ڕێژنه‌ى داتا و زانیارییەکان له کۆتاى هەموو ساڵێکدا
6 ساڵ لەمەوپێش
ئامانج جەلال / ماستەر لە بوارى وەبەرهێناندا
یه‌كێك له سیما دیاره‌كانى وڵاتانى پێشكه‌وتوو بریتیه له پشت به‌ستن به داتا و زانیارى له كارى حكومڕانى و به‌رێوه‌بردن و پلاندانان بۆ داهاتویان بە تایبەتى لە رووبەرووبوونەوەى كێشه و گرفتە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا. به پێچه‌وانه‌ى گه‌لانى دواكه‌وتوو كه نه‌ك هه‌ر گرنگى به داتا و زانیارى ناده‌ن به‌ڵكو هه‌ندێك جار داتا و ژماره‌كان وه‌سیله‌یه‌كن بۆ شاردنەوەى فەشەلى حکومرانى و بەڕێوەبردنى وڵات لە پێناو درێژه پێدان و سه‌پاندنى ده‌سه‌ڵاتی تاکە کەسى و تاقمێک بە ئامانجى درێژكردنه‌وه‌ى ته‌مه‌نیان.
هه‌رێمى كوردستانیش وه‌ک زۆریك له كۆمه‌ڵگه دواكه‌وتووه‌كانى دونیا و وه‌ك زۆریك له نادامه‌زراوه‌ى كابینه یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كانى, داتا و ژماره هیچ بایه‌خ و گرنگیه‌یه‌كى ئەوتۆى بۆ نه‌بووه, وە هیچ ڕێکخستنێکى مۆدێرن و سیستەماتیکى لەم بوارەدا نەکردوە, هه‌رگیز نه‌یتوانیوه داتا و زانیارییەکان بكات به نه‌ریتێكى باشى حكومرانى له چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و پلانه هه‌مه‌جۆره‌كانیدا, ته‌نانه‌ت تا ئه‌و ئاسته له‌م بواره‌دا لاوازه كه نه‌یتوانیوه بیكات به وسیله‌یه‌كى باش بۆ به‌رگریكردن له كاره باشه‌كانی خۆشی. تۆ ببیه‌نه حكومه‌تێك تاوكو قه‌یرانى داراى به‌سه‌ر نه‌هات نه‌یزانیوه به ده‌قیقی ژماره‌ى فه‌رمانبه‌ر و موچه‌خۆرى چه‌نده!! . نەیتوانیوە وەک وەسیلەیەک بۆ هەڵسەنگاندنى ئەداء و کفائەى فەرمانگەکان بەکاریبهێنێت, نەیتوانیوە وەک وەسیلەیەک بۆ دانان و هەڵسەنگاندنى کەسى شیاو لە شوێنى شیاودا بەکاریبهێنێت.
یه‌كێك له دیارده هه‌ره ناریکخراو و پەرش وبلاوەکانى دام و دەزگاکانى حکومەتى هەرێم بریتیە لە ڕێژنەى بڵاوکردنەوەى داتا و ژمارەکان لە کۆتاى مانگەکانى هەموو ساڵێکدا, لە ڕێگەى کۆنگرەى رۆژنامەوانیەوە, لە بەرزترین ئاست کە وەزارەتە تاوەکو نزمترین یەکەى بەڕێوەبردن کە قەزا و ناحییە, ئەم لە کاتێکدایە هیچ پارێزگایەک و تەنانەت هیچ یەکەیەکى بەڕێوەبەراتیەکان نى یە کە فەرمانگەى ئامار و زانیارى نەبێت, کەچى لە کۆتاى هەموو ساڵێکدا ئۆپەراسیۆنى بڵاوکردنەوەى داتا و ژمارەکان دونیا دەتەنێت, بەبێ ئەوەى رافەیەکى زانستى بۆ بکرێت و ئاستى ایجابیات و سەلبیاتى ئەو ژمارنە بخرێتە روو, بەبێ ئەوەى لە چوارچێوەى پاکێجێکى زانستى و یەکگرتوتدا لە سەر ئاستى هەر پارێزگایەک و دواجاریش هەموو حکومەت بڵاوبکرێتەوە, بەبێ ئەوەى گۆرانکارى جدى و بڕیارى جدى بەدواى خۆیاندا بێنن, ئەوەى جێگەى سەرنجە مه‌حاڵه به‌رپرسى یەکەمەکانى فەرمانگەکان ببینى به راشكاوى داتا و ژماره نێگه‌تیڤ بڵابكەنەوە به‌ڵكو ته‌نها ئه‌وانه بڵاوده‌كاته‌وه كه سه‌روه‌رین بۆ خودى كه‌سیه‌تیان, یان بۆ به‌رگریكردنیان له و ره‌خنه‌و گله‌یانه‌ى لییان ده‌كرێت, ته‌نانه‌ت كار گه‌شتوه‌ته ئه‌و ئاسته‌ى بۆ مانه‌وه له‌سه‌ر كورسى و خۆ قوتاركردن له لاوازى و شكستى به‌رێوه‌بردنیان داتاى هه‌ڵه‌ش بڵاوبكرێته‌وه, به‌بێ ئه‌وه‌ى كه‌سێك محاسه‌به بكرێت له‌سه‌رى, بەبێ ئەوەى بەدواداچونێکى جدى هەبێت لەسەریان. ئه‌گه‌ر ئه‌مه بۆ داپۆشینى شكستى كه‌سى بێت له‌به‌ر چاوى به‌رپرسه‌كان ئاسایه, به‌ڵام بیرلەوە بکەرەوە ئەگەر ئەم هەرێمە هاوشێوەى وڵاتێكى دامه‌زراوه و خاوه‌نى ئابورییه‌كى به هێز و بازارێكى بۆرصه و پشك بووینایە , زانیاریی هه‌ڵه چى كاره‌ساتێكى ئابورى و کۆمەڵایەتى به‌دواى خۆیدا ده‌هێنا. كاره‌ساته‌كه له‌وه‌دایه بته‌وێت لەسەر بنەماى داتا و ژمارە بڵاوکراوە هەڵەکان ستراتیجى داهاتووى ئەم هەرێمە و دامەزراوەکانى دابرێژڕێت. بتەوێت وەک خاوەنکارێکى سەربەخۆ پلانى بازرگانى و وەبەرهێنان دابنەیت. بتەوێت لەسەر بنەما ئەو داتانە هاندانى وەبەرهێنانى بیانى و ڕاکێشانى سەرماى بیانى بکەیت.
له ئێستا هیچ ئه‌ركێك له‌وه گه‌وره‌تر نى یه کە بەپرسە یەکەمەکانى حکومەت و پەرلەمانتارەکان كارى بەدوادچون و پشتراستكردنه‌وه‌ى راست و دروستى داتا و ژماره‌كان بکەن وە بەدواداچون و لێپرسینەوە لە بەرپرسە راستەوخۆکانى فەرمانگەکان بکەن وە گوێ لە گرفت و هۆکارەکان بگرن چونکە هەمیشە مەرج نى یە دەرئەنجامە خراپەکان هۆکارى خراپى بەڕێوەبردن بێت بە تەنها. دەکرێت هۆکار گەلێک بن پێویستى بە پلان و ستراتیجى گەورە هەبێت.
باشترین ڕیگە چارە بۆ ئەم دیاردە ناشارستانى و نازانستیە بریتیە لە کاراکردنى رۆڵى فەرمانگەکانى ئامار بەشێوەیەک کە سەرجەم دام و دەزگاکان داتاکانیان لە ژێر چاودێرى و بەرنامەى ئەواندا بەشێوازێکى رێکخرا و یەکخراو کۆبکەنەوە, وە پاشان لە ئاستى هەر پارێزگایەکدا هەموو داتا‌کان بە یەک پاکێج یان لە چوارچێوەى کتێبێک‌دا بڵاوبکرێتەوە, وە بیگەیەنن بە تەواوى سەنتەرە ئەکادیمیەکان تاوەکو ئەوان بەپێى تایبەت مەندى و لەسەر بنەماى زانستى رافەى بکەن و گۆرانکارییەکان بە سلبى و ایجابیەوە بخەنە روو. وە ئەم نەریتە ناشارستانیەى کە هەیە لە خستنە رووى داتا و زانیار تەنها بۆ بەردەم مایکى راگەیاندنەکان کۆتایبێت, لەبرى ئەوە خستنە ڕووى داتا و زانیارى بە ئامانجى چارەسەرى گرفتەکان و دیاریکردنى کەم و کوڕییەکان بێت, داتا و زانیارى ببێت بە وسیلەى هەڵسەنگاندنى ئەداء و کفائەى هەر دام دەزگایەک لە گەیشتن بە ئامانجى ئەرکەکانیان.