کەشناسیی عێراق: لە هەفتەی داهاتووەوە پلەی گەرما دابەزێت

4 كاتژمێر لەمەوپێش
بەڕێوەبەرایەتى کەشناسیی عێراق ڕایدەگەیەنێت ئەمڕۆ و سبەى پلەی گەرما لە ناوچەکانی باشوور بەرزدەبێت و لە ناوچەکانی ناوەڕاست و هەرێمی کوردستانیش کەمێک دادەبەزن.
پێشبینی دەکرێت پلەی گەرمای سبەینێ لە هەرێمی کوردستان 45 پلە بەرزتر نەبێت و کۆتایی هەفتە ئەم شەپۆلی گەرمایە کۆتایی دێت.
ئەمڕۆ دووشەممە عامر جابری، وتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق ڕاگەیاند، "ئەمڕۆ لە سەماوە، دیوانییە و ناسرییە پلەی گەرما دەگاتە 50 پلە، بەڵام لە پارێزگاکانی دیکە 49 و کەمتریش دەبێت."
بەپێى پێشبینى کەشناسیی عێراق لە 15 پارێزگای عێراق پلەی گەرما لە سەروو 45 پلەی سیلیزییەوە دەبێت، ئەگەر هەیە نمەباران لە ناوچە شاخاوییەکانی باکووری بەسرە و رۆژهەڵاتی میسان ببارێت. پلەی گەرمای سێ لەو پارێزگایانەش دەگاتە 50 پلەی سیلیزی
ئەو شەپۆلی گەرمایەی عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، چەندین هەفتەیە بەردەوامە. عامر جابری گوتی، "شەپۆلی گەرمای ئەم جارە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت."
عامر جابری گوتیشی، "لە رۆژانی داهاتووشدا پلەی گەرما وەکو ئەمڕۆ دەبێت و گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ روونادات، بەڵام لە هەفتەی داهاتووەوە پلەی گەرما دابەزێت."
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، پلەی گەرمای سبەی سێشەممە بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر؛ 44 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 41 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 42 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 45 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 43 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 42 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 40 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 31 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 44 پلەی سیلیزی

