بارزانی بەبۆنەی یادی مەولوود: ئەو بۆنە پیرۆزە ببێتە هۆی كۆتاییهاتنی شەڕ

2 كاتژمێر لەمەوپێش
مەسعود بارزانی بەبۆنەی هاتنەوەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام محەممەد (د.خ) لەسەر بێت پیرۆزبایی لە سەرجەم موسڵمانانی جیهان دەکات.
رۆژی چوارشەممە، مەسعود بارزانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "بە بۆنەی هاتنەوەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری مەزن حەزرەتی محەمەد (درودی خوای لەسەر بێت) و جەژنی مەولود گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم موسڵمانانی کوردستان، عێراق و هەموو جیهان دەکەم."
بارزانی دەشڵێت، "لەخودای گەورە دەپاڕێینەوە لەم بۆنە پیرۆزەدا دەرگەی میهرەبانی و بەرەکەتی خۆی بۆ گەلی کوردستان و سەرجەم گەلانی ناوچەکە بکاتەوە و ئەو بۆنە پیرۆزە ببێتە هۆی كۆتاییهاتنی شەڕ، مەینەتی و ئازاری میللەتان و ئاشتی، دادپەروەری و پێكەوەژیان باڵ بەسەر ناوچەكەمان و هەموو جیهاندا بكێشێت."
بەپێی رۆژژمێری کۆچی، 12ـی رەبیعی ئەوەلی هەموو ساڵێک بەبڕوای بەشێکی زۆر لە زانایان ئەو رۆژەیە کە پێغەمبەری ئیسلامی تێدا لەدایکبووە، بۆیە ئەو رۆژە لەلای موسڵمانان رۆژێکی پیرۆزە و لە هەرێمی کوردستانیش ساڵانە بە شێوازی جیاواز یادی دەکرێتەوە.
