کێشەى وەڵامدانەوەى تاقیکردنەوە بەزمانى کوردى هێشتا چارەسەر نەکراوە
.jpg)
3 كاتژمێر لەمەوپێش
دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، هێشتا ئەو کێشەیە چارەسەر نەکراوە کە خوێندکاران و قوتابییانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بۆیان دروستکراوە، بەوەی رێگەیان پێنادرێت لە تاقیکردنەوەکاندا بە زمانی کوردی وەڵام بدەنەوە.
دەقی راگەیێندراوی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان:
دوای دەرچوونی نوسراوی ژمارە (٨٢٩٨) لە (١٦-٧-٢٠٢٥) ی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق کە ڕێگری ئەکات لە وەڵامدانەوەی خوێندکاران و قوتابیان بەزمانی کوردی لە تاقیکردنەوەکان، ئەوکات و دوای هەوڵەکان وەها ڕاگەیەندرا کە کێشەکە چارەسەرکراوە، بەڵام بەداخەوە ئەو کێشەیە کە خەرقێکی ڕوونی مادە چواری دەستوری عێراقە، هێشتا چارەسەر نەکراوەو ڕێگرێکان وەک خۆیان ماون، بەتایبەتی بۆ خوێندکارانی بەشی یاساو ئەو وانانەی کە تاقیکردنەوەی وەزارین، بۆیە ئێمە لەدەستەی ناوچە کوردستانیەکان بەردەوام لە هەوڵداین بۆ ئەوەی مادە چواری دەستور و کێشەی قوتابیانمان چارەسەر بکرێت و ئاریشەکانی بەردەم زمانی کوردی وەک دووەم گەورەترین زمانی بەکارهاتوو لاببرێن.
لە هەمان کاتدا داواکارین لە کاربەدەستە بەڕێزەکانمان لە بەغداد هەوڵەکانیان چڕبکەنەوەو بۆ ئەوەی دەرفەت بدرێت خوێندکاران بەزمانی شیرینی دایک وەڵام بدەنەوەو وەرگێڕی پێویستیش بۆ ڕوونکردنەوەوی وانەکان دابین بکرێت.
ئێمە لەکاتی دەرچوونی بڕیارەکەدا وەک دەستەی ناوچە کوردستانیەکان ڕامانگەیاند بڕیار پێویستە بەبڕیار هەڵبوەشێتەوە نەک بە گفتوگۆی زارەکی، عێراق و دەستورەکەی موڵکی گەلانی عێراقەو لەم چوارچێوەیەشدا مافی ڕەوای خەڵکی کوردستانە شەڕی زەوتکردنی مافە دەستورێکانی لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکاندا ئەنجامبدات، بێگومان لە بەردەوامی ئەم کێشەیەو پابەند نەبوون بە مادە چواری دەستور و پێشەلکردنی ڕێگای دادگای فیدڕاڵی ئەگرینە بەر.
دەستەی گشتی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم
