بەرەی گەل داوایەك ئاڕاستەی سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ دەكات

4 كاتژمێر لەمەوپێش
هاوڵاتى:
بەرەی گەل داوا لە سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەكات، هەوڵی خۆیان بدەن بۆ دیاریكردنی چارەنوسی بێسەروشوێنانی شەڕەكەی لالەزار.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەرەی گەل، ئەمڕۆ دوشەممە، شادمان مەلا حەسەن، سەرکردە لە بەرەی گەل سەردانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستانی کردو لەلایەن مونا یاقو، سەرۆکی دەستە و هاوکارانی پێشوازی لێكرا.
لە کۆبونەوەکەدا باس لە ڕەوشی گیراوان و بێسەروشوێنانی شەڕەکەی لالەزار كراوەو وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، شادمان مەلا حەسەن داوای لە سەرۆکی دەستە کرد هەوڵی بەردەوامی خۆیان بدەن بۆ دیاریکردنی چارەنوسی بێسەروشوێنان و باشکردنی ڕەوشی گیراوەکان و دادگاییکردنیان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا پەیامێك ئاراستەی کەسوکاری گیراوان ئەوانەی تاکو ئێستا چارەنوسیان نادیارە، كراوە كە پەیوەندی بە ناوەندەکانی دەستەی مافی مرۆڤ بکەن بۆ دیاریکردنی چارەنوسیان.
لەلایەکى دیکەوە هەر ئەمڕۆ تیمی پارێزەرانی لە ئاسایشی سلێمانی لاهور شێخ جەنگیان بینیوە، بەڵام تا ئێستا كەسوكارو خوشك و براو خێزانەكەی نەیان بینیوە، بڕیارە هاوسەرەكەی بیبینێت.
ماوەی (10) رۆژ بەسەر دەستگیركردنی لاهور شێخ جەنگی گرتنی لالەزاردا تێپەڕ دەبێت، ئەمڕۆ بۆ یەكەمجار تیمی پارێزەرانی، كە لە چوار پارێزەر پێكهاتوون لاهور شێخ جەنگیان بینی، ئیفادەی لێوەرگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی تەواو بوووە.
بە پێی بەدواداچوونەكان ئەمڕۆ هەریەك لە هیوا شێخ جەنگی و ئاواز شێخ جەنگی خوشك وبرای لاهور شێخ جەنگی رێگەیان پێنەدراوە لاهور شێخ جەنگی ببینن، تا ئێستا هاوسەرەكەشی نەیتوانی لاهور شێخ جەنگی ببینێت، هەرچەندە بە تەلەفۆن قسەی لەگةڵ كردووەو لەدەرەوەی وڵات گەڕاوەتەوە سلێمانی و بڕیارە بەم زووانە رێگەی پێبدرێت بیبینێت.
