بۆ تاوتوێکردنى بارودۆخى دارایی ئەنجومەنى وەزیران کۆدەبێتەوە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و تاوتوێی بارودۆخى دارایی هەرێمى کوردستان و خەرجیی و داهاتە نانەوتییەکان و بەشى گەنجینەى فیدڕاڵى لەو داهاتانە دەکات.

بەگوێرەی کارنامەى کۆبوونەوەی ئەنجوومەنى وەزیران ، کۆبوونەوەکە لە کاتژمێر 10ی پێشنیوەڕۆ  لەهۆڵى سەعد عەبدوڵا دەکرێت و سێ تەوەر تاوتوێ دەکرێت.

لە بڕگەى یەکەمدا، بارودۆخى دارایی نوێى هەرێمى کوردستان و خەرجییەکان لەدواى جێبەجێکردنى رێککەوتنى سێقۆڵى هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان  تاوتوێدەکرێت و هەروەها بابەتى پۆلێنکردنى داهاتە نانەوتییەکان و دەستنیشانکردنى بەشى گەنجینەى فیدڕاڵى و خستنەڕووى رەشنووسى بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.

لە برگەی دووەم و سێیەمی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لە بارەی هەڵوەشانەوەی چەند بڕیارێکی پێشووتری ئەنجوومەنەکە و رێبەری سەلامەتی دەکرێت کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دەرکراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەگوێرەى لێکتێگەیشتنى هەولێرو بەغداد، کە لە 17ـى تەمموز پەسەندکرا، تا یەکلاکردنەوەى پرسى داهاتى نانەوتى ، هەرێمى کوردستان مانگانە 120 ملیار دینار بەکاش دەداتە بەغداد.

حکومەتى هەرێمى کوردستان، بۆ مانگەکانى ئایارو حوزەیران و تەمموز، بڕى 360 ملیار دینارى وەک داهاتى نانەوتى ئەو سێ مانگە بەکاش رەوانەى بەغداد کردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار