6 ساڵ لەمەوپێش



فایەق گوڵپی 

ساڵی ٢٠١٨ بۆ باشوری کوردستان، پاشەکشەی هزری کۆمەڵگابوونی مرۆڤی کورد بوو، پێشێلکردنی زیاتری پێوانە نەتەوەیی و دیموکراتی و ئەخلاقیەکانی سیاسەتی هەرێمی کوردستان بوو، تیایدا چەندان  سیاسەتی بێ پێوانە و دور لەئاکاری کۆمەڵگای سیاسی ئەنجامدران، ئەو روداوانە کاریگەرییان  لەسەر سیاسەتی چوار ساڵی ئایندەی هەرێمیش دەبێت. گرنگە خەڵکی کوردستان، ئەو رووداوانە وەک خۆیان ببینن و لێکدانەوەی راستیان بۆ بکەن و هەڵوێستیان لەسەر وەرگرن.

١.لەماوەی چەند ساڵی رابوردودا، لە رێگەی سیستەمی پاشەکەوت و دواخستنی موچەوە، پدک و ینک گەلی کوردیان دوچاری نانبڕین و برسێتی کرد. ساڵی   ٢٠١٧گەلی کوردو دۆستەکانی، هاواریان لەمەسعود بارزانی کرد، کاتی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان نەهاتوە، سەرۆکی هەرێم  لەبڕیارەکەی پاشگەزنەبوەوە، لە ریفراندۆمدا شکستی بەخەونی سەربەخۆیی کوردستان هێناو کوردستانی روبەڕوی مەترسی کردەوە. بەرامبەر بەو کەللەڕەقی و تاکڕەویەی بارزانی، کە بووە هۆی شکستی گەلی کورد لەپرۆسەی ریفراندۆمدا، لە باتی ئەوەی خەڵکی کوردستان سزای بارزانی و حزبەکەی لەسەر سیاسەتە هەڵەکانی بدات، کەچی لەهەڵبژاردنی ئایاری ٢٠١٨ی پەرلەمانی عێراقدا، لیستی پدک دەنگی یەکەمی  بەدەستهێنا، لەهەڵبژاردنی ٣٠ ئەیلولی ٢٠١٨ پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیشدا، جارێکی تر لیستی پدک دەنگی یەکەمی بەدەستهێنا. 

لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧دا، سەرکردە گەنجەکانی ینک، هێزە چەکدارەکانی عێراقیان پەلکێشی شاری کەرکوک کرد، دەسەڵاتی شارەکەیان لەکوردێکی ئەندام مەکتەب سیاسی  خۆیانەوە، رادەستی  بەرپرسێکی بە رەگەز عەرەب کردەوە، کەرکوکیان روبەڕوی تەعریب کردەوەو خۆشیان دەستیان لەهەمانەکەوە دەرچوو. لەباتی ئەوەی خەڵکی کوردستان بەگشتی و خەڵکی کەرکوک بەتایبەتی لەهەڵبژاردندا سزای ینک  بدات، کەچی لەهەڵبژاردنی ئایاری ٢٠١٨پەرلەمانی عێراقدا، لیستی ینک لەکەرکوک دەنگی یەکەمی بەدەستهێنا، لە هەرێمی کوردستاندا  دەنگی دوەمی بەدەستهێنا. لەهەڵبژاردنی ٣٠ ئەیلولی ٢٠١٨ پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیشدا، لیستی ینک دەنگی دوەمی هێناو پێش بزوتنەوەی گۆڕان کەوتەوە.

