ئێمەش لە سەگەکان دەترساین
6 ساڵ لەمەوپێش
د.ساماڵ مانی
لە مەفرەزەیەکی گەورە و زۆر ئازا، تەنها من لە ڕەگەزی مێینە بووم لە ناویاندا. ئەو شەوە دەبوایە لە ناوچەیەکی نزیک بە ڕەبایەکانی بەعسی عێراقی دا تێپەڕبوینایە.
بە ڕیز یەک بە دوای یەکدا ئارام ئارام دەڕۆیشتین، ئاگامان لە ژێر پێمان بوو نەکا بەردێک خل بکەینەوە و دەنگی بگات و ئاشکرا بین، نەماندەویست کەس پێمان بزانێت، حەیف بوو پێش گەیشتن بە شوینی مەبەست توشی شەڕ ببین.
لەو شەوە تاریک و بێدەنگانەدا؛ گوێمان لە هەناسەی خۆمان بوو، دڵمان لە ژێر پێماندا بوو، ژیانمان لەناو لەپی دەستماندا. لە پڕێکدا ؛ ئەو بە گوێی ئەمیدا چرپاند و ئەم بە گوێی ئەوەی پێش خۆی و ئەویتر بە چرپە گەیاندی بەمیتر و ئەویش بە من و منیش حەپەسام بەڵام گەیاندم بە وەی لە پێش منەوە دەڕۆیشت تا بیگەینێ بەوانەی پێش خۆی.
چرپەکە، بڕیارێک بوو؛ بڕیارەکە وابوو ڕێگەکە بگۆڕین گەرچی نیو سەعاتێک دوای دەخستین، لەبری ئەوەی بەو دێیەی پێشمانەوە تێپەڕین، ڕێگەیکیتر دەگرینە بەر.
بە چرپە ووتم: " بۆ؟ نیوسەعات ڕێگەکەمان دورکەوێتەوە زۆرە؟ " ئەو پێشمەرگە پیاوەی لە دوای منەوە دەڕۆیشت بە منی ووت: "کاکە، ئاخر لەوەپێش بە قەراغ ئەم دێیەدا تێپەڕیووین، سەگی هاریان زۆرە. ئەو پێشمەرگە پیاوەی لە پێشمەوە دەڕۆیشت ئاوڕێ دایەوە وپێی ووتم:" ڕاست دەکات، عەیب نیە، من بەش بە حاڵی خۆم لەسەگ دەترسم، سەگی ئەم ناوە زەبەلاح و هارن، هەر یەکەی بەقەد گوێرەکەیەک ئەبن، بڕوات بێت بۆمان بێن هەر لێمان نابنەوە."
من پێکەنیم و دوای منیش پێکەنینێکی بێ دەنگ پرژا لە نێوانماندا. بەڵام لە دڵەوە کردمان بە بڕیاری هەموومان: بەلای "سەگ" دا تێنەپەڕین.
ئەمە بەشێکە لە بیرەوەریەکانی هاوڕێ ڕابی، دواتر لە کتێبێکدا بڵاودەکرێتەوە.
د.ساماڵ مانی
لیکۆڵەرەوە لە بواری فەلسەفەدا - پۆست دکتۆرا