دواین زانیارى لەبارەى کێشەى موچەو هەناردەى نەوتەوە بزانە

3 كاتژمێر لەمەوپێش
بۆ ناردنی مووچەی مانگی حوزەیران، حکومەتی فیدراڵی چاوەڕێی رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانە، ئەو رادەستکردنەش لەلایەن هەولێرەوە پەیوەستە بە ناوەڕۆکی راپۆرتێک، کە بڕیارە وەزارەتی دارایی فیدراڵی ئامادەی بکات.
هەردوو حکومەتی کوردستان و عێراق بەردەوامن لە گفتوگۆکردن بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی نێوانیان لەبارەی مووچە، بودجە، هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتی ناوخۆ، بەو ئامانجەی لیژنە هاوبەشەکان ڕاپۆرتەکانیان تەواو بکەن بۆ کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.
شاندێک بۆ مووچە لە بەغدایە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو دوو کێشە چارەسەر بکرێن، ئینجا بڕیار لە ناردنی مووچەی مانگی شەش بدرێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: ئێستا شاندێکی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان گفتوگۆ لەبارەی مووچە و پرسە هەڵپەسێردراوەکانی دیکە دەکەن، شاندەکە تەکنیکی و هی وەزارەتی دارایی و ئابووری نییە، بەڵکو شاندی حکومەتی کوردستانە.
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان نزیکبووەتەوە لە چارەسەر. بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دوو کێشەی نێوان کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و حکومەتی عێراق چارەسەر بکرێن، ناکۆکی لەبارەی 16 دۆلارەکەی تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت.
هەروەها قەرزی کۆمپانیاکان کە بڕەکەی نزیکەی یەک ملیار دۆلارە، شایستەی دارایی ساڵانی ڕابردووی کۆمپانیاکانە و تاوەکو ئێستا بۆیان خەرج نەکراوە، لیستی مووچەی مانگی حەوت ڕادەستی بەغدا کراوە و دەست بە وردبینیکردن کراوە و تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی عێڕاق هیچ تێبینییەکی نەبووە.
لێکتێگەیشتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا کە 17ی تەممووز لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسند کرا، باس لەوە دەکات کە تیمێکی کاری هاوبەش لە وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی دارایی هەولێر و بەغدا دروست بکرێت، بە مەبەستی پۆلێنکردن و وردبینیکردنی داهاتە نانەوتییەکان و دیاریکردنی پشکی حکومەتی فیدراڵی لەو داهاتانە.
ئەو راپۆرتەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی ئامادەی دەکات، لەسەر بنەمای کۆبوونەوەی نێوان ئەو تیمانە و پێشنیازەکانیان دەبێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پرسە راگەیاند، "هەرێمی کوردستان پێشنیازی کردووە مانگانە 100 ملیار دینار یان کەمتر دیاری بکرێت وەک داهاتی نانەوتی، کە لە مانگی ئایاردا 120 ملیار دینار بوو، چاوەڕێی ئەوە دەکات بزانێت ئەو پێشنیازانەی لەو راپۆرتەی وەزارەتی دارایی فیدراڵیدا جێبەجێ دەکرێت یان نا."
بەگوێرەی زانیارییەکان، ناوەڕۆکی ئەو راپۆرتەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی، رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان یەکلا دەکاتەوە؛ بەوپێیەی هەرێمی کوردستان نایەوێت ئێستا نەوت رادەست بکات، تێبینییەکانی جێبەجێ نەکرێت و دواتر ناچار بێت رادەستکردنی نەوت رابگرێت.
پێشنیازی سەرۆکی تیمی هەرێمی کوردستان لەو تیمە هاوبەشەدا ئەوە بووە کە رادەستکردنی داهاتی نانەوتی بەگوێرەی یاسای کارگێریی دارایی بێت، کە 50%ی داهاتی فەرمانگە فیدراڵییەکانە، بەوپێیە بڕەکەی کەمتر دەبێت لەو 120 ملیارەی بەغدا بۆ مانگەکانی ئایار و حوزەیران دیاری کردووە.