٢.دوای پاشەکشەی بزووتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن، بەرهەم ساڵح، جێگری دوەمی سکرتێری ینک، لە ینک جیابوەوە، بەمەبەستی دژایەتیکردنی گەندەڵی و حوکمی بنەماڵە، لەژێر ناوی هاوپەیمانی بۆ دیموکراتی و دادپەرەری، رێکخستنێکی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی دروستکرد، رۆشنبیران و توێژەکانی تری کۆمەڵگا، هیوایان لەسەر ئەو کەسایەتیەو رێکخستنەکەی هەڵچنی و لەدەوری کۆبوونەوە، بەو مەبەستەی  بتوانێت لەچنگ سیاسەتی پدک و ینک رزگاریان بکات. بەڵام لەیەکەم تاقیکردنەوەی سیاسیدا، کاتێک لیستەکەی بەرهەم ساڵح لە هەڵبژاردنی ئایاری پەرلەمانی عێراقدا دەنگی پێویستی بەدەستنەهێناو شکستی خوارد، بەرهەم پشتی شکاو ورەی بەرداو خەڵکی بێهیوا کرد. کاتێک ینک بەرامبەر بەپۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بانگیکردەوە، بێ یەک و دوو، بەبێ شەرم، هاودیدەکانی خۆی بەجێهێشت و لەهەڵویستەکانی رابردووی پەشیمان بوەوەو بە سەرمەقولاتێک بۆ ناو ینک گەڕایەوە. ئەم ئەمبەرو ئەوبەرەی بەرهەم لەپێناوی پۆستدا، تەنها جەرگی ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی کوردستانی کون نەکرد، رەوشتی سیاسی هەرێمی کوردستانیشی هێندەی تر، بەناخی زەویدا برد.

٣.لە هەڵوێستێکی چاوەرواننەکراودا، مەسعود بارزانی گسکی لەبیرۆکەی ریفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی دا، بڕیارە شۆڤێنیەکانی پەرلەمانی عێراقی کاتی ریفراندۆمی لەبیرخۆی بردەوە، لەئاست داگیرکردنەوەی کەرکوکدا خۆی نابینا کرد، بەرەو بەغدا بەڕێکەوت، لەپێناوی دەسەڵاتی حزبەکەی و بنەماڵەکەیدا، لەگەڵ سەرکردەکانی عێراقدا دەستی بەگفتوگۆ کردو بەتەواوی لەبیرۆکەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان دەستی هەڵگرت. ئەگەر سیاسەت لە هەرێمی کوردستاندا ئاسایی و بەگوێرەی پێوانەی نەتەوەیی و دیموکراتی و ئەخلاقی بوایە، نەدەبوو دوای ریفراندۆم و هەڵوێستی شۆڤێنی دەسەڵاتدارانی عێراق، بارزانی روو لەبەغدا بکات و ئەستۆپاکی خۆی لەسەر سەربەخۆیی باشوری کوردستان لەبەغدا پیشان بدا، لەبەر ئەوەی ئەو سەردانەی بارزانی و نیشاندانی ئەستۆپاکی سەبارەت بە ریفراندۆمی سەربەخۆیی، هێندەی تر کەسێتی سیاسی و نەتەوەیی گەلی کوردی داڕووخاند.

٤.لەم ساڵەدا دەستێکەڵکردنی حزبە دەسەڵاتدارەکانی باشوری کوردستان، لەگەڵ وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بەردەوام  بوو، قۆناغی نوێی بەخۆوە بینی، بۆردومانی فرۆکە جەنگیەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی هێزەکانی پ ک ک و خەڵکی کوردستان لەقەندیل و شەنگال و مەخمور بەردەوام بوو، لەگەڵ ئەوەشدا دەیان هاوڵاتی باشوری کوردستان بەهۆی ئەو بۆردومانەوە شەهیدو برینداربوون، خەڵک زیانی ماددی کرد، دەسەڵاتدارانی هەرێم نەک هەر هیچ ناڕەزاییەکیان نیشاننەدا، بەڵکو رەواییان بەو سیاسەتە شۆڤێنی و عەسکەرتاری و داگیرکاریەی تورکیا دا، بوونی هێزی پ ک ک یان لەدەڤەرەکە بەهۆکاری ئەنجامدانی تاوانەکانی تورکیا دانا. بەچاوساغی دەسەڵاتدارانی هەرێم، سوپای تورکیا بەرەو سنوری قەزای سۆران  پێشڕەوی کرد، چەندان بنکەی سەربازی لەو دەڤەرە کردەوەو دەستی بەهێرشی سەر هیزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) کرد. بۆ رازیکردن و دڵنەوایی تورکیا، هێزەکانی ئاسایشی دەڤەری سلێمانی، نووسینگەکانی تەڤگەری ئازادی و رێکخراوی رەژاک و رێکخراوی گەنجانی وڵاتپارێزیان داخست و رێگەی کاری سیاسی و چالاکی جەماوەرییان لەو هێزە سیاسیانەی باشوری کوردستان گرت. 

