سەربەخۆیی یان یەکپارچەیی عێراق!

7 ساڵ لەمەوپێش



بەڵێن سابیر عومەر

زۆرترین مشتومڕی کاندید و قەوارە سیاسییەکانی ئێستا لە سەر چوونەوە و نەچوونەوەیە بۆ بەغدا، کاندیدی چەند لایەنێک لە کارنامەیان بانگەشەی یەکریزی گەلی عێراق و تەندروست کردنەوەی پەیوەندییەکان دەکەنەوە، هەندێکی دی دووپاتی دەکەنەوە بۆ سەربەخۆیی کورد دەچنەوە بەغدا. لە لایەکی تر چەند لایەنێک پارتێکی سیاسی کە رێکخەری ریفراندۆم بوو، تاوانبار دەکەن کە لایەک بانگەشەی سەربەخۆیی دەکات و لە لایەکی دی دەچێتەوە بۆ بەغدا. لە بەرامبەر ئەم لایەنەش کە سەدی نۆوە دووی دەنگی خەڵکی بۆ ئەم پرسە پێیە و خەریکە یاری بە دەنگی خەڵک دەکات و دەچێتەوە بەغدا؟
لە سەروبەندی گشتپرسی، جگە لە جوڵانەوەیەک کە پێیوابوو ئەم کەیسە بۆ موزایەدەی سیاسی پارتێکی دیاریکراوە. هیچ پارتێکی کوردی دژی دەوڵەتی کوردی نەبووە، بە ئۆپۆزسیۆنیشەوە. ئێستا پێنج لایەنی سیاسی، بە ئەنجامدانی ریفراندۆم پارتی بە هۆکاری کارەسات و نەهامەتی و ململانێ و تێکچوونی پێوەندییەکانی هەرێم و بەغدا دەبین، لە بەرامبەر پارتی خیانەتی تاقمێک لە لایەنێکی سیاسی بە هۆکاری تەعریب و عەرەبی هاوردە و ئەو شاڵاوی رەگەزپەرستی و شۆڤینیزەی دەرهەق بە کورد لە کەرکووک و ناوچەکانی دەوروبەری دەبینێت!

خەڵک تینووی دەوڵەتە، راگەیاندنی ئەو دەوڵەتەی لە باشوور بە خێرایی دەوێت، ئیدی لای گرینگ نیە پایەکانی ئەو دەوڵەتە لەکوێوە قاییم کراوە، زەمانەتی چ دەوڵەتێکی زلهێزی هەیە، لای گرنگ نیە، دەبێت چی بکرێت بۆ ئەوەی دەوڵەت رابگیەندرێت، کێ رایدەگەیەنێت، ئیدی هەر لەم بۆچوونەوە هەر لایەنێک ئەم کەیسە دەجولێنێت، راستەوخۆ دەبێتە ئەو حیزبە نەتەوەیی و نیشتمانخوازەی کە زۆرینەی خەڵک دەبن بە شوێنکەوتە، ئەوەشی بەرامبەری بوەستێتەوە بە جاش و خۆفرۆش لە قەڵەم دەدرێت.
دوای ئەوەی خەڵک لە خراپترین گوزەران، بە حەماسەوە دەنگی بە بەڵێ بۆ گشتپرسی دا، کاتێک ئەنجامەکەی وەرگرتەوە لە بری دەوڵەت، تووشی جێهێشتنی ماڵ و ئاوارەبوون بوو، ئیدی زۆرینەی دەنگدەر تێگەیشت کە ئەم پرسە خاڵێکی خیلافی تێدابووە و هیچ میکانیزمێک و ئامادەسازییەکی پێشوەختە بۆ نەگیرابووە بەر، پێش راگەیاندن دیدی پسپۆڕ و یاساناسان لە بڕگە و مادەکانی دەستووری عێڕاق وەرنەگیرابوو، بەڵکو تەحەدای ئەنجامدانی لەوپەڕی دەمارگیری بوو، لە کۆتاییدا کە لێکەوتەکانی دیار کەوتن، بیندرا ریفراندۆم لە گەمەیەک زیاتر هیچیدیکە نەبوو!!

زۆرینەی دەنگدەر تێگەیشت کە ئەم پرسە
خاڵێکی خیلافی تێدابووە و هیچ میکانیزمێک و
ئامادەسازییەکی پێشوەختە بۆ نەگیرابووە بەر

زەروریەتی دەوڵەتی کورد لە ئێستادا چیە؟ لە چوارچێوەی ئەم دەوڵەتە نەبێت ناتوانێت چیبکرێت؟ سەرنجتان رادەکێشم بۆ دیدی ئۆجەلان لە سەر دەوڵەت.
ئۆجەلان دەڵێت: رەهەندەکانی دەوڵەت و کلتور بۆ من زۆر گرنگ نین. من بە هەندێ دروشم لە خشتە نابرێم، وەک» خۆزگە خاوەنی دەوڵەت بوینایە» و « دەوڵەت هەموو شتێکە لە ژیانماندا» کە خەڵکانی تر دەیانڵێن و دەیانپەرستن، چونکە ئەم بیرکردنەوەیە لە بیرکردنەوەی خێڵەکی کۆن دەچێت هەستە سەرتی پێدا بکێشە، من بە غیلی بەوانە نابەم و ئەو شتانە بە مەزن نازانم کە بەر چاویان دەخەن و خۆم گیرۆدەی ئەم جۆرە شتانە ناکەم. من چەند بەهایەکم هەن لە دەوڵەت باڵاترن و بە دوای پێکهاتەی لە دەوڵەت جوانتردا دەگەڕێم. ئەو دەوڵەتە چیە کە لێی دەدوێن؟ ساپیتەی ئاستێکی کۆمەڵایەتییە دەست نیشانکراوە و دووبارە بوونەوەی پەیوەندییە ناوەکییەکانە، خۆ کۆمەڵگا گەندەڵ بووە و دەوڵەتیش هەزار ئەوەندەی ئەو گەندەڵ بووە، کۆمەڵگا ناتوانێت هەناسە بدات و دەوڵەتیش لە لێواری نقومبووندا بێت، هیچ شتێک نییە مایەی شانازی بێت. دەوڵەتێکی بەم شێوەیە شایەنی گاڵتە پێکردنە و هیچ لایەنێکی تێدا نیە پێویست بە گەورەکردن بکات.
دوای خوێندنەوەی ئەم تێڕوانینەی ئۆجەلان دیار دەکەوێت کە ئەهمیەتی دروستبوونی ئەو دەوڵەتە چیە، کاتێک هەمان سیاسی و کاربەدەستە شکستخواردووەکانی هەرێم و ناوچەکە دەبنەوە بە فەرمانڕەوا؟ کڕۆکی باسەکە ئەوەیە، دووپارتی دەسەڵاتدار لە هەرێمێکی پێنج ملیۆن کەسی، نەتوانن شایستە داراییەکانی خەڵک بدەن، توانای دارشتنی ژێرخان و پڕۆژەیەکی دوور مەودایان نەبێت، لە دروستکردنی دەوڵەت، چۆن سەرکەوتوو دەبن؟ 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار