سەرچاوەیەک: ئەم هەفتە موچەی مانگی حەوت خەرجدەکرێت

12 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق راگەیاند، "ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی 7ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت، هیچ بەربەستێک لەبەردەم ناردنی مووچە نییە."
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کرد، بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران ئاراستەی وەزارەتی دارایی کراوە، فەرمان بە وەزارەتی دارایی کراوە مووچەی مانگی 7ی هەرێمی کوردستان خەرج بکات.
دوای هەناردەکردنەوەی نەوت و ناردنی 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی، ئێستا کە هەردووکی کراوە، بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، "هیچ بەربەستێک لەبەردەم ناردنی مووچە نەماوە و ئەم هەفتەیە مووچە خەرج دەرێت."
ئەمڕۆ یەکشەممە دوای دوو ساڵ و نیو و دوای ڕێککەوتنی سێقۆڵیی نێوان هەولێر- کۆمپانیاکانی نەوت- بەغدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەستیپێکردووە، بەم هەنگاوەش یەکێک لە بەربەستەکانی بەردەم نەناردنی مووچە هەڵگیرا.
لەلایەکى دیکەوە، ئەمڕۆ شەممە 27-9-2025 شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان داهاتی فیدراڵی زیاد دەکات و ئەو بیانویەیان نامێنێت بلێن یەک تریلیۆن بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرین و هەرێمی کوردستان هیچمان ڕادەست ناکات.
- نەوت ئێستا لەلایەن سۆمۆ دەفرۆشرێت و دەبێتە بەشێک لە داهاتی فیدراڵی، لە بەرامبەردا مووچەی فەرمانبەران دەدرێت.
هاوکات جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق خۆشحاڵی خۆی بە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان نیشاندا و گوتی، "ئەمەش[هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان] زۆر گرنگە چونکە جارێکی دیکە هەرێمی کوردستان دەچێتەوە ناو هاوکێشەی نەوت لە جیهان".

