە بندەستی ئەودایە!
هۆكاری سەرەكی ئەو ئاگربەستە كت وپڕە، لەراستیدا لەلایەك كورتهێنانی زانیارییە جەنگییەكانی ئیسرائیل و شكستهێنانی پلانەكەیان بوو، وەك میدیا ئێرانییەكان بانگەشەی بۆ دەكەن، ئیسرائیل سەركەوتوو نەبوو لە لەناوبردنی ئەو 400 كەسەی، كە جلەوی هەموو كایەكانی ئێرانیان لەبەردەستدایە، ئەگەرچی ، واتە ئەوەی راگەیەنراوە نزیكەی 60 كەس لە زانایانی ئەتۆمی و بەرپرسی شوێنە هەستیاریەكانی دەسەڵاتی ئێرانیان لەناوبرد، بەڵام كۆی پلانەكە شكستی هێنا، لەلایەكی تر زانیارییەكانی ئیسرائیل دەربارەی توانا مووشەكییەكانی ئێرانیش شكستی هێنا، جا ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ناكارامەیی و كورتهێنانی مۆسادی ئیسرائیل، یاخود بۆئەوەی هاوپەیمانی ئێرانییەكان بۆ نمونە رووسەكان بەنهینی،  بەڵام راستەوخۆ هاوشێوەی ئەمریكییەكان  هاتنە ناو شەڕەكەوەو ئەو جۆرە مووشەكانەیان دایە ئێران، كە ئیسرائیل پێشبینی نەدەكرد، گەیشتنی مووشەكانی ئێران بەو چڕییە بۆ ناو پایتەختی ئیسرائیل زەبرێكی كوشندەی لە شانوشكۆی دەوڵەتی ئیسرائیل دا، لەبەرئەوەی ئەو وایدانابوو، كە بە ماوەیەكی كەم دەتوانێت شەڕەكە یەكلایی بكاتەوەو ئامانجەكانی خۆی بەدەست بینێت، چونكە ئیسرائیل توانای شەڕی درێژخایەنی نییە، بەتایبەتی لەگەڵ دەولەتێكی وەك ئێران، كە پانایی جوگرافیەكەی دەیان هیندەی ئیسرائیل و ژمارەی دانیشتوانیشی هەر بەراورد ناكرێت، ئەمە وا دەكات بە ئاسانی بتوانین گریمانی ئەوە بكەین، ئەگەر پەنجا مووشەكی ئیسرائیل بەر ئێران بكەوێت بەرامبەر یەك مووشەكی ئێران لە ئیسرائیل، هێشتا هاوكێشەكە لەبەرژەوەندی ئێران دەبێت و لەماوەیەكی درێژدا ئیسرائیل زیانێكی ئیجگار گەورەی بەردەكەوێت، كە هەرگیز بەرگەی ئەو زیانانە نەگرێت!

بۆیە ئەمریكا راستەوخۆ هاتە ناوشەڕەكەو هێزی لە بن نەهاتووی فڕۆكەی B2 خستە كار، بەڵام ئەمەش توانی بەشێك لەژێرخانی ئەتۆمی ئێران خاپوور بكات، بەڵام نەیتوانیوە پڕۆژەی ئەتۆمی ئێران لەناوبەرێت، دەبێت ئەوە بزانین لێدان لەژێرخانی ئەتۆمی جیایە لە لێدان لە چەكی ئەتۆمی، بە واتایەكی تر لە یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێرانی، كە جگە لەو وڵاتە خۆی كەس زانیاری وردی دەربارەی بڕوقەبارەكەی نییە، سەرباری ئەو چاودێڕیكردنە بەهێزەی لەلایەن ئاژانسى وزەى ئەتۆمى و دەزگا سیخوڕییە جیهانیەكان كراوە.

بۆیە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو یۆرانیۆمە بەشێوەیەكی ناتەندروست كارەساتی گەورەی مرۆیی لێدەكەوێتەوە، لەم روانگەیەوە دەتوانین لە دوو گۆشەوە شرۆڤە بۆ لێدانەكەی ئەمریكا بكەین:
- لەلایەك دەرفەتێكی بۆ ئیسرائیل رەخساند بۆئەوەی بەخۆیدا بچێتەوەو زیاتر خۆی ئامادە بكات، لەكاتێكدا ئەگەر ئەوەمانزانی بەردەوام كەشتییە جەنگییە زەبەلاحەكان و هێزە پاڵێوراوەكانی ئەمریكا روو لەناوچەكە دەكەن و بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێن.

- لەلایەكی تر ئێران ناچار بكات بێتە سەر مێزی دانوستان، واتە ئەوەی ئەمریكا لەرێگەی هێزەوە بۆی نەچووە سەر، لەرێگەی دیپلۆماسییەوە بەدەستی بینێت، كە ئەمەش لەگەڵ وڵاتێكی وەك ئێران، كە ئەزموونێكی گەورەو مێژووێكی درێژی دەوڵەتداری هەیە، كاریكی ئاسان نییە، رەنگ بێت دوا لێدوانی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بەئاسانی ئەو بۆچوونەمان بسەلمێنێت، كاتێك دەڵێت، پیناچێت ژیرخانی دەزگا ئەتۆمییەكانی ئێران زیانی گەورەی بەركەوتبێت، كەدیارە ئەمەش بەشێوەیەك لەشێوەكان ریگە خۆشكردنێكە بۆ دەستپێكردنەوەی جەولەیەكی تری شەڕ.

بەڵام بۆچی ئێران ئەو ئاگربەستەی قبووڵ كرد؟ دیارە ئێرانیش پێویستی بەكات هەیە بۆ بەخۆداچوونەوەو قووتدانی ئەو لیدانە كت و پڕە. بەو پێودانگە دەبێت ئێمە چاوەڕێی جەولەیەكی تر شەڕ بكەین، كە ئامانجەكانی تیادا بێتە دی، نەك وەك جەولەی یەكەم، رێگە بۆ هێنانەدی ئامانجەكان خۆشبكات، ئەمەش ئەوە رووندەكاتەوە، كە جەولەی دووەم زۆر توندترو سەختتر دەبێت لە جەولەی یەكەم، ئەگەر پەڕینەوەو تەشەنەكردن و بڵاوبوونەوەشی زۆر زیاتر بێت، ئەگەر جەولەی یەكەم بۆ ماوەیەكی كەم پەڕییەوە قەتەرو راستەوخۆ سنوورێكی بۆ دانرا، ئەوە لە جەولەی دووەمدا گریمانەی بەهێزی ئەوەی بۆ دەكرێت،  جگە لە هەندێك دەوڵەتی كەنداو، ئێراق بەربژێكی زۆر بەهێز دەبێت بۆئەوەی ببێتە گۆڕەپانێكی تری ئەو شەڕە.

ماویەتی

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار