سەنتەرى میترۆ: هەڵكوتانە سەر ئۆفیسی رێكخراوی ناوخۆیی و بیانی سەركۆنە دەكەین

11 كاتژمێر لەمەوپێش
سلێمانی، 7ی ئەیلولی 2025: سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت هێرشی چەكداران بۆ سەر نووسینگەی ڕێكخراوە ناوخۆیی و بیانییەكان پێشێلكاری ڕوونی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیە، مەترسی ئەوەشی هەیە هەرێمی كوردستان بكاتە شوێنێكی نائارام بۆ كاری رێكخراوی بیانی.
ئۆفیسی پایا، دەكەوێتە گەرەكی سەرچناری شاری سلێمانی، نزیكە لە ماڵی سەرۆكی بەرەی گەل لاهور شێخ جەنگی و هۆتێل لالەزار، چەند رێكخراوێكی كەلتوری و ژینگەیی ورێكخراوێكی نێودەوڵەتی لەو تەلارە ئۆفیسییان هەیە، وەك رێكخراوی بەهرەدار بۆ پەرەپێدانی گەنجان، پایا ئەیجنسی، ئارت پلەس، پارێزەرانی ئاوی عێراق و كوردستان، ڕێكخراوی UPP.
ڕێكخراوی UPP كە بە Un Ponte Per (پردێك بۆ) ناسراوە، ڕێكخراوێكی قازانج نەویستی سەربەخۆی ئیتاڵییە،كاردەكات بۆ دروستكردنی پردی ئاشتی و بەهێزكردنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە ناوچە جێناكۆكەكانی وەك عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا، لە ڕێگەی پڕۆژەی گەشەپێدانی كۆمەڵگا، گەنجان، بەهێزكردنی ژنان، و پاڵپشتیكردنی پەنابەران.
بە پێ چەند سەرچاوەیەك بۆ سەنتەری میترۆ كە نەیانوویست ناویان بڵاوبكرێتەوە، بەرەبەیانی هەینی 22ی ئابی 2025، لەكاتی شەڕە خوێناوییەكەی لالەزار لە گردی سەرچناری شاری سلێمانی، هێزی چەكدار هەڵیانكوتاوەتە سەر ئەو تەلارە كە ئۆفیسی ئەو رێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیانەی تێدایە.
ئەمڕۆ زانیمان هێزەكە سەرجەم كەرەستەی ناو ئۆفیسی رێكخراوەكانی بردووە، لەوانەش: قاسەی پارە بەوەی لەناویدا بوە كە پارەی پرۆژەكان بووە، چوار پرینتەری رەنگاورەنگ و رەش و سپی، تەلەفونی سەتەلایتی سورەیا، چەند سێتیێكی كۆمپیوتەر، نۆ لاپتۆپی جۆراو جۆر، سێتی داتاشۆ، سێ سێتی كامێرای سۆنی و كانون، ئامێری مای فای ئاسیا سیل و فاست لینك و ئای كیو، ئامێری ژماردنی پارە، چەند شاشەیەكی تیڤی، پاسۆرتی كارمەند، چەند هیدفۆنێك، سپیكەر، مۆبایل، و چەندین یوپی ئێس، تا دەگاتە كەرەستەی زۆر زۆر سادەییش وەك: فلچەی ددان شتن و ئامێری ریشتاشیینی كارمەندان.
لە رێكخراوی تر مەكینەی خەیاتی، مەكینەی ئۆڤەرو نەخش و ئوتوو درێل و گسكی كارەباو و جزدان بە پارەوە و جانتاشیان بردوون.
سەنتەری میترۆ، لەگەڵ بیستنی هەواڵەكە دەستی بە پەیوەندییەكانی كرد، لەگەڵ ئەوەی زانیارییەكان پشتڕاستدەكرێنەوە، بەڵام توشی سەرسوڕمان بوو لەوەی كەس ئامادە نییە بەناوی خۆی و رێكخراوەكەی لێدوان بدات، نزیكەی دوو هەفتەیە بێدەنگن.
هێرش بۆ سەر ئەو باڵەخانەیەی كە ئۆفیسی چەند رێكخراوێكی ناوخۆی و بیانی لەخۆ دەگرێت، زەوتكردنی كەرەستەكانی و بردنی بۆ شوێنی نادیار، هیچ بنەمای یاسایی نییەو پێشێلكاری ڕوونی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیە و ڕێگری لە كاری ئەو ڕێكخراوانە دەكات بۆ ئەنجامدانی كارەكانیان، مەترسی ئەوەشی هەیە هەرێمی كوردستان بخاتە زۆنی سور بۆ كاری رێكخراوی بیانی.
میترۆ ئاگادارە لەوەی ئەو رێكخراوانە هیچ پەیوەندییەكیان بە ململانێی سیاسی و چەكداریی ئەم دواییە نییە، تا تا بكرێتە پاساو بەو شێوەیە دەستبگرن بەسەر كەلوپەلی ئەو رێكخراوانە، داوا دەكات داوای لێبوردنیان لێبكرێت و قەرەبووی زیانەكانیان بكرێتەوە.
پێویستە هەموو لایەنەكان ئۆفیسی ڕێكخراوە ناوخۆیی و بیانییەكان بپارێزن داوا لە دامەزراوە میدیا سەربەخۆكان دەكەین پەردە لەسەر ئەم پێشێلكاریانە هەڵماڵن بە زانیاری زیاتر رای گشتی لێ ئاگاداربكەنەوە.
لەبارەی سەنتەری میترۆوە:
سەنتەری میترۆ لە ئابی 2009 بە هەوڵی كۆمەڵێك رۆژنامەنووس و بەرگریكاری مافی مرۆڤەوە، بە هاوكاری رێكخراوی پەیمانگای رۆژنامەنووسانی جەنگ و ئاشتی IWPR ی ئەمریكی دامەزاروە، لەو كاتەوە 14 راپۆرتی ساڵانەی دەربارەی رەوشی ئازادی رۆژنامەگەری بڵاوكردۆتەوە، لەسەرەتای دامەزراندنیەوە هەریەك لە رێكخراوەكانی (IWPR) و رێكخراوی گەلی نەرویژی (NPA) و پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی (IMS)، Gulf Center for Human Rights، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، Intenews، رێكخراوی IRI ، لە رێگەی پرۆژەوە پاڵپشتییان كردووە.

