ئایا گاندی کەسێکی راسیزم بووە؟

6 ساڵ لەمەوپێش



ئەردەڵان عەبدوڵڵا

لە ماوەی پێشوودا کەناڵی بی بی سی چەند راپۆرتێکی لە بارەی مەسەلەیەکی شاراوەی ژیانی رابەری ناسراوی هیندی " مهاتاما گاندی" وروژاند، کە ئەوەش پەیوەندی بە فکری راسیزمی گاندییەوە هەبووە بەرامبەر بە  رەشپێست و ئەفریقییەکان. دوو نوسەری ئەفریقیش لە کتێبێکدا باسیان لەو خاڵە کردووەو گاندی بە راسیزم تاوانبار دەکەن، ئەوەش بەهۆی بوونی چەند بۆچونێکی گاندییەوە بەرامبەر بە ئەفریقییەکان کە پێی وابووە رەگەزی ئەفریقی لەچاو رەگەزی هیندیی و سپی پێست کەمترە، هەروەها داواشی لە هیندییەکانی باشووری ئەفریقا کردووە، کە تێکەڵاوی ئەفریقییەکان نەبن. گەرچی لایەنگرانی گاندی دژی ئەم بۆچوونە دەوەستنەوە بە هەڵمەتی ناشیرینکردنی کەسایەتی گاندی دادەنێن و پێیان وایە گاندی  بۆ خەباتی رزفگاریخوازی باشووری ئەفریقا، ئیلهام بەخش بووە .

کتێبێکی گرنگ لە بارەی ژیانی گاندی  لە باشووری ئەفریقا

لە ماوەی پێشوودا هەردوو مێژوونوس و نووسەری باشووری ئەفریقا  کتێبێکیان لە بارەی ژیانی گاندی لە باشووری ئەفریقاوە نووسیوە، بۆ نووسینی ئەو کتێبەش ئەو دوو نووسەرە 7 ساڵ بە دوای سەرچاوەو لێکۆڵینەوە دەگەڕێن لە بارەی ئەو ساڵانەی ژیانی گاندی لەنێوان ساڵانی 1893 بۆ 1914 کە لە باشووری ئەفریقا ژیاوە. لەو لێکۆڵینەوەیەدا چەند بەڵگەیەکیان دەستکەوتووە کە وەکو راستییەکی حاشا هەڵنەگرن لە بارەی ژیان و بیروبوچۆنی گاندییەوە، هەروەها  دەریدەخات کە گاندی بۆچوونێکی راسیزمانەی لە بارەی ئەفریقییەکانەوە هەبووە.

چەند بەڵگەیەکی گرنگ

لەو کتێبەدا چەند بەڵگەیەکی مێژووییان دەرخستووە کە تێیدا ئەو راستییەی سەلماندوەوە. کە لە ساڵی 1893 دا گاندی نامەیەکی بۆ پەرلەمانی " ناتال" دەنووسێت تێیدا دەڵێت: لێرە زۆربەی هیندییەکان ئەو هەستەیان لا دروستبووە، کە هەمان مامەڵەی ئەفریقییەکانیان لەگەڵدا دەکرێت. واتە رەگەزی هیندی لە رەگەزی ئەفریقی پێ بەرزتر بووە.  هەروەها لە ساڵی 1904 داوای لە دائیرە تەندروستی شاری یوناسبێرگ کردووە، کە " ئەفریقیەکان " لە گەڕەکە هیندییەکان دەربکەن.

دژی تێکەوڵاکردنی هیدنییەکان بووە لەگەڵ ئەفریقییەکان

گاندی لە ساڵی 1905 یشدا  دەنووسێت: نابێت هیندییەکان لە نەخۆشخانەکان تێکەڵاوی ئەفریقییەکان بن  ، بۆئەوەی تووشی نەخۆشێ نەبن. لەمەشدا دووبارە ئەو هەستە راسیزمە دەردەکەوێت.

