چی له‌ نێوان عه‌سایب و حیكمه‌دا ده‌گوزه‌رێت؟

6 ساڵ لەمەوپێش



یاسین تەها

ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ كێشه‌ی نێوان بزوتنه‌وه‌ی عه‌سایب و ڕه‌وتی حیكمه‌ لەسەر ئاگرێکى كز لەرێگەى شه‌ڕی میدیاییه‌وه‌ گه‌رمه‌، بەڵام کاتێک کەناڵى فوراتی حەکیم ئێوارەى پێنجشەممە کوژرانى خاوەنى چێشتخانەى لەیمونەى بەغداى خستە ئەستۆى چەکدارانى عەسایب، گرژییەکە گەشتە پلەى کوڵان و شەرێکى قورسى بەیاننامەى بەدوادا هات و خه‌ریكبوو بگاته‌ پانابردن بۆ جووڵاندنی جەماوەری هەردوولا دژ بەیەکتر. 

سەرەتا عەسایب رایانگەیاند سکاڵا لەدژی فورات تۆمار دەکەن، بەڵام دواتر قەیس خەزعەلى ئەمیندارى بزوتنەوەکە لە تویتێکدا كه‌ناڵی فوراتی بە "ئەوپەڕى سوکێتى یان بەکرێ گیراویی" تۆمەتبار کرد، ئەمەش پەرچەکردارى توندى هەوادارانى حەکیمى لێ كه‌وته‌وه‌ کە ژمارەیەکیان بەرپرسى باڵا بوون و باسیان له‌وه‌كرد ئه‌وانه‌ی خه‌لفه‌ی جه‌نه‌راڵ و پاشكۆی مه‌سجیدی و شوێنكه‌وته‌ی ئه‌ودیون تۆمه‌تی نۆكه‌ریی ده‌به‌خشنه‌وه‌!!

کێشەى ئەم دوو باڵە شیعییە ئەگەرچى لەڕواڵەتدا ئیعلامی و لەسەر هەندێ ڕووداوى دیاریکراوە، بەڵام ڕیشەکەى دەگەرێتەوە بۆ شەڕ و ململانێکان لەسەر بەشکردنى میراتى جەنگ لەپاش داعش و دابەشکردنەوەى نەخشەى ماڵی شیعه‌ لەبەغدای پایته‌خت. 

ڕه‌وتی حیکمە عەسایب بە تاڵانکردنى گه‌وره‌ترین پاڵیۆگاى عێراق [بێجى] تۆمەتبار دەکات، لەگەڵ تۆقاندنى خەڵک لەرێگەى میلیشیاوە، ئه‌مه‌ جگه‌ داگیرکردنى خانوى مەسیحییەکانى کەڕادەو زەیونەی به‌غدا و تۆقاندنی مامۆستایانی زانكۆ. بەرامبەر بەمە عەسایبیش جەخت دەکاتەوە ڕەوتى حیكمه‌ وەزارەتى نەوت و پارێزگارى بەسرەیان هه‌ر بەگەندەڵى و پارەلادان بەرێوە بردووە، ئێستاش بوونه‌ته‌ كه‌ڕه‌نای پرۆژه‌ی ئه‌مه‌ریكی _ سعودیی دژی "حه‌شدی شه‌عبی پیرۆز"و سه‌ركرده‌كه‌شیانه‌ كه‌ عەمار حه‌كیمه‌ شه‌رعیه‌تی نییه‌. 

هه‌وڵی زۆر هه‌بوون بۆ هێورکردنەوەى دۆخەکەو رێکخستنى دیدارێك بۆ حەکیم _ خەزعەلی، بەڵام قه‌باره‌ی ناكۆكییه‌كان له‌وانه‌ گه‌وره‌ترن و ئێستا گرژییه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی و نێوانگریی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و بزوتنه‌وه‌ی به‌شائیری مالیكی وه‌ستاوه‌، ئه‌وه‌شی ناكۆكییه‌كه‌ی قووڵتر كردۆته‌وه‌ پاڵپشتیی شه‌ش له‌ گروپه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی حه‌شد بوو بۆ عه‌سایب دژی ڕه‌وتی حه‌كیم له‌نێویشیاندا هادی عامریی، كه‌چی سه‌درو عه‌بادی و عه‌للاوی كه‌ له‌حه‌كیمه‌وه‌ نزیكن بێده‌نگن و تا ئێستا هیچیان نه‌وتووه‌. 

بەپێى ناوەڕۆکى ئەو نامانە بەئاشکرا له‌ نێوان هه‌ردوولا ئاڵوگۆڕیان پێكراوه‌ پێکدادان و بەریەککەوتنی ئه‌م دوو لایه‌نه‌ ڕیشەدارە و ڕەهەندى هەرێمایەتى هەیەو کۆتاییهاتنى یەکجاریی قورسه‌، جگە لەمەش ئەوەى ڕوودەدات بەشێکە لەو پێشبینیە بەردەوامانەى بۆ دواى شەڕى داعش دەکران و ترسەکە لەعێراق ئەوەیە ناکۆکی ئەو دووانە بگاتە شەڕى ناوخۆیی شیعە چونکە عه‌سایب باڵى چەکدارو حیكمه‌ش پێشینه‌ی چه‌كداریی هه‌یه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار