دەرنەكردنی رێمنایی 12 ساڵە یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری پەكخستووە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



سەنتەری میترۆ و تۆڕی هاوپەیمانی19، داوا دەكەن حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان بەپێی مادەی (25) لە یاسای ژمارە(11)ی ساڵی 2013 یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری، بەهەمئاهەنگی لەگەڵ دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ رێنمایی پێویست بۆ ئاسان جێبەجێكردنی یاساكە دەربكات، رێز لەم مافە بنەڕەتییە بگرێت كە پەیوەستە بە ئازادی ڕادەربڕینەوە.

ئەمساڵ 2025 یونسكۆ لە ڕۆژی جیهانی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری ، تیشك دەخاتە سەر ڕۆڵی گرینگی زانیاری ژینگەیی لە سەردەمی دیجیتاڵیدا. پەیامی یونسكۆ بۆ ئەمساڵ ئەم تەوەرە لە چوارچێوەیەكی فراوانتری حوكمڕانی شەفاف و گەشەپێدانی بەردەوامدا بەهێزتر دەكات.

لە چالاكی سەرەكی ئەمساڵدا یونسكۆ و حكومەتی فلیپین میوانداری، كۆنفرانسی جیهانی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری گشتگیر لە رۆژانی 29 بۆ 30 ئەم مانگە لە مانێلی پایتەخت دەكەن.

سەنتەری میترۆ و تۆڕی هاوپەیمانی19 رایدەگەیەنن دەستڕاگەیشتن بە زانیاری بەردی بناغەی كۆمەڵگای دێمۆكراسی و مافێكی بنەڕەتی مرۆڤە كە پەیوەستە بە ئازادی ڕادەربڕینەوە.

داوا دەكەن حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان بپێی مادەی (25) لە یاسای ژمارە(11)ی ساڵی 2013 یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری، بەهەمئاهەنگی لەگەڵ دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ رێنمایی پێویست بۆ ئاسان جێبەجێكردنی یاساكە دەربكات، رێز لەم مافە بنەڕەتییە بگرێت كە پەیوەستە بە ئازادی ڕادەربڕینەوە.

بەهۆی شاردنەوەی زانیاری هەستیار و گرنگ لەهاوڵاتیان و میدیاكاران لە تێوەگلانی بەرپرسانی حكومی و حزبی لە دەستدرێژی بۆ سەر سامان و موڵكی گشتی، نەتوانراوە بەشداری چالاكانە بكرێت لەئاشكراكردنی دۆسیە زۆرو زەوەندەكانی گەندەڵكاران.

دواش لە میدیاكاران و دامەزراوەكانیان دەكەین مامەڵە پیشەیی و راستگۆیی لە مامەڵەكردن لەگەڵ هەواڵ بکەن ، چونکە گرنگیان كەمتر نیین لە پێدانی زانیارییەكان، دەبێت راستگۆ بن لە گواستنەوەی زانیاری بۆ هاوڵاتیان، دوربن لە یاریكردن بە زانیاری و نەكەونە داوی هەواڵی درۆ و چەواشەكار. رێز لە هاوڵاتیان و پیشەكەیان، رێز بەها بەرزەكانی رەوشتی پیشەیی بگرن.

مافی زانیاری لەبەندی 19ی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ، لە ماددەی 19ی پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافە مەدەنی و سیاسییەكان دیاریكراوە هاوكات ماددەی 10 لە رێكەوتننامەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئاماژەی پێكراوە.

‎هەرێمی كورستانیش لە مادەی (25) لە یاسای ژمارە(11)ی ساڵی 2013 یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری لەهەرێمی كوردستان، تێیدا ئاماژە بۆ ئەوەكراوە پێویستە لەسەر ئەنجومەنی وەزیران بەهەمئاهەنگی لەگەڵ دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ رێنمایی پێویست بۆ ئاسان جێبەجێكردنی حوكمەكانی ئەم یاسایە دەربكات.

پاش 12 ساڵ لە دەركردنی یاساكە لە (8ی ئابی 2023 )، لە كابینەی 9 دا بڕیاردراوە لیژنەیەكی هاوبەش لە نێوان حكومەت و دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ بۆ ئامادەكردنی ڕەشنووسی ڕێنماییی یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری پێكبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار