پێکهاته‌ى حکومه‌تى ئاینده‌ى هه‌رێم چۆن و به‌چ ئاڕاسته‌یه‌ک بێت؟

6 ساڵ لەمەوپێش



• کابینه‌ى داهاتووى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌بێته‌ نۆیه‌م کابینه‌، ئه‌م کابینه‌یه‌ له‌دواى لێکترازان و دڕدۆنگیه‌کى زۆرو گه‌وره‌ى نێوان سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانى کوردستان دێته‌ئاراوه‌، له‌هه‌لومه‌جێکى سه‌ختى سیاسى و ئابورى و کۆمه‌ڵایه‌تى و ته‌نانه‌ت ئه‌منیشدا له‌دایک ده‌بێت، حکومه‌تێک که‌ چاوه‌ڕوانى زۆرى لێده‌کرێت، حکومه‌تێک هه‌موان له‌ژێره‌وه‌ حه‌زده‌که‌ن تیایدا به‌شداربن و به‌ئاشکراش لێره‌وله‌وێ ڕه‌تیده‌که‌نه‌وه‌.حکومه‌تێک له‌که‌شوهه‌وایه‌کى لێکترازاوو دوور له‌سازانى نیشتیمانى دێته‌ دونیاوه‌، حکومه‌تێک ده‌که‌وێت به‌سه‌ر ناجێگیرى سیاسى و قه‌یرانى پێنج ساڵه‌ى توندى دارایى و ئابورى و شڵه‌ژاوى نێو بازاڕه‌کانى نه‌وتى دونیا و هه‌ڵبه‌زو دابه‌زى نرخى نه‌وت که‌هه‌موان هه‌موو خه‌ونه‌کانیان له‌سه‌ر هه‌ڵچنیوه‌ بۆ به‌رزبونه‌وه‌ و ڕزگاربوون له‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ سه‌خته‌، حکومه‌تێک ده‌که‌وێت به‌سه‌ر گێژاوى سیاسى نێوان وڵاتانى ناوچه‌که‌ و زلهێزه‌کان به‌تایبه‌تیش ئه‌مریکا و ئێران که‌گومانى تێدانیه‌ هه‌رێمى کوردستان و حکومه‌تى ئاینده‌ش پڕیشکى ئه‌و ململانێ و گه‌مارۆو جه‌نگه‌یان به‌رده‌که‌وێت که‌م تازۆر.حکومه‌تێک  ده‌که‌وێت به‌سه‌ر شڵه‌ژاوى ئاشتى کۆمه‌ڵایه‌تى نێوان چین و توێژو شارو ناوچه‌کانى کوردستاندا،حکومه‌تێک که‌ڕووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ حکومه‌ت و کابینه‌ى پێنجه‌مى حکومه‌تى عێراقیدا له‌به‌غدادو به‌هه‌مان شێوه‌ى کابینه‌کانى ترى به‌غدادو هه‌ولێر ده‌بنه‌ میراتگرى کێشه‌ که‌ڵه‌که‌بوه‌کانى 15 ساڵى ڕابردوو. 