٥.وەک رێخۆشکردن بۆ بەشداریکردنی بزوتنەوەی گۆڕان لەحکومەتی ئایندەی هەرێمی کوردستاندا، بەرپرسانی گۆڕان دوور لەپێوانەی سیاسی گشتی و پێوانەی تایبەتی جارانی حزبەکەیان، دەستیان بەپیاداهەڵدانی بەربژێری پدک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران مەسرور بارزانی کرد، یەکێکیان دەڵێت: مەسرور لە رابردودا لەکارەکانیدا سەرکەوتو بوە، بۆیە دەبێت پشتیوانی بکەین، وەک ئەوەی مەسرور بارزانی لە رێگری لەسەرۆکی پەرلەمان و پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان و ناردنەوەی وەزیرەکانی گۆڕاندا، هیچ  رۆڵێکی نەبووبێت. بەرپرسێکی تری گوڕان لەپێشبینیەکی بێبنەمادا دەڵێت: مەسرور بارزانی لەئایندەشدا لە پۆستە نوێکەیدا سەرکەوتودەبێت و پشتیوانی دەکەین. ئەم جۆرە لێدوانە نالۆجیکی و ناسیاسیانەی بەرپرسانی گۆڕان بەرامبەر بە مەسرور بارزانی، خەڵکی کوردستانی دووچاری سەرسوڕمان و بێباوەڕی کرد، ئەم هەڵوێستەی گۆڕان، دوورە لەگۆڕین و چاکسازی سیستەمی حوکمڕانی هەرێمەوە، سەر دانەواندنە بۆ سیاسەتی شکستخواردووی ساڵانی رابردووی و داهاتووی هەرێمی کوردستان.

٦.لەدرێژەی قوڵبونەوەی ناکۆکی و داڕمانی کۆمەڵگای کوردستاندا، نەخۆشێک  بەدەمانچە تەقەی لەپزیشکەکەی خۆی کردو هەوڵیدا بیکوژێت، بەرامبەر بەو کردەوە تاوانکارو قێزەون و شازە، بەشێکی خەڵکی کوردستان لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و راگوڕینەوەی سەرپێیدا، رەواییان بە هەوڵی کوشتنی پزیشکەکەدا و پشتگیری بکوژەکەیان کرد. دوای روداوەکە کاتێک چەند پزیشکێکی خەمخۆر، وەک هەنگاوێک  بۆ هەوڵی چارەسەری کێشەی نێوان نەخۆش و پزیشک، پێشنیاری دامەزراندنی رێکخراوی داکۆکی  مافی نەخۆشیان کرد، بەشیکی زۆری پزیشکان دژی پێکهێنانی ئەو رێکخراوە وەستانەوە، پەرچەکرداریان نیشانداو نەخۆشیان وەک تاوانبارو دوژمنی پزیشک پێناسە کرد. ئەم روداوەو پەرچەکردارەکانی، نیشانیدا پێکهاتەکانی کۆمەڵگای کوردستان چۆن دوژمنکارانە سەیری یەکتر دەکەن و تا چ رادەیەک بەخوێنی یەکتر تینون و هەوڵی سڕینەوەی یەکدی دەدەن.

لە هەرێمێکدا دەستورو یاساو رێسای دیموکراتی باڵادەست نەبێت، داگیرکەران و دوژمنی گەل دەستیان خستبێتە ناو کاروباری وڵاتەوە، پێکهاتە سیاسیەکان بەو شێوەیە بەبێ ئاکارو بەبێ پێوانە سیاسەت بکەن، پەیوەندی پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکان بەو شێوەیە بێت و بەرببنە گیانی یەکدی و یەکدی بسڕنەوە، ئەبێ ئەرکی ئەو تاک و پێکهاتانەی کۆمەڵگا چی بێت، کەهێشتا دووچاری نەخۆشی سیاسیەکان و نەخۆشی هەندێک توێژی کۆمەڵایەتی کوردستان نەبوون؟.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار