هەڵبژاردن و دەزگاکانی ڕاگەیاندن
7 ساڵ لەمەوپێش
پارێزەر لوقمان مستەفا ساڵح
هەروەک دەبینین لە ئێستادا هەرێمی کوردستان بە چەندین قەیراندا تێدەپەرێت، کەم تازۆرکاریگەری نەرێنی لەسەر کۆی هاوڵاتیان داناوە. بەڵام بەداخەوە قەیرانێک لەکۆی قەیرانەکان مەترسیدارترلە ئارادایە، کە ئەویش هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنە، بە بەهەمو بەشەکانیەوە کە لە ئێستادا زیاترڕەنگی داوەتەوە،حاڵەتێکی سایکۆلۆجی نالەبار و نێگەتیڤی لەسەر هاوڵاتیان داناوە، بەتایبەتی لە ئێستادا کە لەگەڵ نزیک بوونەوەمان لەوادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراقدا، ئەم حاڵەتە بە زەقی دەبینرێت.بە جۆرێکی وا نائارامی و دڵەڕاوکێی لای تاکی هاوڵاتی درووستکردووە کە بۆتە هۆی نەمانی متمانەو تەنانەت زیاتر ترس و دڵەڕاوکێ و ئازاری دەرونیشی بۆ هاوڵاتیان دروستکردووە.
چونکە ئەو لێدوان و وانە و وتارانەی کە لە میدیاکانەوە وەک بانگەشەی پێش وەختەی هەڵبژاردن دەدرێتە گوێی هاوڵاتیاندا، خەریکە هەموو هێڵە سورەکان تێدەپەڕێنێت، گەر ڕێی لێ نەگیرێت دەبێتە هۆی دروستکردنی کاری توندوتیژی، کەڕەنگە لە ئایندەدا وابە ئاسانی کۆنترۆڵ نەکرێت. لەبەر ئەوەی توومەت خستنە پاڵ یەکدی و تەخوینکردنی یەکتر بە بێ بنەمای یاسایی نەبوونی بەڵگە دەچێتە خانەی توندووتیژییەوە، کە لەم حاڵەتەدا بۆزیاتر سەلامەتی هاوڵاتیان دەبێت داواکاری گشتی ڕێکاری یاسایی بەرانبەریان بگرێتە بەر.
-(داواکاری گشتی) وەک بەرزترین دەسەڵاتی یاسایی، مافی تۆماری سکاڵای لەسەر ئەو بابەتانەی راگەیاندن هەیە کە زیان بە دابونەریتی گشتی و مەسەلە گرنگەکانی کۆمەڵگا دەگەیەنێ. ئامانجی داواکاری گشتیش چاودێری دەزگا راگەیاندنەکانە تا رێز لە سنورەکانی ئازادی رادەربڕین بگرن، لەهەمان کاتدا رادەربڕین نەبێتە ئامرازێ بۆ زیانگەیاندن بە سەرمایە ماددی و مەعنەوییەکانی کۆمەڵگا. سەرنج: هەر بۆ زانیاری زیاتر بەپێی بڕگەی (5)ی ماددەی هەشتەم، نابێ دوای تێپەڕبوونی (90) نەوەد رۆژ لە مێژووی بڵاوکردنەوە، هیچ جۆرە رێکارێکی یاسایی لە بەرامبەر خودی دەزگاکە و رۆژنامەنووسان بگیرێتەبەر.
بنەمای هەر تووندووتیژییەک بۆ ئایدولۆژیاکان دەگەڕێتەوە نەک بۆ کردارەکان، هەر میدیایەک و لایەن و کەسێک، ئەوەی لە هەرێمی کوردستانە یا خود لە دەرەوەی هەرێمدا خەڵک هان بدات بۆ کاری توندوتیژی و قسەی زبر و درۆ و بوختان بکات بەمەبەستی کۆکردنەوەو دەستکەوتنی چەن دەنگێک، وەهەوڵی لەکەدارکردن و یان هەڵبەستنی درۆ و بوختان بۆیەکدی کردن کە سەرجەمیان دەکەونە خانهی «لێدوانی توندووتیژی»ەوە پێویستە راگەیاندنەکان خۆیان لێ بەدوور بگرن. چونکە ئەوە ئەرکی سەرەکی دەزگاکانی ڕاگەیاندنە بەتایبەت رۆژنامەنووس لە کاتی گواستنەوەی هەواڵ و زانیاری و ڕوداوەکانی ژیان بۆگوێ و بیروهۆشی ئەندامانی کۆمەڵگە لە رێگەی کۆمەڵێ هۆکارو شێوازو ئامێری گواستنەوە بە چەندان رێگەو شێواز و هونەر بۆ بە هرەمەند کردن وئاگادار کردنەوەیان. بۆیە دەبێت میدیاکاران زۆر وریابن لەو گوتانەی دەیخاتەپاڵ هەر کەس و لایەنێک، دەبێت بابەتە هەواڵیەکەی بریتیبێت لە دڵنیایی لە راست و دروستی هەواڵ و بابەبەتەکەی. بۆ نموونە کاتێک بەرپرسێک بە گەندەڵ ناودەبەین، یاخود تۆمەتی تەزویر لەساتی هەڵبژاردن دەدەینە پاڵ حیزبێ، یاخود کۆمسیۆن، یاهەردەزگایەکی ئیداری، پێویستە دڵنیابێت لە راستی و دروستییەکەی و بەڵگەنامەی باوەڕپێکراوی لەبەردەستدا بێ، نەک لەسەر بنەمای گومان یاخود قسەو قسەڵۆک و واتەوات. بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، تۆمەت خستنەپاڵ ئەگەر لەرێگەی یەکێک لە ئامرازەکانی راگەیاندن ئەنجام بدرێ، ئەوا دۆخی سزادان زۆر توندترە و لە هەندێکجار دادوەر بەرزترین ئاستی سزا دەگرێتەبەر، بەمەرجێ لە دوو هێندەی سزاکە پتر نەبێت. بۆ نموونە ئەگەر سزای ناوزڕاندن و تۆمەت (5) ملیۆن دینار غەرامە بێت، ئەوا دادوەر دەتوانێ (10) ملیۆن دینار غەرامە بسەپێنێ.لەبەرئەوەی هۆکارەکانی پشت توندی سزادانی تۆمەت خستنەپاڵ لەرێگەی دەزگاکانی راگەیاندن، دەگەڕێتەوە بۆ:
ا- تۆمەت لەرێگەی راگەیاندنەوە واتا دۆخی (بڵاوکردنەوە- Publishing)، زۆرترین ژمارەی خەڵک لە راگەیاندنەوە گوێبیستی دەبن یاخود دەیخوێننەوە و دەیبینن. ئەمەش جیاوازە لەوەی تاوانەکە لەبەرچاوی کەسێک یاخود چەند کەسێکی کەمدا ئەنجام بدرێت.
ب-تۆمەت و ناوزڕاندن دەچێتە خانەی مێژوو، زۆرجار کەسایەتییەک بۆ ماوەیەکی درێژخایەن تا دوای مردنیشی، لەلایەن هەندێ خەڵکەوە مەسەلەی تۆمەتەکە دەکرێتە ئامرازێک بۆ شکاندنی. دەشێ کاندیدێک یاخود لایەنێکی سیاسی بەهۆی تۆمەتێکەوە، دووچاری شکستی هەڵبژاردن ببێتەوە.
ج- خەڵک زیاتر متمانە بەو تۆمەتانە دەکەن کە لە دەزگا راگەیاندنەکان بڵاودەکرێنەوە، واتا پێیانوایە تۆمەتەکە راستە بۆیە بڵاوکراوەتەوە.
لەبەر ئەم فاکتەرانەی سەرەوە، دادوەر دەتوانێ بە پشت بەستن بە ماددەی (433)ی یاسای سزادان، دۆخی سزاکەی توندتر بکات، بەمەرجێ لە دوو هێندەی سزای دیاریکراوی یاسای سزادان تێنەپەڕێ.
هەروەها لە بڕگەی (3)ی ماددەی (9)ی یاسای رۆژنامەگەری ژمارە (35ی ساڵی 2007)یشدا هاتووە: لەکاتی دووبارەکردنەوەدا دادگا بۆی هەیە سزا داراییەکەی زیاد بکا، بە مەرجێک لە دوو هێندەی پارەی سزاکە کە لە برگەکانی (یەکەم)ی سەرەوەدا هاتوون پتر نەبێ”.
بەپشتبەستن بەم بڕگە یاساییە، هەر دەزگایەکی راگەیاندن ئەگەر دووجار تاوانێکی ئەنجام دا، سزاکەشی تا دوو هێندە زیاد دەکات.ئەمە وێڕای ئەو سزا معنویەی کە دەبێتە هۆی لە دستدانی متمانەی دەزگاکە و کەسایەتی خودی ڕۆژنامەنووسەکەش لەکە داردەبێت.
دەرئەنجام دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەتایبەت لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا دەتوانێت ڕۆڵێکی یەجگار گەورە بگێڕێت، بە ئەرکی ئەخلاقی و پیشەیی خۆی هەستێت، بە ئامانجی خزمەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی خۆی، بە مەرجێک نەکەوێتە ژێر فشاری حیزبی و ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراوەوە، ئەوا بێگومان دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەر بگێڕێت و ببێتە هۆکارێکی تەندروست لەناو کۆمەڵگەدا، پشتوانێکی ڕاستەوخۆ دەبێت بۆ هەست و سۆزی هاوڵاتیان لە نزیکەوە. لەم قۆناغە بەتایبەت، ئەوکاتە ڕاگەیاندن دەبێتە سەکۆیەک بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات، ئەگەر بەپێی پلانێکی توکمە کارەکانی ئەنجامدات و ئەگەر لەسەر بنەمایەکی هزری نیشتمانیی تەندروست بونیاد بنرێت.