• جا حکومه‌ت و کابینه‌ى نوێى هه‌رێمى کوردستان له‌م سات و کاته‌ هه‌ستیار و ناسک و پڕ مه‌ترسیداره‌دا بێته‌ له‌دایکبوون، ئه‌دى چى لێ چاوه‌ڕوان ده‌کرێت ؟ ده‌توانێت چى کارێک و خزمه‌تێک پێشکه‌ش بکات؟ چۆن حکومه‌تێک بێت؟ حکومه‌تى دڵڕازیکردنى هه‌موان و پێکه‌وه‌یى بێت ؟ یان حکومه‌تى خزمه‌تگوزارى و بوژانه‌وه‌ى ئابورى و سه‌قامگیرى سیاسى و پارێزه‌رى ئاشتى و ئارامى کۆمه‌ڵایه‌تى بێت؟ چ جۆره‌ حکومه‌تێک ده‌توانێت له‌ئاست خه‌ون و ویسته‌کانى جه‌ماوه‌ردا بێت؟
• به‌دڵنیایى دۆخى سیاسى و ئابورى و کۆمه‌ڵایه‌تى و ئه‌منى هه‌رێمى کوردستان به‌تایبه‌تى و عێراق و ناوچه‌که‌ش به‌گشتى له‌دۆخێکى ناجێگیر و شڵه‌ژاودایه‌و ئه‌گه‌رو گریمانه‌ى زۆر خراپیشى لێده‌کرێت بۆ هه‌موان به‌تایبه‌تى به‌هۆى به‌رده‌وامبوونى جه‌نگى سوریاو مه‌ترسى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش له‌ عێراق و ململانێ تونده‌کانى نێوان ئه‌مریکا و ئێران و توندکردنه‌وه‌ى گه‌مارۆ ئابوریه‌کان به‌سه‌ر ئێراندا و زۆرى تریش. بۆیه‌  ئه‌و حکومه‌ته‌ زۆرینه‌ بێت یان که‌مینه‌، بنکه‌ فراوان بێت یان دووقۆڵى بێت ، ئه‌وا وه‌کو ساڵانى ڕابووردوو ناتوانرێت کارى گه‌وره‌ى لێ چاوه‌ڕوان بکرێت، چونکه‌ له‌سایه‌ى ئه‌و هه‌موو ئاڵنگارى و مه‌ترسیانه‌دا ده‌کرێت هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بکات که‌ کابینه‌کانى تر کردویانه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ماناى وانیه‌ که‌هه‌ر له‌ئێستاوه‌ بێئومێد ببین و ڕه‌شبین بین و تونێڵه‌که‌ له‌سه‌رخۆمان دابخه‌ین، به‌ڵکو کابینه‌ى داهاتو ده‌توانێت گه‌لێک کارى گه‌وره‌ بکات بۆئه‌وه‌ى بتوانێت خزمه‌تى گه‌وره‌ و به‌رچاو پێشکه‌ش بکات، وه‌ک :
1-هه‌وڵبدات داهات و خه‌رجیه‌کانى به‌باشى کۆنتڕڵ بکات و بیگه‌ڕێنێته‌وه‌ گه‌نجینه‌ى حکومه‌ت.
2-سیاسه‌تى نه‌وتى هه‌ڵه‌ى چه‌ندساڵى ڕابردوو ڕاستبکاته‌وه‌و به‌شه‌فافانه‌ بیبات به‌ڕێوه‌.
3-بگه‌ڕێت به‌دواى دۆزینه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌ى داهاتى تر بۆ حکومه‌تى هه‌رێم.
4-یاسا سه‌روه‌ر بکات و ڕێگه‌ به‌هیچ جۆره‌ زیاده‌ڕه‌ویه‌ک نه‌درێت بۆ سه‌ر موڵک و ماڵى گشتى و حکومه‌ت و شکۆو هێزى حکومه‌ت پیشان هه‌موان بداته‌وه‌ به‌بێ جیاوازى.
5-هه‌ڵمه‌تێکى جدى دژى گه‌نده‌ڵى به‌رپابکات له‌سه‌ر هه‌موو ئاست و ئۆرگان و ناوچه‌کاندا.
6-ڕێز له‌یاساو ڕێساکانى په‌رله‌مانى ئاینده‌ بگرێت .
7-په‌یوه‌ندیه‌کانى له‌گه‌ڵ به‌غداد گه‌رموگوڕتر بکاته‌وه‌و سه‌رجه‌م کێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌کان له‌چوارچێوه‌ى ده‌ستورى عێراقیدا چاره‌سه‌ر بکه‌ن وه‌ک کێشه‌ى ناوچه‌ دابڕێنراوه‌کان و ماده‌ى 140ى ده‌ستورو هێزى پێشمه‌رگه‌ و پشکى هه‌رێم له‌بودجه‌ى عێراق و سنور و ده‌سه‌ڵاته‌کانى هه‌ردوولا و مه‌سه‌له‌ى نه‌وت و غازى سروشتى و ..هتد.
-٨په‌یوه‌ندیه‌کى دۆستانه‌ش له‌گه‌ڵ وڵاتانى ناوچه‌که‌و زلهێزه‌کانیش دروستبکات به‌به‌رژه‌وه‌ندى کوردستان.
به‌م شێوه‌یه‌ ده‌توانێت زۆر کارى گه‌وره‌ و خزمه‌ت پێشکه‌ش بکات به‌هه‌موان، گه‌رچى نرخى نه‌وتیش  به‌رز نه‌بێته‌وه‌ له‌ بازاڕه‌کانى جیهاندا، که‌ به‌داخه‌وه‌ بۆته‌ تاکه‌ سه‌رچاوه‌ى داهاتى حکومه‌تى هه‌رێم.
حکومه‌تى ئاینده‌ش ده‌بێت له‌ڕووى پێکهاته‌که‌شیه‌وه‌ حکومه‌تێکى ڕه‌شیق و که‌م و پوخت و توندتۆڵ بێت و ژماره‌ى وه‌زاره‌ت و ده‌زگا و فه‌رمانگه‌کانى که‌م بکاته‌وه‌و چاوێکیش بخشێنێته‌وه‌ به‌ یاساى مووچه‌ و ده‌رماڵه‌کاندا و به‌یاسا ڕێکیان بخاته‌وه‌و هاوسه‌نگیه‌گ ڕابگرێت له‌نێوان چینه‌کانى خوراوو پله‌باڵاکاندا.
حکومه‌تێک بێت دوور له‌پشک پشکێنه‌ى حزبایتى و دوور له‌ حکومه‌تى بنکه‌ فراوان، چونکه‌ به‌ کرداره‌کى و له‌کابینه‌کانى ڕابردوودا و به‌تایبه‌تیش کابینه‌ى هه‌شتدا  شکستى حکومه‌تى بنکه‌ فراوانمان بینى که‌ ته‌نها بۆ دڵڕازیکردنى هه‌موان بوو، به‌ڵام نه‌توانرا کارى گه‌وره‌و سه‌رکه‌وتنیش به‌ده‌ستبێنێت، بۆیه‌ هه‌ق وایه‌ حکومه‌تێک بێت که‌ له‌لایه‌نى سه‌رکه‌وتوو خاوه‌ن نفوزو هێزو خاک بێت و بتوانێت ئامانج و دروشمه‌کانى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌کان وه‌دیبێنێت،حکومه‌تێک بێت که‌بتوانێت خزمه‌ت به‌هه‌موان بکات به‌بێ جیاوازى دوور له‌گه‌نده‌ڵى و دزینى سه‌روه‌ت و سامانى میلله‌ت و هه‌وڵى خۆشگوزه‌رانى و پێشکه‌وتن و ئاوه‌دانى زیاترى وڵات بداتحکومه‌تێک بێت به‌ماناى وشه‌و ده‌سه‌ڵاتداریش بێت ولاوازو بێده‌سه‌ڵات نه‌بێت له‌به‌رامبه‌ر حزب و سه‌رکرده‌ سیاسیه‌کاندا.
حکومه‌تێک بێت نیوه‌ حکومه‌ت و نیوه‌ ئۆپۆزسۆن نه‌بێت. بۆیه‌ ناکرێت تاسه‌ر به‌ناوو به‌بیانوى ناسکى ئه‌زموون و دۆخى سیاسى و ئابورى هه‌رێم دڵى هه‌موان ڕازیبکرێت، بۆیه‌ هه‌میشه‌و له‌دونیاشدا وابوه‌ ته‌نها ئه‌و حکومه‌تانه‌ سه‌رکه‌وتون که‌ ته‌باو گونجاو و نزیکبون له‌یه‌که‌وه‌و توانیویانه‌ به‌ته‌نها یان دووقۆڵى حکومه‌ت پێکبێنن، باشترین نمونه‌ش حکومه‌تى ((ئاکه‌په‌یه‌ که‌ بۆماوه‌ى 15 ساڵه‌ له‌مێژووى ده‌وڵه‌تى تورکیادا حکومه‌تێکى سه‌رکه‌وتوى پێکهێناوه‌ دوور له‌حکومه‌تى ئیئتیلافى))، ڕاسته‌ ناکرێت کۆپى حکومه‌تى تورکیا بکه‌ین به‌ڵام له‌دونیاى پێشکه‌وتوو و دیموکراسیشدا هه‌ر ئه‌و جۆره‌ حکومه‌تانه‌ سه‌رکه‌وتووبن. بۆیه‌ بۆ ته‌ندرستى و ساغڵه‌مى سیسته‌مى حوکمڕانیه‌که‌شمان گه‌ره‌که‌  که‌هێزى ده‌سه‌ڵاتدارو هێزى ئۆپۆزسیۆنیش هه‌بێت، چونکه‌ ده‌رکه‌وت ئه‌و هێزانه‌ که‌ به‌وه‌زیرێک یان دووان و سیانیش به‌شداربوون نه‌یانتوانیوه‌ که‌ گۆڕانکارى و خزمه‌تى گه‌وره‌ پێشکه‌ش بکه‌ن، له‌لایه‌ک به‌هۆى نه‌توانین و بێ ئه‌زمونى خۆیان و تۆخکردنه‌وه‌ى حزبایه‌تى و له‌لایه‌کى تریشه‌وه‌ به‌هۆى ڕێگه‌گرتن و نه‌هێشتن و به‌ربه‌ست دروستکردنى حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانه‌وه‌ بوه‌.
•بۆیه‌ به‌دڵنیایى حکومه‌تێک ده‌بێته‌ دڵخواز و جێگه‌ى ویستى جه‌ماوه‌رى میلله‌ته‌که‌مان که‌ بتوانێت:
1-مووچه‌ی مانگانه‌ى مووچه‌خۆران و فه‌رمانبه‌ران بێ پاشکه‌وت و له‌کاتى خۆیدا دابین بکات.
2- ئاوه‌دانى و هه‌لى کار و خزمه‌تى زیاتر پێشکه‌ش بکات.
3-ئاشتى و ئارامى کوردستان بپارێزێت و دابینى بکات.
4-دوور بکه‌وێته‌وه‌ له‌نانه‌وه‌ى کێشه‌و ململانێ له‌گه‌ڵ به‌غدادو ده‌رودراوسێ و زلهێزه‌کاندا.
5-کوردستانێکى ئارام و به‌هێزو یه‌کگرتوش بێنێته‌ ئاراوه‌ که‌هه‌موان له‌سایه‌یدا بحه‌وێنه‌وه‌ و ببوژێنه‌وه‌.
به‌م شێوه‌یه‌ ده‌کرێت حکومه‌ت و کابینه‌ى نۆیه‌م سه‌رکه‌وتوو بێت و هه‌موان له‌ساڵانى ئاینده‌تردا هیواى بۆ بخوازین و کابینه‌کانى داهاتووتریش له‌سه‌ر ڕچه‌و ڕێبازو کارو کرده‌وه‌ و پلانى ئه‌و  درێژه‌ به‌کاروانى خزمه‌تکردن و ئاوه‌دانى و گه‌شه‌و ئارامى وڵات بده‌ن، ئه‌مه‌ش به‌که‌سانى لێهاتوو شیاوو نوێخوازو به‌هێزو بیرتیژو ئاینده‌بینیه‌کى فراوان ده‌کرێت نه‌ک به‌که‌سانى کۆنه‌پارێزو دووباره‌بۆوه‌و عه‌قڵ دۆگماو بیر ته‌سکى حزبایه‌تى و ناوچه‌گه‌رێتى و ..هتد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار