یادی 90 ساڵەی دامەزراندنی ئیخوان موسلیمین لە "هاوڵاتی" وەڵامێك بۆ شوان ئەحمەد
7 ساڵ لەمەوپێش
یهحیا نهوزهر جاف
دوای تێپەڕبوونی 90ساڵ بەسەر دامەزراندنی ڕێکخراوێکی ئیسلامی کە ناوی لەزۆربەی ڕوداو و گۆڕانکاریەکانی ناوچەکەدا لەڕیزی پێشەوەیە، بەڵام هێشتا لە کوردستان لەجیاتی لێکۆڵینەوەیەکی تایبەت بەو مەدرەسە سیاسی و فیکريیە لەیادی 90ساڵەی دامەزراندنیدا لە یەکێ لە ڕۆژنامە ناودارەکاندا و لەلایەن یەکێ لە نوسەرە کورديیەکان بەناوی شوان ئەحمەد بابەتێک بڵاو دەکرێتەوە کە ئاماژەی بە یەک سەرچاوە نەکردووە بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاريیەکانی کە نالایەقە بە پەڕەی رۆژنامەیەک کە دوای داخستنی و لەم قەیرانەدا گەڕانەوەی دەخوازێ جێگە و پێگە و میسداقیەتی زانستی و پیشەیی هەبێت.
ڕاستیيەکەی ئاماژە نەکردنی بەسەرچاوەی بابەتەکە جگە لەوەی نازانستی و ناپیشەییە، بەڵگەی ئەوەیە کە ئەو بابەتە دەقاو دەق وەرگێڕدراوی بابەتێکە بەزمانی عەرەبی و سەرچاوەکەی یەک شتە بە دەستکاريکردنی تایتڵی بابەتەکە و پێشەکيیەکەی و دێڕی کۆتایی بابەتەکە، ئەویتری دیارە لەیەک سەرچاوەوە وەرگیراوە و بابەتەکەش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حوکمی حوسنی موبارەک و پێش شۆڕشی بەهاری گەلان و سەرکەوتنی ئیخوان موسلیمین لە هەڵبژاردنە ئازادەکان و دواتریش کودەتای سەربازی خوێناوی بەسەر یەکەم ئەزمونی دیموکراسی لە میسردا
ئەگەر جارێکیتر بەم تێبینيیەوە چاوێک بخشێنينەوە بە بابەتی (یادی 90 ساڵەی دامەزراندنی ڕێکخراوی ئیخوان موسلیمین) لەنوسینی شوان ئەحمەد بە ڕونی ئەم تێبینیە لەبابەتەکەیدا دەنەخشێت.
بۆ من جێگەی داخە دوای 90ساڵ لەتەمەنی مەدرەسەی ئیخوان موسلیمن، تاکە بابەتێک بۆ خوێنەری کوردی بنوسرێت لەو یادەدا بابەتێکی وەرگێڕدراوی دژ بە ئیخوانی سەردەمی حوسنی موبارەک بێت !
ئێستەش کاتی شیتەڵی تەوەرە سەرەکیەکانی بابەتە وەرگێڕدراوەکەیە کە ئەوەی بەسەردا جێبەجێ دەبێ کە کابرا وتبوی «خەسەنو خوسەین هەرسێکیان کچی ئیمامی معاویەن«.
