هۆشیار زێباری: موشەكەكە لە دووز خورماتوەوە هەڵدراوە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: هێرشەكەی دوێنێی گروپە میلیشیاوییەكان بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆر مۆر لە سلێمانی، بە موشەکی گراد ئەنجامدراوە، کە لە میحوەری دوزخورماتووەوە هەڵدرابوون، بە ئامانجی تێکدانی ئابوری و ژێرخانی هەرێم، جارێكی تریش ئەوە دووپاتدەكاتەوە حکومەت كۆنتڕۆڵی نییە بەسەریاندا.
شەوی چوارشەممە، 26-11-2025، کاژێر 11:30 خولەک، هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازیی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، کە بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە یەکێک لە کۆگە سەرەکییەکانی کێڵگەکە.
زێباری لە سەكۆی "ئێكس" نوسیویەتی: ئێستا حکومەتی بەڕێز سودانی دەرفەتێکی زێڕینی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت و تاوانباران سزا بدات و چانسی بەدەستهێنانەوەی خولی دووەمی بەهێزتر بکات.
زێباری دەشڵێت:پێشوازی لە لێدوانی مارک ساڤایا نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ لە عێراق دەكەین، لەبارەی هێرشە تیرۆریستیەكەی سەر کێڵگەی غازی کۆر مۆر، ئەمریکا نزیکەی نیو ملیار دۆلاری لەم كێڵگەیەدا وەبەرهێناوە بۆ پشتگیریکردن لە ئاسایشی وزە، بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکی و ئیماراتیەکان كە لەلایەن هەندێک لە میلیشیاکانەوە کراوەتە ئامانج.
سەرباری ئەمەش، ئەو سیاسەتمەدارە کوردە پێی وایە، ئەم ئاڵنگارییە ئەمنییە دەکرێت ببێتە وێستگەیەکی گرنگ بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەو پێیەی ئێستا دەرفەتێکی زێڕینی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی حکوومەتەکەی بسەپێنێت و سزای ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە بدات، هەنگاوێک کە ئەگەر بە بوێرییەوە بینێت، ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی متمانە بەدەست بهێنێتەوە بۆ ویلایەتی دووەمی حوکمڕانییەکەی.
