دواى زیاتر لەمانگێک ئەنجوومەنی وەزیرانى هەرێم کۆدەبێتەوە

9 كاتژمێر لەمەوپێش
زیاتر لەمانگێکە ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان هیچ کۆبوونەوەیەکى نەکردوە بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 03ـی ئەیلوولی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە و دوو بڕگە تاوتوێ دەکات.
بڕگەی یەکەم:
خستنەڕووی ڕێڕەوی گفتوگۆکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لەبەر ڕۆشنایی کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان شاندی دانوستانکار و لیژنە هاوبەشەکانی هەردوولا دەربارەی دۆسیەی داهاتە نەوتییەکان و دۆسیەیی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و لەیەکتر گەیشتن و کۆنووسی هاوبەشی لیژنەکان.
بڕگەی دووەم:
خستنەڕووی پێشنیاری وەزارەتی ناوخۆ بە نووسراویان ژمارە 8441 لە 16-03-2025، سەبارەت بە پێداویستییەکانی جێبەجێکردنی سیستەمی نوێی دەرھێنانی مۆڵەتی شۆفێری لە بەڕێوبەرایەتییەکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان و پێداچوونەوە بە خشتەی هاوپێچی بڕیاری پێشوووی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 79 لە 03-02-2016، ئە م بابەتە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری بە نووسراویان ژمارە 3954 لە 12-05-2025 پشتگیری کراوە.