پشتگیری رژێمی راسیزمی ئەفریقای کردووە

جێگەی ئاماژەیە پێش چەند ساڵێکیش چەند مێژوونوسێکی باشووری ئەفریقا، گاندیان بەوە تۆمەتبار کرد، کە پشتگیری حکومەتی رژێمی راسیزمی باشووری ئەفریقای کردووە.

باوەڕی بە یەکسانی رەگەزی ئاریی هەبووە

لەلایەکی ترەوە ئەو نووسەرانە گاندی بەوە تۆمەتبار دەکەن کە : باوەری بە برایەتی نێوان رەگەزی ئاری هەبووە، بەتایبەتی لە نێوان رەگەزی هیندیی و سپی پێستەکان، ئەمەش مانای ئەو دەگەیەنێت کە باوەڕی بە زاڵبونی رەگەزی ئاری هەبووە بە سەر رەگەزی ئەفریقیدا.

ئەفریقی لە دەرەوی مێژوون

لە درێژەی تۆمەتەکانیان ئەو دوو نوسەرە دەڵێن: گاندی باوەڕی وابووە کە ئەفریقییەکان هیچ رۆڵیان لە مێژوودا نییە و لە دەرەوەی مێژوودان، ئەمەش مانای باوەڕبوونە بە فکری راسیزم. هەروەها گاندی باوەڕی بە حوکمی پیاوی سپی پێست هەبووە، بەو مەرجەی کە هیندی بە برا بچووک قبووڵ بکەن.

گاندی پێشڕەوی خەباتی رزگاریخوازی ئەفریقا نەبووە

لە لایەکی ترەوە ئەو دوو نووسەرە دژی ئەو بۆچوونە دەوەستنەوە، کە زۆرجار گاندی بە مامۆستا و پێشڕەوی خەباتی رەشپێستەکانی باشووری ئەفریقای دادەنێن، ئەوان دەڵێن: خەباتی رزگاریخوازیی گەلی ئەفریقی لە باشووری ئەفریقا، چەندین ساڵ، پێش هاتنی گاندی دەستیپێکردووەو پەیوەندی بەوەوە نییە.

تۆمەتی ناڕەوایە

لەبەرامبەر ئەم تۆمەتانەدا  "راجموهان گاندی"  نەوەی مهاتما گاندیی و نووسەری ژیاننامەی گاندی ، دژی ئەم تۆمەتانە وەستایەوەو بە کەناڵی بی بی سی راگەیاند: گاندی لەوکاتەدا تەمەنی 24 ساڵ بووەو پارێزەرێکی بچووک و کەم ئەزموون بووە، هەروەها زۆر شارەزایی لە بارەی  باشووری ئەفریقاوە نەبووە و لە ژێر کاریگەری ئەو بۆچوونە خراپانەدا بووە کە لەسەر رەشپێستەکان هەبووە.

پێشڕەوی خەباتی رزگاریخوازیی بووە

لە درێژەی وتەکانیدا راجموهان گاندی وتی: لەو باوەڕەدام خەباتی گاندی لە پێناوی  مافی هیندییەکانی باشووری ئەفریقا، رێگای خۆشکرد  بۆ خەباتی رەشپێستەکانی ئەو وڵاتە بۆئەوەی  مافەکانیان بەدەستبهێنن.

بۆچوونێکی چەواشەکاریی

لە کۆتایشدا نەوەکەی گاندی لە بەرامبەر ئەم بۆچووانەدا وتی: هەموو ئەم تۆمەتانە، دوورن لەراستییەوەو ئامانج لێی شێواندنی  خەبات و کەسایەتی گاندییە.

لەکۆتاییدا دەبێت ئەوەبڵێم، گاندیش وەکو هەر مرۆڤێکی تر   هەڵەی کردووە ، لێ ئەو بە حوکمی ئەوەی رابەرێکی سیاسی بووە، هەڵەکانی کاریگەری بەسەر خەڵكی ترەوە هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا  راستە ئەم خاڵە نێگەتیفانەی هەبووە، بەڵام ئەوەش نابێت ئەوەمان لە بیربچێت، کە  گاندی لە هیندستان رابەرێتی خەباتێکی مەزنی کرد .

سەرچاوە:

بی بی سی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار