کەشناسى: شەپۆلێكی باران بارین دەستیپێکردوەو ئەگەرى بەفر بارینیش هەیە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
لە شەوی ڕابردووەوە شەپۆلێكی بارانبارین هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و لە زۆرینەی ناوچە و شار و شارۆچكەكان باران دەبارێت و تاوەكوو ئێستا بەردەوامە، ئەمە بە یەكەم شەپۆڵی چڕی بارانبارینی ئەمساڵ هەژمار دەكرێت.
بەپێی پێشبیننیەکانی کەشوهەوا ئەمڕۆ شەممە و سبەی یەکشەممە شەپۆڵێكی دیکەی بارانبارین لە هەرێمی کوردستان دەبارێت.
لە درەنگانێکی شەوەوە باران بارین سنوری سلێمانی گرتوەتەوە و بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاراس جەبار، شارەزای کەشوهەوا زیاتر لە 10 ملیم باریوە
ئاراس جەبار، شارەزای کەشوهەوا ئاماژەی بە ئەوەش دا كە بەهۆی بارانبارین و گۆڕانکاریی کەشوهەواوە پلەكانی گەرماش شەش بۆ نۆ پلە نزم دەبنەوە و ئەگەری بەفربارینیش لە شاخە بەرزەكانی كوردستان هەیە.
شەپۆلەكە جگە لە هەرێمی كوردستان چەند ناوچەیەكی عێراق بەتایبەت پارێزگای بەغدایشی گرتووەتەوە، بەپێی زانیارییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی كەشناسیی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ شێوازی دابارین دەگۆڕێت و شەپۆلێكی دیكەی بارانبارین كە سەرچاوەكەی دەریای ناوەڕاستە ناوچەكە دەگرێتەوە و بارانبارین تا درەنگانی شەوی یەكشەممە بەردەوام دەبێت.
بەپێی پێشبینییەکانی كەشناسی، کاریگەری ئەم شەپۆلی بارانبارینە بە پلەی یەکەم لەسەر ناوچەکانی بادینان دەبێت کە ئەگەری ھەیە لە ناوچە جیاوازەکانی دەڤەرەكە 55 بۆ 70 ملم و لە ناوچە شاخاویەکانیشی 75 بۆ 90 ملم باران ببارێت.
هاوكات لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر ئەگەری هەیە 30 بۆ 45 ملم باران ببارێت، ناوچە شاخاویەکانیشی 55 بۆ 60 ملم، هەروەها ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و باكووری گەرمیانیش ئەگەری هەیە 38 بۆ 55 ملم باران ببارێت، هاوکات باشوور و ناوەڕاستی ئیدارەی گەرمیان و کەرکووك ئەگەری 25 بۆ 40 ملم باران ھەیە.
