چەند سەرنجێک لەسەر هێرشی سەر کۆرومۆر

48 خولەک لەمەوپێش



ئارام ڕەفعەت

یەکەم،
کۆرومۆر نە موڵکی تاڵەبانیە و نە بارزانی. وەک هەر بستە خاکێکی کوردستان، موڵکی  حەسری نەتەوەی کوردە. دەسدرێژی بۆ سەر  کۆرومۆر، دەستدرێژییە بۆسەر  هەموو کوردستان و نەتەوەی کورد.

ئەرکی ئێمە، گێڕانەوەی تەواوی داهات و  خێری کۆرومۆر و سەرجەم ژێرخانی هەرێمە بۆ میللەت و بەرژەوەندی گشتی، نەک تەسلیم کردنەوەی بە داگیرکەری عێڕاقی یان رێخۆشکردن بۆ بەئامانج گرتنی وەک موعارەزەی عەلوج کاری بۆ دەکات

دووەم،
ئەوەی هێرشی کردە سەر کۆرومۆر، بە هێرشەکانی پێشووتریشەوە، گروپێکی میلیشیایی شیعە  نین، وەک میدیا و حیزبە شەق و شڕەکانی باشور بانگەشەی بۆ دەکەن. ئەوە هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری عێڕاقە.

ئەقڵی ناکامڵی سیاسی و زاکیرەی ماسی ئاسای بەناو  سیاسی و رۆشنبیرانی کورد ناتوانێت پەی بەو راستییە مێژوویە بەرێت کە  لە سەردەمی ئینگلیزەوە تا ئەمڕۆ، کیانە دەسکرد و فاشییەکەی عێڕاق هەمیشە میلیشیای بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانانە بەکارهێناوە، کە دەچنە خانەی جینۆساید یان تاوانی جەنگ .

نموونەی ئەم سیاسەتە گڵاوەی عێڕاقی داگیرکەر، بەکارهێنانی میلیشیای لیڤی ئاشوری سەردەمی   ئینتیدابی بەریتانی و حەرەس قەومی سەردەمی بەعسی و عارفەکان دا و جەیشی شەعبی و فەوجە خەفیفەکانی سەردەمی بەعس و سوپای مەهدی و داعش و حەشدی شەعبی سەردەمی حوکمڕانی شیعەکانە، بۆ تاوانە دژە مرۆیی و تاوانەکانی جەنگ.

هەموو ئەو گروپانەی سەرەوە دەستیان بە خوێنی کورد سۆرە و بە شکڵ و ئاستی جۆراوجۆریش جینۆساید و تاوانی جەنگی دژی کوردیان ئەنجام داوە. 
لەهەموو ئەو تاوانانەدا، داگیرکەر سودمەندی سەرەکی وکوردیش قوربانی سەرەکی بووە، بەڵام کیانە فاشییەکە هەمیشە بە کەمترین سزا و بەرپرسیارێتی وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچووە.

سێیەم،
 لانی کەم لە ٢٠١٢ بەولاوە، داگیرکەری عێڕاقی سیاسەتێکی دژی کوردستانی باشور گرتۆتە بەر کە لە  زانستە سیاسیەکاندا بە سیاسەتی دی-ئیڤەلوشن، واتە ناپەرەسەندن یان  نا-گەشەسەندن دەناسرێت. 

سیاسەتی  نا-پەرەسەندن، سیاسەتێکی داگیرکارانەیە و ئامانج لێی هێشتنەوەی کۆمەڵگا و نەتەوە یان وڵاتە داگیرکراوەکانە بە ژێردەستەیی لە رێگای راگرتنی گەشە و پێشکەوتنی ئەو کۆمەڵگایانە و پێچەوانەکردنەوەی ئاراستەی  گەشەسەندن بەرەو دواوە، بەجۆرێک ئەو کۆمەڵگا یان نەتەوەیە توانا و مقەوماتەکانی سەربەخۆیی لەدەست بدات.

لەسەردەمی مالیکییەوە ئەم سیاسەتی ناپەرەسەندنە پەیڕەو دەکرێت. لەو سیاسەتانەش:
١) بڕینی بودجە، 

٢) هەڵوەشاندنەوەی کردەیی نوێنەرایەتیەکانی حکومەتی هەرێم.  
٣) داگیرکردنەوەی کەرکوک و نیوەی خاکی کوردستان،
٤) لێسەندنەوەی مافی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێم.

٥) هەڵوەشاندنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێم و  بەکردەوەش دادگای باڵای هەرێم.
٦) روخاندنی ژێرخانی ئابووری هەرێم لەرێگای هێرشی سەربازییەوە. هێرشی ئەمجارەی سەر کۆرومۆر، یەکێکە لەو  دەیان هێرشانەی کە دەچێتە چوارچێوەی سیاسەتی داگیرکارانەی ناپەرەسەندن وە بە ئامانجی وێرانکردنی ژێرخانی ئابووری  هەرێم، ئەنجام دراون.

چوارەم، 
ئەگەر بەشێک لە بەرپرسیارێتی سیاسەتی نا-پەرەسەندن بەگشتی و لەناویشیاندا هێرشە داگیرکاریانەکەی سەر کۆرومۆر، بکەوێتە ئۆدەی  کیانە داگیرکەرەکەی عێڕاقی، کە هەم هێرشکارە و هەم تاوانکار، ئەوا بەشەکەی تری دەکەوێتە ئەستۆی هەردوو بنەماڵە حاکمەکەی هەرێم و حیزبە ئۆپسزیۆنە فەیک و عەلوجەکانەوە. 

ئەمەش هەم بەهۆی حەماقەتی سیاسی دوو بنەماڵەکە لەلایەک و موعارەزەی عەلوج لەلایەکی تر، وە هەم بەهۆی خاڵی بوونیان لەهەر جۆرە ئینتیما و سیاسەتێکی نیشتیمانی و وابەستەییان بە داگیرکەرەکانی کوردستانەوە، هەر کامێکیان بە وڵاتێکەوە.

پێنجەم،
بە لەدەست دانی شەنگال و کەرکوک و خانەقین، هەم پڕۆژە و پرسی سەربەخۆیی باشور لەبارچوو وە هەم هەڵوەشاندنەوەی فیدڕاڵی هەرێم پرسی  مانگ و  ساڵە.

لێدانی کۆرومۆر پەیامێکە و پێمان دەڵێت، لەهەر وەرچەرخانێک لە هاوکێشەی هێز یان نەخشەی سیاسی ناوچەکەدا، داگیرکەری عێڕاقی بە ئاسانی دەتوانێت ستاتۆی فیدڕاڵی هەرێم لەناو بەرێت و کورد بگێڕێتەوە چوار گۆشەی یەکەمی ژێردەستەیی و ئیبادە و ئەسیمیلەی بەکۆمەڵ.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار