پرسی چونەدەرەوەی بەریتانیا لەیەکێتیی ئەوروپا
6 ساڵ لەمەوپێش
لەشکر قادر ڕەسوڵ
بەریتانیا
لەم چرکەساتەدا برێکست Brexit (چوونەدەرەوەی شانشینی یەکگرتو United Kingdom «بەریتانیا ، سکۆتلەندا، وێڵز، باکوری ئایرلەند» لە یەکێتی ئەوروپا) ڕووپەڕی زۆربەی ڕۆژنامەو میدیاکانی بەریتانیاو جیهانیشی داگیرکردوە. ئەم پرسە نەک بەتەنها بۆ هاوڵاتیانی ئینگلیز بەڵکو بۆ هەموو جیهان بایەخی زۆرو گرنگیەکی تایبەتی پێدەدرێت. چونکە دەبێتە مەبنای گۆڕانکاری سیاسی و ئابووری و جوگرافی و کولتووری و... جیهان بەگشتی و ناوچەکە بەتایبەتی.
پارتی پارێزگاران (Conservative Party) بەسەرکردایەتی تریزا مەی (Theresa May) سەرۆک وەزیران بەشێوەیەکی ڕادیکاڵ پاڵپشتی پڕۆژەی جیابوونەوەی بەریتانیا لەیەکێتی ئەوروپا دەکەن. بەڵام چەندان ئاستەنگی گەورە لەبەردەم ئەو پرسەدا بە هەڵواسراوی ماونەتەوە. لەوانە، کێشەی نێوان بەریتانیاو وڵاتانی ئەندام لەیەکێتی ئەوروپا، کێشەی ئایرلەندای باکورو سکۆتلەندا، نەبوونی هاودەنگی لەنێوان پارتە سیاسیەکانی بەریتانیا، سەرەڕای ئەمانە لەئێستادا جۆرێک لە پاشگەزبوونەوە لەلایەن هاوڵاتیانی ئینگڵاند بەدیدەکرێ چونکە واهەست دەکرێ زیاتر بڕیارەکەیان کاردانەوە و هەڵچونێکی عاتیفی و ناسیۆنالیزمی بووبێت، نەک وشیاریەکی سیاسی و عەقڵانی ئاراستەیانی کردبێت. بەبڕوای من هاوڵاتیانی ئینگڵاند لەم بڕیارەدا کەوتونەتە ژێر کاریگەری گوتاری پۆپۆلیزمی سیاسی. هەمیشە یەکێک لەتایبەتمەندیەکانی ئەم گوتارە بردنی سیایکۆلۆجیای جەماوەرە بۆ ئەو شوێنەی گوتارەکە دەیخوازێ.
ڕۆژی یەکشەممە، بەرواری ٢٥/ ١١/ ٢٠١٨ پڕۆژەی (برێکست) لەپەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا پەسەندکرا. ئێستا تۆپەکە لەیاریگای بەریتانیایە بەدیاریکراویش لەناو پەرلەمان و لەقاچی ئەندامانی پەرلەمانی بەریتانیادایە، ئەوان بڕیار دەدەن یاریەکە چۆن کۆتایی پێ بهێنن، بەچوونەدەرەوە یان مانەوە. ئەمە پێناچێت بەشێوەیەکی ساکارو سانا تێپەڕێت، چونکە بڕیاردان لەسەر پڕۆژەی برێکست بڕیارێکی لەڕادەبەدەر قورسەو پەیوەندی بەکۆمەڵێک ڕەهەندی مێژوویی و سیاسی و ئابووری و بەرپرسیارێتی و ئەخلاقی قوڵەوە هەیە.
لەئێستادا بەریتانیا لەبەردەم «دوو» ئەگەردایە، بەدیاریکراویش پەرلەمانی بەریتانیا دەتوانێت ئەنجامی یاریەکە بەدوو شێواز ئاراستە بکات.
یەکەم: ئەگەر لەپەرلەمانی بەریتانیا پڕۆژەی برێکست پەسەند بکرێت؛
ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی بریتانیا (٦٥٠) ئەندامە، بۆئەوەی پڕۆژەی جیابوونەوەی بەریتانیا لەیەکێتی ئەوروپا پەسەند بکرێ پێویستە (٣٢٦) واتە نیوە زائید یەک (٥١٪) ئەندامانی پەرلەمان دەنگبدەن بەبەڵێ بۆ سەربەخۆیی بەریتانیا. ئەگەر ئەمە ڕووبدات بەریتانیا لە (٢٩/٣/٢٠١٩) دەچێتە «قۆناغی ڕاگوزەر»ەوە، لەم قۆناغەدا بەریتانیا بەشێوەیەکی نافەرمی لەیەکێتی ئەوروپا چۆتە دەرەوە، بەڵام بەهەمان شێوەی پێشوو هەماهەنگ و پابەندی یاساکانی پێشوو دەبێت لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا تاکو دوو ساڵ، لەماوەی ئەم دوو ساڵەدا هەوڵدەدرێ ڕێکاری یاسای ئابووری و جوگرافی و ئیداری و...هتد تەواو بکرێن و لەبەرواری (٢٩/٣/ ٢٠٢١) بەریتانیا بەشێوەیەکی فەرمی دەچێتە دەرەوەی یەکێتیەکەو هیچ پەیوەندیەکی ڕسمی بەریتانیا گرێنادات بەیەکێتی ئەوروپاوە.
دووەم: ئەگەر لەپەرلەمانی بەریتانیا پڕۆژەکی برێکست پەسەند نەکرێت؛
ئەگەر پڕۆژە یاسای چونەدەرەوەی بەریتانیا لەیەکێتی ئەوروپا ڕێژەی یاسایی دەنگی ئەندامانی پەرلەمانی بەریتانیای نەھێنا. بەریتانیا دەچێتە بەردەوام دوو بژاردە:
١. چونەدەرەوە بەبێ ڕێککەوتن: ئەمە بڕیارێکی زۆر قورس دەبێ بۆ بەریتانیاو تریزا مەی و پارتەکەی، دوور نیە ئەم بڕیارە بەریتانیا بباتە بەردەم کۆمەڵێک قەیرانی گەورە، بەتایبەت لەڕووی ئابووری و سیاسیەوە. جۆرێک لەئاڵۆزی و فەراغی یاسایی هەم لەناوخۆو هەم لەپەیوەندی نێوان بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا دروستدەبێ. (بەبڕوای من ئەمە بژاردەیەکی لاوازە و ئەگەری ڕوودانی کەمە).
٢. ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی دووەم: کاتێک بەزۆرینەی دەنگ پڕۆژەی برێکست لەپەرلەمانی بەریتانیا لەلایەن پەرلەمانتارانەوە ڕەتدەکرێتەوەو ناتوانێت ڕێژەی یاسایی دەنگەکان لەدەوری خۆی کۆبکاتەوە. مانای ئەوەیە بەشێوازێکی ناڕاستەوخۆ باڵاترین دەسەڵاتی یاسایی ئینگلاند دووبارە تۆپەکە هەڵدەداتەوە یاریگای جەماوەر. لێرەوە دووبارە پەنا دەبرێتەوە بەر ئەنجامدانی پڕۆسەی دیموکراسی و گەلی بەریتانیا بڕیاری کۆتایی خۆی دەدات بۆئەوەی بەریتانیا لەچوارچێوەی یەکێتی ئەوروپادا بمێنێتەوە یان نا، چونکە لەئێستادا ناڕەزایەتیەکی زۆر لەناو هاوڵاتیانی ئینگلاند هەیە سەبارەت بە برێکست، بەشێک لە هاوڵاتیان دەڵێن ئەگەر بمانزانیبا نەتیجەی برێکست بەوجۆرە قورس دەبێت ئەوا دەنگیان بە بەڵێ بۆ جیابوونەوەی بەریتانیا نەدەدا، ئەوکات ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە تەواو جیاواز دەبوو لەوەی ئێستا. (بەبڕوای من ئەمە ئەگەرێکی نزیکەو شیاوی ڕوودانە، بەتایبەت لەحاڵەتێک کەپڕۆژەی برێکست لەپەرلەمان دەنگی یاسایی نەهێنا).