پاشه‌ڕۆژى منداڵانى خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت لەمهترسیدایه
6 ساڵ لەمەوپێش
پرۆفیسۆر دکتۆر که‌ریم شه‌ریف قه‌ره‌چه‌تانى
به‌ڕێزان:-
کاک فاروقى مه‌لا مسته‌فا
کوڕانى کاک حاجى محەمەدى بامۆکى
کاک زاهیرى که‌ریمه ره‌ش
کاک شێخ ته‌یب (کۆمپانیاى قه‌یوان)
کاک نه‌جمه‌دین (خاوه‌نى کۆمپانیاى نه‌جمه‌دین)
به‌ڕێزان خاوه‌ن کۆمپانیاکانى دیوان و سه‌رجه‌م ده‌وڵه‌مه‌ندو خێرخوازانى تر‌ى شارى سلێمانى
به به‌ڕێزتان راده‌گه‌یه‌نم که‌ئێمه چه‌ند که‌سێک له‌لیژنه‌ى تایبه‌ت به‌منداڵانى خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت له‌دیوانى پارێزگاى سلێمانى ماوه‌ى (6) ساڵه خۆبه‌خش به‌بێ به‌رانبه‌ر ده‌ستنیشانى منداڵانى خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت ده‌که‌ین، به‌ڵام هه‌ست ده‌که‌ین ئامانجى ده‌ستنیشانکردنه‌کان و بڕیاره‌کانى لیژنه‌که نایهنهدى له‌به‌ر ئه‌م هۆکارانه‌ى خواره‌وه:-
1-ژماره‌یه‌ک له‌منداڵان گه‌شه‌یان زۆر دواکه‌وتووه‌و رێژه‌ى زیره‌کییان له‌خوار (50) نمرهیهو ناتوانن له‌خوێندنگاو قوتابخانه‌کانى منداڵانى ئاسایى بخوێنن و پێویستیان به‌سه‌نته‌رى تایبه‌ت هه‌یه، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌هه‌موو هه‌رێمى کوردستان یه‌ک سه‌نته‌رى تایبه‌ت به ئه‌و منداڵانه نییه (بێجگه له ئه‌و سه‌نته‌ره‌ى که‌کاتى خۆى ئێمه له رێگاى به‌ڕێز پارێزگارى پێشووى سلێمانى داوامان له‌کۆمپانیاى قه‌یوان کرد بۆمان دروستبکات که به‌سوپاسه‌وه به‌ده‌نگ داواکه‌مانه‌وه هاتن، به‌ڵام دواى ته‌واوبوونى هیچ په‌یوه‌ندیان به‌ئێمه‌وه نه‌کرد تا هاوکاریان بکه‌ین، له‌لایه‌کى تریشه‌وه ناویان ناوه خوێندنگا نه‌ک سه‌نته‌ر که‌ئه‌مه له‌گه‌ڵ ئامانجه‌کانى ئێمه‌و وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده یه‌کناگرنه‌وه، له‌هه‌مان کاتیش‌دا دواى ته‌واوبوونى تائێستا سوودى لێوه‌رنه‌گیراوه)، له‌به‌رئه‌وه پێویسته چه‌نده‌ها سه‌نته‌رى هاوشێوه‌ى ئه‌و سه‌نته‌ره بکرێته‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ى هه‌زاران منداڵ پێویستیان به‌ئه‌و سه‌نته‌رانه هه‌یه، نه‌ک ته‌نها له‌ناو شاره گه‌وره‌کان به‌ڵکو لهشارۆچکهو شارهدێکانیش.
2-ژماره‌یه‌کى تر له ئه‌و منداڵانه‌ى کهدهستنیشانیان ده‌که‌ین رێژه‌ى زیره‌کییه‌کانیان له‌نێوان (50) بۆ (70) نمره‌یه ئه‌مانه‌ش ناتوانن سوود لهپرۆگرامهکانى منداڵانى ئاسایى وه‌ربگرن، به‌ڵکو پێویستیان به‌پۆل و پرۆگرام و مامۆستاى تایبه‌ت هه‌یه، که به‌داخه‌وه به‌هه‌وڵ و کۆششى هه‌موو لایه‌ک ته‌نها توانیومانه (4) پۆلى تایبه‌ت له‌چوار خوێندنگا بکه‌ینه‌وه، که‌ئه‌وانیش پڕبوون و هه‌زاران منداڵى تر پێویستیان بهپۆلى تایبه‌ت هه‌یه‌و له‌ناو قوتابخانه‌و خوێندنگاکان نین و زۆربه‌ى قوتابخانه‌کان ده‌ڵێن ئێمه ناتوانین ئه‌و پۆلانه بکه‌ینه‌وه‌و مامۆستاشمان نییه.
3-ژماره‌یه‌کى تر له ئه‌و منداڵانه‌ى ده‌ستنیشانیان ده‌که‌ین رێژه‌ى زیره‌کیان له‌نێوان (70) بۆ (85) نمرهیهو ئه‌مانیش ده‌چنه چوارچێوه‌ى ئه‌و منداڵانه‌ى کههێواش فێرده‌بن و پێویستیان به مامۆستاى دووهه‌م هه‌یه تا له‌ناو پۆلى ئاسایى ئاسانکاریان بۆ بکه‌ن، کاتێک ئێمه داوا له‌به‌ڕێوه‌به‌رى قوتابخانه‌کان ده‌که‌ین که‌مامۆستاى دووهه‌میان بۆ دابین بکه‌ن، ئه‌وا زۆربه‌ى زۆرى به‌ڕێوه‌به‌ره‌کان ده‌ڵێن ئێمه مامۆستامان بۆ منداڵانى ئاسایى نییه، چۆن بتوانین مامۆستا بۆ ئه‌و جۆره منداڵانه دابین بکه‌ین که به‌هه‌زاران منداڵن؟.
4-ژماریه‌کى تر له ئه‌و منداڵانه‌ى ده‌ستنیشانیان ده‌که‌ین ته‌مه‌نیان گه‌وره بووه‌و سوود لهپرۆگرامهکانى خوێندن وه‌رناگرن و پێویستیان بهپهیمانگاو سه‌نته‌رى راهێنانى پیشه‌یى هه‌یه تافێرى پیشه‌و کارێکیان بکه‌ن و له‌داهاتوو بژێوى خۆیان دابین بکه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه ته‌نها یه‌ک په‌یمانگا له‌وه‌زاره‌تى کار‌و کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى هه‌یه‌و پێویستمان به‌ده‌یان په‌یمانگاى تر‌ى هاوشێوه‌ى ئه‌و په‌یمانگایه له‌ناو سه‌نته‌رى شاره‌کان و شارۆچکه‌و شاره‌دێکان هه‌یه.
بۆ که‌مکردنه‌وه‌ى که‌مێک لهئازارو ناخۆشییه‌کانى دایک و باوکى منداڵانى خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت و دابینکردنى هه‌ندێک له‌مافه‌کانى منداڵانى خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت (ئۆتیزم ، داون سیندرۆم، ADHD، بیرکۆڵه‌کان، ئه‌وانه‌ى گه‌شه‌یان دواکه‌وتووه، ئهسپینگهر سیندرۆم، ئیفلیجى مێشک، نابینا و نابیستان .....هتد) داواکارى ئێمه له‌به‌ڕێزتان و که‌سانى تر‌ى وه‌ک ئێوه‌ى خێرخواز ئه‌مانه‌ى خواره‌وه‌یە:-
1-هاوکارى قوتابخانه‌و خوێندنگاکان بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن پۆلى تایبه‌ت بۆ ئه‌و منداڵانه بکه‌نه‌وه، که‌پێویستیان به‌شوێن و مامۆستا هه‌یه، بۆ شوێنه‌که ده‌توانرێت له‌هه‌ر قوتابخانه‌یه‌ک هۆڵێک یان دوو هۆڵ که رووبه‌ره‌که‌یان له (40م2) که‌متر نه‌بێت دروستبکرێن یان کابینه‌و که‌ره‌ڤانه‌یان بۆ بکڕدرێت، بۆ دابینکردنى مامۆستاش، به‌ڕێزتان ده‌زانن ئێستا هه‌زاران ده‌رچووى زانکۆ‌و په‌یمانگاکان بێکارن و تووشى خه‌مۆکی و بێزارى بوون، ده‌توانن به‌گرێبه‌ست هه‌ندێک له ئه‌و ده‌رچووانه دابمه‌زرێنن و خوولى تایبه‌تیان بۆ بکرێته‌وه تا ببن به‌مامۆستاو راهێنه‌رى ئه‌و جۆره منداڵانه له‌ناو پۆلى تایبه‌ت، به ئه‌و کاره‌تان له‌لایه‌ک کار‌و پیشه بۆ ژماره‌یه‌ک له ئه‌و ده‌رچووه بێکارانه دابین ده‌که‌ن و له‌لایه‌کى تریشه‌وه مامۆستا بۆ منداڵانى خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت ده‌سته‌به‌رده‌که‌ن.
2-پێویستمان به چه‌نده‌ها سه‌نته‌رى تر‌ى وه‌ک ئه‌و سهنتهرهیه که کۆمپانیاى قه‌یوان دروستیکردووه، داواکارین چه‌ند سه‌نته‌رێکى تر‌ى له ئه‌و شێوه دروستبکرێت.
3-پێویستمان به‌سه‌دان مامۆستاى په‌روه‌رده‌ى تایبه‌ت هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ک مامۆستاى دووهه‌م هاوکارى منداڵانى خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت له‌ناو پۆلى ئاسایى بکه‌ن، ئه‌وه‌ش به‌گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ ده‌رچووانى زانکۆ‌و په‌یمانگاکان چاره‌سه‌رده‌کرێت تا ئه‌وکاته‌ى حکومه‌تى هه‌رێم ده‌توانێت خۆى بیناو مامۆستاى پێویست بۆ ئه‌و جۆره منداڵانه دابین بکات، حه‌زده‌که‌م به‌به‌ڕێزتان رابگه‌یه‌نم که (5 ساڵ ) پێش ئێستا داوامان له‌به‌ڕێز وه‌زیرى په‌روه‌رده کرد که نووسراو بۆ وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا بکات و داواى ئه‌وه‌یان لێبکات که به‌شى په‌روه‌رده‌ى تایبه‌ت له‌زانکۆکانى هه‌رێمى کوردستان بکاته‌وه، زۆر سوپاسى هه‌ردوو به‌ڕێز وه‌زیرى په‌روه‌رده‌و وه‌زیرى خوێندنى باڵا ده‌که‌ین که ره‌زامه‌ندیان نیشاندا له‌چوار زانکۆ (سلێمانى و دهۆک و هه‌ولێرو چه‌رمۆ) به‌شى په‌روه‌رده‌ى تایبه‌ت بکرێته‌وه‌و پشتیوان به‌خودا دواى دوو ساڵى تر سه‌دان ده‌رچوومان ده‌بێت که پسپۆڕى وردیان په‌روه‌رده‌ى تایبه‌ت ده‌بێت، که به‌داخه‌وه تاوه‌کوو ئێستا یه‌ک مامۆستاى پسپۆڕمان له‌په‌روه‌رده‌ى تایبه‌ت نییه کهدهرچووى به‌شى په‌روه‌رده‌ى تایبه‌ت بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌نده‌ها مامۆستاى تر به ئه‌وکاره هه‌ڵده‌ستن و تا راده‌یه‌ک له‌هه‌ندێک خوێندنگا‌و قوتابخانه ئه‌و بۆشاییه‌یان پڕکردۆته‌وه. چاوه‌ڕوانى هیممه‌ت و دڵسۆزى به‌ڕێزتانین.