کەوتنی دەوڵەتی عوسمانی و دابەشکردنی میراتەکەی لەلایەن ئیستیعمارەوە
لەم بابەتەدا کە دیارە قەڵەمێکی چەپی عەرەبی نوسیویەتی داگیرکردنی وڵاتانی ناوچەکە لەلایەن ئیستیعمار و دابەشکردنی بەسەر داگیرکاراندا وەک دەستکەوت دەخاتە ڕوو. نوسەری ئەم بابەتە ئەگەر کوردبوایە، بەدڵنیاییەوە دەیزانی کە داگیرکردنی ناوچەکە یەکەم کاردانەوەی نەرێنی بۆ گەلی کورد بوو کە لەلایەن وڵاتانی ئیستیعمارەوە داگیرکراین و بەبێ خواستی خۆمان دابەشکراین بەسەر چوار وڵاتدا لەڕێککەوتننامەی (سایکس – بیکۆ)دا و ئەوەی دەزانی کە نەهامەتیەکانی گەلی کورد لەو ساتەوە دەستی پێکرد تا ئاستی نکوڵی کردن لە بونی کورد وەک نەتەوە و ناسنامەش
ئیخوان و دەسەڵاتی مەلەکی و شۆڕشی یۆنیۆ
لەبابەتە وەرگێڕدراوەکەدا ئاماژە کراوە بەوەی کە ئیخوان پەیوەندی باشی هەبووە لەگەڵ دەسەڵاتی پاشایی میسری وابەستە بە داگیرکاری ئینگلیزەوە و بەجۆرێکیش باسی شۆڕشی یۆنیۆ دەکات کە نوسەرە عەرەبیە میسریەکە خواستویەتی کە زۆرێکیان بەشێکن لەنوسەرانی دەزگا ئەمنیەکانی میسر کە بەئەنقەست ئەو تەوەرانە زەق دەکەنەوە و پەیوەندی ئیخوان و پاشا تۆخ دەکەنەوە لەبەرامبەردا پەیوەندی ئیخوان و شۆڕشی یۆنیۆ نزیک بەسفر دەکەنەوە ئەگەر وەک دژە شۆڕشیش نەیانخەنەڕوو !!
ئەگەرچی بێ ئاگایانە لەکاتی وەرگێڕانی بابەتەکەدا تێپەڕیوە بەسەر ئەوەی کە لەهەمان بابەتدا و پاش چەند دێڕێک پێچەوانەی ئەوەی دەیخاتە ڕوو کە ئیخوان پەیوەنديیان باش بووە لەگەڵ دەسەڵاتی پاشایی و داگیرکاری بەریتانیدا، ئاماژە دەکات بەوەی کە لە ساڵی 1941 ئیخوان جیهازی تایبەتی دروستکردووە کە چەکداربوون ئەمەش بۆ بەرەنگاربونەوەی داگیرکاری ئینگلیزو و بەکرێگیراوەکانی بوو پێش شۆڕشی یۆنیۆ بەسەر دەسەڵاتی مەلەکیدا. ئەوە بابوەستێ کە بەیەک دێڕ باسی ڕۆڵی کەتیبەکانی ئیخوان موسلیمینی میسر و سودان و سوریا و عێراق و .. نەکردووە لە شەڕی فەلەستین دژ بەداگیرکاری بەریتانی و گروپە چەکداریيەکانی جولەکە کە مێژوویەکی گەورە و دیاری تەمەنی 90ساڵەی ئیخوان پێکدەهێنێت کە تاوەکو ئێستاش درێژەی هەیە لە چوارچێوەی بزوتنەوەی بەرگری فەلەستینی ئیسلامی ناسراو بە حەماس.
ئەوەشی بەدێڕێک باس نەکردووە کە پێشەوا ئیمان بەننا دامەزرێنەری ئیخوان موسلیمین لەسەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتیدا تیرۆرکرا دوای دەستگیرکردنی هەزاران لە شوێنکەوتوانی !!
ئیخوان و شۆڕشی یۆنیۆ
نوسەر یاخود دروستر وەرگێڕی بابەتە عەرەبیەکە وەک خواستی دەسەڵاتی داپڵۆسێنەری میسری، دەخوازێ وابخاتە ڕوو کە ئیخوان و شۆڕشی یۆنیۆ لەیەک دوورن هەندێ جار دەگاتە ئەو ئاستە لەچەواشەکاری کە وەک دژ بەیەک دەیان خەنەڕوو کەئەم چەواشەکارییە ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆسەردەمی جەمال عەبدونناسر کە دوای سەرکوتکردنی نەیارەکانی خواستی وابوو بەئارەزووی خۆی مێژووی شۆڕشەکە بنوسرێتەوە کەدواتر قەڵەمە چەپەکان و نوسەرەکانی دەزگای موخابەرات و دەسەڵاتدارەکانی سەردەمی جەمال و حوسنی درێژەیان پێدا و مێژووێکیان لە نوسینی چەواشەکاری دروستکرد کە بەداخەوە لە 2018 لەکوردستان هێشتا لەقۆناغی وەرگێڕانی ئەو نوسینە چەواشەکاریانەداین بەبێ ئاماژەکردن بەسەرچاوەکەشی
لەبەر ئەوەی بەهێزترین و خاوەن جەماوەریترین هێز لەمیسر لەوکاتەدا تەنها ئیخوان موسلیمین بوو وەک دوای هەڵبژاردنی یانەی ئەفسەرانی میسر بونی ڕێکخستنەکانی ئیخوان موسلیمن لەو یانەیەدا بەئاشکرا دەرکەوت شتێکی ئاسایی بوو کە ئیخوان موسلیمن و ڕێکخستنی ئەفسەرە ئازادی خوازەکان لە پەیوەندییەکی توندوتۆڵ و بەردەوامدا بوون بۆ ڕێکخستنی کودەتا سەربازیدەکەی 23ی یۆلیۆی 1952
سەڵاح شادی سەرکردەی ئیخوان لە کتێبی (حصاد العمر) ئاماژەی کردووە بەدانیشتنەکانی ئیخوان و ئەفسەرانی ئازاد لەماڵی ئەواندا ئەنجام دەدرا کە سەڵاح شادی و حەسەن عەشماوی و ساڵح ئەبو ڕەقیق و فەرید عەبدولخالق و عەبدولقادرحلمی بەنوێنەرایەتی ئیخوان لەماڵی سەڵاح شادی لەگەڵ نوێنەرانی ڕێکخستنی ئەفسەرانی ئازاد کۆدەبونەوە کە بریتی بوون لە جەمال عەبدولناسر و عەبدولحەکیم عامر و کەمالەدین حسێن و سەڵاح سالم و ئەنوەر سادات
ئەم کۆبونەوانە 18 و 19 و 21 یۆلیۆ بەیانی و ئێوارە بەردەوام بوو بۆ ڕێکخستنی کارەکان 23 یۆلیۆ دوبارە دانیشتنەوە سەرلەئێوارەکەی 26ی یۆلیۆ لە بنکەی سەربازی بەهەمان شێوە دانیشتنەوە وە 27یۆلیۆ ڕابەری گشتی ئیخوان موسلیمین ڕاوێژکار حەسەن هوزەیبی خۆشی بەشداری کۆبونەوەکەی کرد لەنێوان ئیخوان و ئەفسەرانی ئازاددا ،
سەڵاح شادی دەڵێت مەرجی ئیخوان ئەوەبوو کە بەشداریکردنیان وابەستەیە بەپابەند بونی دەسەڵاتی داهاتوو بە مەبادیئی ئیسلامیەوە و جەمال عەبدولناسریش بەنوێنەرایەتی هەمویان ئەو بەڵێنەی بەئیخوان داك بەڵام وتی سەرەتای کارەکە ڕایناگەیەنین بۆ ئەوەی وڵاتان دژی نەوەستنەوە دواتر دەیکەینە بەرنامەی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی دوای پاشایەتی.
گفتوگۆی نێوان ئیخوان و ئەفسەرانی ئازاد لەسەر ئەوە چڕبویەوە کەکێ دەسەڵات بگرێتە دەست جەمال عەبدولنار و بەشێک لە ئەفسەرانی ئازاد دەیان وت ناکرێت ڕاستەوخۆ ئیخوان بێتە سەر حوکم چونکە ئیسلامی بونی کودەتاکە کەشف دەبێت و وڵاتانی جیهان دژمان دەوەستنەوە و ئیخوانی ڕازی نەدەبوو بەهیچ جۆرێک حوکمی سەربازی جێگەی حوکمی پاشایەتی بگرێتەوە بۆیە لەسەر ڕێگەی سێیەم ڕێککەوتن کە کەسایەتیەکی سەربەخۆ ئەو ئەرکەی پێبسپێردرێت و ئەگەرچی گفتوگۆی چەند ناوێکیان کرد بەڵام ناوی کۆتاییان بەجێهێشت بۆ ڕوداوەکانی دوای کودەتاکە
ڕیتشارد میشل ڕێککەوتنی ئیخوان و ئەفسەرانی ئازادی لەچەند خاڵێکدا خستووەتە ڕوو کە ڕۆڵی ئیخوان لە کودەتای یۆلیۆ دەردەخات:
یەکەم : ئیخوان بەرپرسیارییەتی پاراستنی سەرجەم بیانی و دامەزراوەکانی حکومی و شوێنە گشتییەکان و قونسوڵخانەکان بگرێتە ئەستۆ بۆ ئەوەی هیچ لایەنێکی تێکدەر تێکچونی بارودۆخی وڵات بۆ کاری تێکدان نەقۆزێتەوە.
دووەم : ئیخوان وەک جەماوەر بڕژێنە سەر شەقامەکان بۆ پشتیوانی ئەفسەرانی ئازاد بۆ ئەوەی گەرموگوڕی بدەن بەخەڵکی.
سێیەم : لەئەگەری ڕوبەڕوبونەوەی دەزگای پۆلیس دژ بە ڕێکخستنەکانی ئەفسەرانی ئازادی سوپاك ئیخوان لەڕێی کەتیبەکانیەوە پچێتە پاڵ سوپا لەشەڕەکەدا.
چوارەم : لەئەگەری هاتنی سوپای بەریتانی بۆ پشتیوانی دەسەڵاتی پاشایەتی، ئیخوانەکان لەسەر ڕێگەی هاتن بۆ پایتەخت ڕێگرییان بکەن.
پێنجەم : لەئەگەری شکستهێنانی کودەتاکەدا ئیخوان پەنای ئەفسەرانی ئازاد بدات و بیانپارێت تا لەوڵات دەچنە دەرەوە.
بەکورتی ڕێککەوتن کە لایەنی جەماوەرییەکەی کودەتاکە ئیخوان لەئەستۆی بگرێت و لایەنی سەربازییەکەی ئەفسەرانی ئازاد کە هیچکامیان بێ ئەویتریان نەیدەتوانی بەتەنها کودەتا ئەنجام بدات
کەمالەدین حسێن ئەندامی ئەفسەرانی ئازاد لە موزەکەراتی خۆی لە گۆڤاری المصور ژمارەی رۆژی 26دیسەمبەری1975 ڕوداوی رۆشتنی خۆی و جەمال عەبدولناسر دەکات بەچونیان بۆلای نوێنەری ڕابەری گشتی ئیخوان موسلیمین سەرلەبەیانی 22یۆلیۆ بۆ دڵنیابوونەوە لە بەشداری ئیخوان و ئامادەکارییەکانی خۆبەخشەکانی ئیخوان بۆ دەستگرتن بەسەر ڕێگەی سویس بۆ ڕێگری کردن لەهاتنی سوپای بەریتانیا بۆ قاهیرە.
هۆکاری ئەوەی کە بەئاشکرا ئیخوان موسلیمین پشتیوانی کودەتاکەی رانەگەیاند ئەو ڕێککەوتنە نهێنیە بوو لەنێوان ئیخوان و ئەفسەرانی ئازاد کە زۆرینەی ڕێکخستنەکانی ئەفسەرانی ئازاد لەئەفسەرەکانی ئیخوان پتکهاتبوون بۆ ئەوەی لەبار نەچێت
دواتر جەمال عەبدولناسر نەک کودەتای کرد بەسەر رێکەوتنی ئیخوان و ئەفسەرانی ئازاددا بەڵکو لەنێو ئەفسەرانی ئازادیشدا، کودەتای کرد بەسەر هاورێکانیدا و محمد نەجیبی لەسەر کار لابرد کە بریار بوو سەرپەرشتی گواستنەوەی دەسەڵات بکات لە دەسەڵاتی سەربازیەوە بۆ دەسەڵاتی مەدەنی و بەیەکجاری دەسەڵاتی سەربازی خۆی سەپاند و 18ساڵ بە ئاگر و ئاسن حوکمی کرد و وڵاتی توشی شەڕ و ماڵوێرانی زۆرکردەوە.
بەداخەوە برای نوسەر بێ ئاگا لە ڕوداوەکانی مێژووی میسر و ئیخوان بەشێک لەبابەتە وەرگێڕدراوەکەیدا نوسیویەتی : «ماوەی نێوان ساڵانی 1952 بۆ 1970، واتە لەسەر وەختی سەرکەوتنی شۆڕشی یۆلیۆوە تا مردنی «جەمال عەبدولناسر» کەلە 28 ئەیلولی 1970دا ژیان جێدێڵێت، بە سەردەم و رۆژگاری شەڕی خوێناوی ئیخوان لەپێناو گەیشتن بە کورسی حوکمڕانیدا ناودێر بکەین»
یەکێک ئەم دێڕانە بخوێنێتەوە و وەک کاکی نوسەر هیچ شارەزایی نەبێت ئەوەی دێتە بەرچاو کە ئیخوان هەوڵی چونە دەسەڵاتیان دابێت و دنیایان قەتڵوعام کردبێت ، ئاخر لە 1952 تاوەکو مردنی دیکتاتۆر عەبدولناسر لە 1970 واتە 18ساڵ حوکمی ئاگر و ئاسن و ئەشکەنجە دژ بەنەیارانی لەسەرویانەوە ئیخوان موسلیمین کە گەورەترینیان بوو وە پشکی گەورەی ئەو لێدانەی بەرکەوت لەسەرەڕێی خەونی دیکتاتۆریەت و تاکڕەوی و حوکمی عەسکەرتاری جەمالدا کە دەیان هەزاری لێ زیندانی کردن و سەدانی لەسێدارەدان بێیت بەنەزانی و نەفامی لە 2018 وا بیخەیتە ڕوو کە کەسێک واتێبگات ئیخوان جەلادەکەبووە و قەتڵوعامیان کردووە جەمال و دارودەستەکەی وەک قوربانی بێتە بەرچاو !!
ئەمە جگە لەوەی لوتکەی نەفامی و نەزانیە ، نزمترین ئاستی ئەخلاقی گواستنەوەی زانیاری و ڕوداوەکانی مێژووە کە دیسانەوە بەداخەوە دەڵێم ڕوون دیارە مەقالەیەکی وەرگێڕدراوی عەرەبیە کە لەسەردەمی حوکمی دیکتاتۆری گەندەڵ حوسنی موبارەک نوسراوە پێش شۆڕشی ئاشتییانەی گەلی میسر و هاتنە سەر حوکمی ئیخوان لەڕێی سندوقی دەنگدانەوە و هێنانە خوارەوەیان تەنها دوای یەک ساڵ لەڕێی سندوقی فیشەکەوە !!
ڕەنگە خوێنەری ئێستەی کورد ڕوداوەکانی 2011 و شۆڕشی گەلی میسر و هێنانە خوارەوەی حوسنی موبارەک و هەڵبژاردنی د.محمد مورسی کاندیدی ئیخوانی بیربێت و ئەوەشی بیرە کە دوای یەک ساڵ بەکودەتایەکی سەربازی خوێناوی هێنرانە خوارەوە و سەرۆک و سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمان و وەزیر و پارێزگاری و 50هەزار لە ئەندامانیان پێنج ساڵە بەناڕەوا و بێبەش لەکەمترین مافی ئادەمی لەزیندانی دیکتاتۆر سیسی توند کراون
ئەگەر ئێستە کەسێک بێت و پێتان بڵێ ئیخوان مێژویەکی خوێناوی تۆمارکردووە لە 2011 تاوەکو 2018 بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات دژ بە سەرۆک عەبدولفەتاح سیسی چەندە جێی پێکەنین و سەرسوڕمان و گاڵتەجاڕیە ، دەی هەر ئاواش وەرگێرانی ئەو دێڕە لەجیاتی باسی مەزلومیەت و ئەشکەنجە و ئازاری ئیخوانەکان بکات لەزینداندا کە هەریەکێکیان شاکارێکن لەخۆراگری و سەردانەنەواندن بۆ ستەمکار هاتووە ئیخوانی وەک جەلاد و جەمال عەبدولناسری وەک قوربانی خستووەتەڕوو !!!
دوای ئەوەش ژمارەیەک ناوی ڕیز کردووە و وای خستووەتە ڕوو کە ئیخوانن مەگەر هەر نەشارەزایەکی وەک شوان ئەحمەد لەکاتی وەرگێڕانی بابەتی عەرەبی بەسەریداتێپەڕێت کە بۆ نمونە بکوژی ئەنوەر سادات بەئیخوان دەزانێت کەناوی خالید ئیسلام بولی بووە !! کەئەمە لوتکەی نەزانی و نەشارەزایی و تەرجومەکردنی ئەو نوسینە چەوشەکاریانەیە کە دەزگای ڕۆشنبیری سەربەموخابەراتی میسری بڵاوی دەکەنەوە دژ بەئیخوانی زیندانی کراو و ستەملێکراو و لێرەدا زۆر درێژەی نادەمێ بۆ ناوەکانیتر چونکە بەڕێزیشتان وەک خوێنەر زانیاریتان نیە و کاکی وەرگێڕیش ئەو نەبونی زانیاریەی قۆستووەتەوە بۆ ئەم چەواشەکاریە
هەر بۆ ئەوەی زۆر دڵنیابن ئەم بابەتە وەرگێردراوی بابەتێکە کەلەسەردەمی حوکمی حوسنی موبارە نوسراوە ئەم دەقەیتان بۆ دادەنێم کە دەڵێت : « رەنگە هەندێک هەبن بپرسن و بڵێن نەخێر سەردەمانی ئێستای ئیخوان، سەردەمی گەشانەوەو گەورەبوون و هەڵکشانە، بە بەڵگەی ئەوەی زۆرێک لە هەڵبژاردنی سەندیکاکان بە قازانجی ئەوان دەشکێتەوە. لە راستیدا بردنەوەی ئیخوانەکان لەو هەڵبژاردنانەداو هاوسۆزی هاوڵاتیانی میسر لەگەڵیاندا، ئەوەندەی پەیوەندی بە دزێوی و ناشیرینی سستمە حوکمڕانیە ئەبەدیەکەی «موبارەک»ەوە هەبوو، ئەوەندە پەیوەندی بە ئیخوان و بەرنامەکەیانەوە نییە»
ڕێک باسی سەرکەوتنی ئیخوان دەکات لە سەندیکا پیشەییەکانی مامۆستایان و ئەندازیاران و پزیشکان و پارێزەران و قوتابیان و ... لەسەردەمی موبارەک وەک ئەوەی باسی ئەوساتانە بکات و ئەیبەستێتەوە بەوەی دەسەڵات بێزراوە نەک بەرنامەی ئیخوان بەدڵی خەڵکی بوبێت!! ئەگەر بابەتەکە هی ئەو سەردەمەنیە و وەرگێردراو نییە، نوسەر دەبوو لەجێی ئاماژە بەسەرکەوتنی ئیخوان لەهەڵبژاردنەکانی سەردەمی موبارەک بکات لەسەندیکا پیشەییەکاندا، ئاماژەی بەسەرکەوتنی ئیخوان لەهەڵبژاردنی مەجلیسی شەعب و شورا و سەرۆکایەتی کۆماری میسردا بکردایە !!
دەستەکە زۆر کەشفە کە هیوادارام دووجار کاکی وەرگێڕ داوای لێبوردن بکات
جارێکیان لەنوسەری بابەتەکە کە ئاماژەی بەسەرچاوەکەی نەکردووە و نەیشی وتووە وەرگێڕدراوە یاخود لانیکەم وەرگێڕدراوە بەدەستکاریەوە
جارێکیشیان لەبەر ئەوەی 180پلە پێچەوانەی ڕاستی و مێژووی بەتەمەنترین قوتابخانەی فیکری میانڕەوی ئیسلامی هەڵەی شاخداری وەرگێڕاوە بۆ چەواشەکردنی خوێنەری کوردی.
لەکۆتاییدا بەبێ ئەوەی یەک دێڕ ئاماژە بە ئیخوان بکات لەسەردەمی شۆڕشی 25یەنایەری 2011 و بەبێ ئەوەی باسی ئیخوان بکات لەسەردەمی دوای سەرکەوتنی شۆڕش و هەڵبژاردنە دیموکراسی و ئازادەکانی سەردەمی دوای شۆڕش و بەبێ ئەوەی بەیەک دێڕ باسی کودەتاکەی سیسی بکات و بەبێ ئەوەی بەیەک دێڕ باسی ئیخوان بکات لەماوەی 5ساڵی حوکمی سیسی و زیندان و ئەشکەنجە و دیکتاتۆریەت و حوکمی سەربازی سیسی زۆر بەشێوەیەکی نەخوێندەوارانە و نازانستی وەک ئەوەی وایزانیبێت کەس نایخوێنێتەوە و تەنها تایتڵەکەی دەبینێت ئۆباڵی هەرچی نەهامەتیە لە ئەستۆی هەرچی دیکتاتۆری ناوچەکەیە لەماوەی 90ساڵی ڕابردوو دەکاتەوە و دەیسڕێت بەسەر مێژووی پڕ لەشکۆ و نەبەردی و مەردایەتی ئیخوان و ئیخوانەکاندا کەئەگەر ئیخوان مسوڵمان نەبونایە ئەوا مێژوو و قوربانی و کاریگەریان دەبوویە دەقی دەیان فیلمی هۆڵیود و کارەکتەرەکانی دەیان نۆبڵ و خەڵاتی جیهانیان پێدەبەخشرا
من لەساڵیادی 90ساڵەی دامەزراندنی ئیخوان موسلیمیندا ئەو بەشەیتان بۆ تەواو دەکەم کە کاک شوان هیچی لەسەر نەوتووە چونکە ئەو بابەتەی کەوەری گێڕاوە بۆ کوردی باسی نەکردووە و بابەتێکی کۆنبووە
ئیخوان و شۆڕشی 25ی یەنایەری 2011
دوای شۆڕشی گەلی تونس و ڕاکردنی سەرۆکی دیکتاتۆری تونس گەلانی ناوچەکە و لەنێویشیاندا گەلی میسری تینو بەئازادی لە 25ی یەنایەری 2011 کەهاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژی شورتەی میسری دژ بە ئەشکەنجەی خەڵکی لە زیندانی شورتەدا ڕژانە سەرشەقامەکان لە قاهیرەی پایتەخت و مەیدانی تەحریر. ئیخوان موسلیمین سەرکردەکانی بەڕۆژێک پێش خۆپیشاندانەکان لەتەواوی پارێزگاکانی میسر دەستگیرکران وەک گەورەترین هێزی مەدەنی و جەماوەری، بەڵام خۆپیشاندانەکە ئەنجامدرا سەرکردە ناوەندییەکان و گەنجان و جەماوەری ئیخوان بەشداری خۆپیشاندانەکانیان کرد خەڵک بڕیاریاندا داواکارییەکانیان بەرزکەنەوە بۆ ئیسقاتی نیزام و ئیخوان موسلیمینیش بە بەیاننامەیەکی پشتیوانی کردن و داوای لەهەموو ئەندامانی کرد بڕژێنە سەرشەقام لەتەواوی پارێزگاکانی میسر
رۆژی هەینی کە بە هەینی توڕەیی ناسرا خەلکی سەرجەم زیندانەکانی تێکشکاند و سەرکردەکانی ئیخوانیان لە زیندانەکان ئازادکرد و چونە ناوخۆپیشاندەران
لەماوەی 18 ڕۆژدا و دوایی قوربانیەکی زۆر حوسنی موبارەک ناچار بوو دەستبەردار بونی خۆی لەپۆستی سەرۆک کۆمار ڕاگەیەنێت و دەسەڵاتەکانی بگوازێتەوە بۆ ئەنجومەنی سەربازی وڵات
دوای ئەوە بۆ گواستنەوەی دەسەڵات لە ئەنجومەنی سەربازی بۆ دەسەڵاتێکی مەدەنی هەڵبژاردنی مەجلیسی شەعب ئەنجامدرا کە ئیخوان زۆرینەی بەدەست هێنا و دواتریش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار ئەنجامدرا کە کاندیدی ئیخوان دکتۆر محمد مورسی سەرکەوتنی بەدەست هێنا کە کاندید ئیخوان و ئیسلامیەکان و شۆڕشگێران و هێزە مەدەنیەکان بوو بەرامبەر بە ئەحمەد شەفیقی کاندیدی دەسەلاتی پێشوو و سوپا و وڵاتانی خلیج.
لە ساڵیادی یەکەمی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری محمد مورسیدا کودەتا ئەنجامدرا بەسەریدا دوای ساڵێکی پڕ لەبەربەست و تەنگوچەڵەمە بۆ دروستکردنی کەزانیان ئیخوان و کاندیدەکەیان بەسەرهەموو بەربەستەکاندا سەرکەوت دەستیان برد بۆ کۆتا کارتیان کە ئەویش کودەتای سەربازی بوو ، خەڵکی بۆ بەرگری لە دەنگەکانیان و ڕێگری لەکودەتای سەربازیك ڕژانە سەرشەقامەکان و کودەتاچیەکان قەتڵوعامیان کردن و هەزارانیان لێ کوشتن بەبەرچاوی هەموو جیهانەوە.
لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا، کە پێنج ساڵ تێپەڕیوە دەیان هەزار کەس کە سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراو و دەیان پەرلەمانتاری نوێنەری هەڵبژێردراوی میللەتی بەسەرۆکی پەرلەمانیەشەوە و بەسەدان مامۆستای زانکۆو زانای ناودار و کەسایەتی لەزیندان توندکراون و بێبەشکراون لە کەمترین ئاستی خزمەتگوزاری کە شایستەبێت بە ئینسانێکی تاوانباریش چجای ئینسانێک کە لەنوخبەی سیاسی و زانستی و ئەکادیمی و گەنجی وڵاتەکەبن و هەبژێردراوی میلەتبن
پێنج ساڵە مورسی کەسی نەدیوە و لەنێو قەفەزێکی شوشەییدا دادگایی دەکرێ و ئەو لەودیوەوە ئەمدیوە شوشەکە نابینێ و دەنگیشی نابیستێ !
باری تەندروستی ناجێگیرە و ڕێگەی نادرێ لەسەر ئەرکی خانەوادەکەشی چارەسەری بۆ بکرێ !
دەیان کەس و ناوداری میسر لەزیندان مردن بە نەخۆشی کە ڕێگەیان نادرێ چارەسەرین بۆ بکرێ
چیرۆکەکانی پێنج ساڵی ناو زیندان و خۆڕاگری ئیخوانەکان و بەزینی جەلادەکان لەبەرامبەر ئیرادەی پۆڵاینیان هەریەکێکیان داستان و چیرۆکێکن کە بۆ ئەوە دەشێن هەموو مرۆڤایەتی شانازیدان پێوەبکات
جێگەی خۆیەتی دوای 90ساڵ ئیتر خاڵ دانرێت بۆ ئەم جۆرە نوسینە سەرپێییانەو ئەم وەرگێڕانی بابەتی سەربەدەزگای موخابەراتی میسریانەوە بەوپەڕی شانازیەوە لەبەردەم تەمانی بەرزی 90ساڵە و پانایی بەرفراوانی دەیان وڵاتی ژێرپێی مەدرەسەی ئیخوان و ژمارەی دەیان هەزار و ملیۆنانی پەروەردەی نوخبەی سیاسی و فیکری و مەدەنی و زانستی ئەو مەدرەسەدا تێبینیەکانمان لەسەر ئەدای ساسی و جیاوازی فیکری و ئایدۆلۆجی وەلانێین و بەوپەڕی سەربڵندی و شانازیەوە سڵاوی نەبەردی و مەردی و کۆڵنەدان و گیانبەختی و لەخۆبوردەییان پێشکەش بکەین یان لانیکەم بێدەنگ بین و درۆ و بێئینسافی نەکەین لەئاستیاندا.