چیرۆکی «بێ فانۆس»
کاتژمێرێک لەمەوپێش
هیوا سەید سەلیم
سەردەمانێک کە ئامرازە سەرەکیەکانی ڕووناکردنەوەی ماڵان فانۆس و قەندیلە و لامپە بوو، ئەو ماڵانەی کە باری گوزەرانیان لە خەڵکی دیکە باشتر بوو لۆکسیان هەبوو، بەڵام چونکە خەڵکی ڕواندز زۆربەیان لەیەک چین بوون، باو باوی فانۆس بوو، لە ماڵان و لەو کاتانەشی کە خێزانێک سەردانی ماڵێکی دیکەی دەکرد بۆ ئەوەی بەرپێی خۆی ببینێ کەسێکیان بە فانۆسی دەستیەوە لە کۆڵانە تەنگەبەرەکانی (گەردەگەرد و گەڕەکێ ژێری و ژۆری و سەرشاخان) لە پێش هەموان دەڕۆیشت و فانۆسی بەدەستەوە دەگرت.
زۆرێک لەو ئیختیارانەی بۆ نوێژی سبەینان دەچوونە مزگەوت و تەکیەکان فانۆسی ماڵەوەیان دەبرد، ئێ خۆ ناحەقیان نەبوو شار هەوراز و نشێوی زۆری تێدا بوو، دەبوو کۆسپەی زۆر ببڕن تا دەگەنە شوێنی مەبەست.
حەس حەس و پاسەوانەکانی شار یەک و فانۆسی خۆی پێبوو. لە پڕ دیاردەی فانۆس بەکارهێنان نەک هەر لە ڕواندز نەما بگرە ئەوەی فانۆسی لەدەست بایە دەکەوتە بەر تانە و پەلاری خەڵکانی قۆشمەچی شار، شار وایلێهاتبوو وای بۆ ئەوەی چووبا لە دوکاندارێک پرسیار بکا ئایا فانۆسی فرۆشتنت هەیە؟
مام سەید لە ناو بازاڕی ڕواندزێ تاکە دوکاندانی شار بوو فانۆسی دەفرۆشت، ئەو نەک شەرمی نەدەکرد بگرە ئەوانەی دەچوون دەیانپرسی: " مام سەید فانۆست هەیە؟"
ئەو بە تەنزەوە پێی دەگووت:
" وەرە کوڕی خۆم دەزانم بێ فانۆسی"
زۆرێک لە خەڵکی شار دەبوو بۆ فانۆس کڕین بچنە شاری دیانا، لەوێ پیرەپیاوێکی فەلە بە ناوی (مام یاقووب) بە بابەتی گاڵتەی فانۆسی ڕواندزیانی زانی بوو، هەر کاتێک ڕواندزیەک دەچووە لای سەودای فانۆسی دەکرد مام یاقوب دەیگووت:-
"وەرن ئۆباو ئەزانم نەوێراینە لە مام سەید فانۆسی بکڕن ئەمن بە فانۆس و دەکەم"
رواندی جاران لە پاڵ رێز و خۆشەویستی زۆری خەڵکەکەی بۆ یەکتری گاڵتەوگەپی زۆری تێدابوو، کەم وابووە کەس ڕەق و کینە لە بەرامبەری یەکتری هەڵگرێت کە کەسێک تجاوزی ئەوەی دیکەی دەکرد لە جیاتی جنێو و سووکایەتی پێی دەگووترا:-
"بەخوای کەسێکی بێ فانۆسی"
هەر ئەوەش وایکرد بێ فانۆسی ببێتە کێماسی بۆیە تا ئێستاشی لەگەڵ دابیت پرسیاری ئایا فانۆست هەیە؟ لە ڕواندز بە تەنز هەژامار دەکرێت، بۆیە ئەگەر ڕێگات کەوتە ڕواندز نەکەن سەدوای بە دەستهێنانی فانۆس بکەن، ئەگەرنا پێت دەڵێت کابرایەکی بێ فانۆسە.
