هاوڵاتی له‌برى هه‌موو هاوڵاتى

6 ساڵ لەمەوپێش



سمکۆ محه‌مه‌د

به‌ر له‌وه‌ى تریبیۆنێک هه‌بێت به‌رپرسیارێتى  هه‌ڵبگرێت و ببێته‌ داکۆکیکه‌رى گشت له‌کوردستان، به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنى هه‌ر ئایدیۆلۆژیایه‌کى سیاسى و ئایینى و نه‌ته‌وه‌یى، هه‌ڵوێست وه‌رگرتن وه‌کو به‌رپرسیارێتى له‌به‌رامبه‌ر نه‌بوونى رووبه‌رێک بۆ نووسین، روبه‌رێکى تر بۆ ئۆپۆزسیۆن بوون، رووبه‌رێکى تر بۆ ده‌نگى خه‌ڵک، فه‌زایه‌کى دروستکرد که‌گشت کۆبکاته‌وه‌ و فه‌زاى گشتى درووستبکات، لێره‌وه‌ ‌هاوڵاتی ده‌رکه‌وت که‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى به‌رژه‌وه‌ندى ماددى، خه‌ڵکانێک هه‌ن به‌شان و به‌تواناى رۆشنبیرى خۆیان، وه‌کو کارێکته‌رى دیار له‌و بواره‌دا ئه‌و ئه‌رکه‌ بخه‌نه‌ سه‌رشانى خۆیان. 

بیرۆکه‌ى ئه‌م رووبه‌ره‌ له‌کوێوه‌ سه‌ریهه‌ڵدا و چۆن پراکتیک کراو چۆن شانمان دایه‌ به‌رى به‌بێ به‌رامبه‌ر، ئه‌مه‌ چیرۆکێکى دوورودرێژه‌ و پێویست ناکات باس بکرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى پێویست ده‌کات باس بکرێت، ئه‌و ترسه‌ سایکۆلۆژى و سیاسیه‌ بوو که‌هه‌ڕه‌شه‌ى ده‌کردو رێگر بوو له‌به‌رده‌م پرۆژه‌که‌، که‌چى ئێمه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌، مه‌ترسى نه‌مانى و وه‌ستانى گرفتێکى دیکه‌ بوو که‌ رۆمانسیانه‌ ته‌ماشامان ده‌کرد، به‌وپێیه‌ى له‌دایکبوونى پرۆژه‌یه‌کى وه‌ها ئاسان نه‌بوو بپارێزرێت و سه‌رپێ بخرێت له‌هه‌ردوو زۆنى زه‌ردو سه‌وز که‌ هه‌رێمى کوردستان ئه‌وکات دوو ئیداره ‌بوو، هه‌روه‌ها به‌خیلییه‌کى زۆرى نووسه‌رگه‌لێک که‌ له‌داخى به‌شدارنه‌بوونیان له‌وه‌ها پرۆژه‌یه‌ک و ئایدیاى ئیسلامییه‌کان له‌سه‌ره‌تاوه‌، هه‌مووى که‌ڵه‌که‌ ببوو که‌ باڵانس کردنیان، ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ فاکته‌ره‌ سیاسى و ئایدیۆلۆژیایه‌ به‌حه‌وسه‌ڵه‌یه‌کى کوردییانه‌وه‌ قورس بوو، به‌تایبه‌تى کورد رانه‌هاتبوو ره‌خنه‌ قبوڵ بکات له‌و لاگیرییه‌ى که‌ زیان به‌به‌رژه‌وه‌ندى به‌شێک له‌خه‌ڵکى ده‌سته‌بژێرى سیاسى و رۆشنبیر ده‌گه‌یاند، به‌ڵام به‌رده‌وام بوو تا ئه‌و جێگه‌یه‌ى مۆدێلێکى داهێنا که‌ ئه‌گه‌رچى له‌چه‌ند مانگى یه‌که‌میدا راوه‌ستاو بێئومێدى دروست کرد بۆ خوێنه‌رانى تینوو به‌ڕه‌خنه‌گرتن له‌ناعه‌داله‌تى، له‌کاتێکدا له‌کوولتوورى کوردیدا، چه‌مکى ره‌خنه‌ ته‌نها به‌گوێبیستن گه‌یشتبووه‌ ناوه‌ندى رۆشنبیرى و سیاسى کوردستانى به‌هه‌موو پێکهاته‌ سیاسى و نه‌ته‌وه‌یى و مه‌زهه‌بیه‌کانیشه‌وه‌، چونکه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ و ئایینه‌کانى دیکه‌ش ره‌خنه‌گرتن قورس بوو ئه‌وکات. 

به‌هه‌رحاڵ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ ئه‌گه‌رچى که‌سانى زۆر له‌پشتییه‌وه‌ راوه‌ستابوون و (سه‌ربازى ونى) تێدابوو که‌مافیان خوراو قسه‌یان نه‌کرد، ته‌نها له‌به‌رخاترى ئه‌وه‌ى پرۆژه‌که‌ سه‌ربکه‌وێ، به‌ڵام قورسترین ئه‌رکى رۆژنامه‌نووسى و رۆشنبیرى بوو که‌ جێکه‌وتنى له‌زه‌ینى خه‌ڵک قورس بوو، به‌ڵام دواتر راهاتنه‌که‌ بوو به‌ واقیع. ئه‌وه‌ى که‌ مابوو مه‌سه‌له‌یه‌کى خودى پرۆژه‌که‌ بوو که‌ ناکۆک بوو له‌گه‌ڵ کارنامه‌که‌ى خۆیدا که‌ مه‌سه‌له‌یه‌کى ئه‌خلاقى بوو، ئه‌ویش مافى هاوڵاتى بوونى کارێکته‌ره‌ چالاکه‌کانى بوو که‌ دواتر که‌سانى دیکه‌شى تێدا خزا که‌ ناجۆرو نه‌گونجابوون، ئه‌مه‌ ره‌خنه‌ له‌خۆگرتنه‌و نابێ به‌تۆمه‌ت له‌قه‌ڵه‌م بدرێت.

کارکردن له‌سه‌ر گۆڕینى سایکۆلۆژیاى سیاسیه‌کان وه‌کو کارێکته‌رى توڕه‌ى ده‌سه‌ڵات، ترسى تێخزانى کارێکته‌رى ده‌سیسه‌ و خاوه‌ن بیرۆکه‌ى ناپوخته‌ى سیاسى، ترسى نه‌مانى ئیمکانییه‌ت تاکو هاتنى هۆڵه‌ندییه‌کان بۆ هه‌ولێرو ناسینى ئێمه‌، دواتر بۆ سلێمانى که‌ بوون به‌سپۆنسه‌رى پرۆژه‌که‌، ترسێک بوو نه‌ده‌ڕه‌وییه‌وه‌ تاساڵى 2004، رۆژنامه‌ى ‌هاوڵاتیش له‌دواى ئه‌م دابڕانه‌وه‌ که‌وته‌ به‌رده‌م پرسیارى شه‌رمهێنه‌ره‌وه‌ که‌ وه‌ڵامى خۆى نه‌ده‌دایه‌وه‌، تا ئه‌وجێگه‌یه‌ى که‌ بڵاوکردنه‌وه‌ى دۆسیه‌ى کارێکته‌ره‌ سیاسیه‌کان، بوو به‌یه‌کێک له‌کاره‌ هه‌ره‌ ترسناکه‌کان و شه‌وانى دووشه‌ممه‌ ته‌له‌فونمان داده‌خست له‌به‌ر پیاوانى ده‌سه‌ڵاتى حکومى و حزبى کوردى، چونکه‌ ئه‌وکات دوشه‌ممان ده‌رده‌چوو، به‌ڵام خه‌ڵک فێربوو ده‌نگ هه‌ڵبڕێت و له‌و رووبه‌ره‌ تێبگات و ببێته‌ خاوه‌ن قه‌زیه‌ى خۆى، ئه‌مه‌ بۆ پرۆژه‌که‌ گرنگ بوو، له‌دواى ساڵى 2005وه‌ من و بڕێک له‌ هاوڕێکانم دوور که‌وتینه‌وه‌، به‌ڵام شوناسه‌که‌ هه‌ر به‌ناوى ئێمه‌ بوو و شانازییه‌که‌ش که‌چاونه‌ترسانه‌ بوو، به‌ر ئێمه‌ که‌وت و مه‌سیره‌که‌شمان راده‌ستى که‌سانى تر کرد. به‌هیوام ‌هاوڵاتی ببێته‌وه‌ به‌خاوه‌ن هه‌یبه‌ت و شوناسه‌که‌ى جارانى. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار