حزبی ئایدۆلۆجی و قه‌یرانى ده‌نگ

7 ساڵ لەمەوپێش



بڕیار عوزێر
 

دواى شکستى بلۆکى سۆسیالستى له‌لایه‌ک و هه‌ره‌سهێنانى شێوازى بانگخوازیی بیروباوه‌ڕه‌ دینى و مه‌زهه‌بییه‌ توندئاژۆکان له‌لایه‌کى تر، ئیدى به‌ره‌به‌ره‌ باوه‌ڕبوونى خه‌ڵک به‌ حزبی ئایدۆلۆجی و پره‌نسیپه‌کانیان بۆ فۆڕمى حکومڕانى و ئیداره‌دان، زیادتر شکست ده‌هێنێت. بێگومان له‌ ئایینده‌شدا هێنده‌ى دیکه‌ ئه‌و مه‌نهه‌جه‌ ئایدۆلۆجی و مه‌بده‌ئییانه‌ که‌متر ده‌بنه‌وه‌،به‌جۆرێک ڕه‌نگه‌ ڕۆژهه‌ڵات ببێته‌ گه‌وره‌ترین گۆڕستانى حزبی ئایدۆلۆجی و له‌ چه‌ند ده‌یه‌ى داهاتوودا به‌یه‌کجارى کۆتایی به‌ ڕاژه‌که‌یان بێت. یانى مۆدێله‌که‌ ئێستا شتێکى دیکه‌یه‌، حزبی خزمه‌تگوزار که‌ هه‌ڵگرى مه‌غزاى ئیداره‌دانێکى سه‌رکه‌وتوو بێت، واقعى باشترکردنى دۆخى خه‌ڵک بخاته‌ پێش خه‌ونى ئه‌نته‌رناسیۆنالستى ناواقعى، باشتر ده‌توانێ ببێته‌ جێی متمانه‌ى هاونیشتمانیان و زووتر جێی خۆى ده‌کاته‌وه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش کۆمه‌ڵگه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى له‌ چه‌ند چه‌رده‌یه‌کى زه‌مه‌نى جیاوازدا، زۆربه‌ی ئه‌و ئایدۆلۆجیا چه‌پ و دینى و نه‌ته‌وه‌ییانه‌ى له‌ که‌توارى حکومڕانیدا تاقیکردوونه‌ته‌وه‌ که‌ هیچیان نه‌یانتوانیوه‌ ببنه‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌یه‌کى درووستى پێداویستییه‌ ماددى و ڕووحییه‌کانى هاوڵاتیان و له‌وسه‌ره‌وه‌ حزبێکى تاکڕه‌وى وشکیان لێده‌رچووه‌ که‌ بوونه‌ته‌ مایه‌ى ده‌رده‌سه‌رییه‌کى زۆر بۆ خودى ئه‌و گه‌له‌ خۆیشی. هه‌ر بۆیه‌ ئێستا  ئایدۆلۆجسته‌کان ناچارن له‌ژێر په‌رده‌ى پلۆرالییه‌ت و قبووڵبوونى جیاوازییه‌کانه‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا نمایشی خلووقه‌کانى یه‌کتر ده‌که‌ن، به‌ نموونه‌ پارتێکى چه‌پی مارکسی،دێت باڵاپۆشێکى دیندار ده‌کاته‌ کاندید، یان ڕه‌وتێکى مه‌زهه‌بگه‌رای شیعیی، حزبێکى شیوعیی چه‌پگه‌را ده‌هێنێته‌ ناو هاوپه‌یمانێتییه‌که‌ى، هه‌مووشی به‌ مه‌رامى ڕاکێشانى سه‌رنجى ده‌نگده‌ر و لێستاندنى ده‌نگه‌که‌یه‌تى. خۆشییه‌که‌ له‌وه‌دایه‌ هیچ قه‌واره‌یه‌کى فکریی نییه‌ ته‌واو دڵخوازى هه‌موو ئه‌و هاوبیرانه‌ بێت که‌ له‌سه‌ر هه‌مان فکره‌ن، ئه‌وانیش جۆره‌ها لق و پۆپ و ئاراسته‌ى جیاوازى بیرکردنه‌وه‌یان تێدایه‌ که‌ له‌ناوخۆیاندا له‌سه‌ر ورده‌کارییه‌کان  ته‌واو ناکۆکن و ئاماده‌ نین له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ببنه‌ پاڵپشت بۆ یه‌کدى، بگره‌ هه‌ر زۆریش دژن. ئه‌م ڕه‌وته‌ فکرییه‌ ئاڵۆزانه‌ هاتوون خۆیان له‌ بۆته‌ى حزبێکى ئایدۆلۆجى خۆیان له‌ قاڵب داوه‌، په‌یام و بانگه‌شه‌کانیشیان له‌ کایه‌ی سیاسه‌تدا دیسان به‌ هه‌مان ئاراسته‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ مه‌یدانى پراکتیکدا زۆربه‌ی جووڵه‌ سیاسییه‌کانیان پێچه‌وانه‌ى پره‌نسیپه‌ فکرییه‌کانیانه‌ به‌ڵام دواجار ئه‌م له‌ قاڵبدانه‌ى کارى سیاسی و به‌ستنه‌وه‌ى به‌ ئایدۆلۆجیاوه‌،یه‌عنى فه‌رموو تۆی ده‌نگده‌ریش ببه‌ به‌ ده‌نگده‌رێکى ئایدۆلۆجی، ئه‌وکاته‌ش بۆ منێکى عه‌لمانى هه‌رچه‌نده‌ فیسار حزبی ئیسلامى خاوه‌نى هه‌ڵوێستی جوان بووبێت، ته‌نها مایه‌ی ده‌ستخۆشی و سوپاسکردنه‌ نه‌ک ده‌نگپێدان. مه‌یدانى کارى سیاسی به‌درێژایی مێژووى حکومه‌تدارى، ئه‌وه‌ى سه‌لماندووه‌ که‌ حزبی مه‌بده‌ئیی ئایدۆلۆجی، هێنده‌ى سه‌رقاڵه‌ به‌ گێنگه‌شه‌ى تیۆر و فکره‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ ناتوانێ پراکتیکیانه‌ و مه‌یدانیانه‌ بێته‌ پێشه‌وه‌ و خزمه‌تگوزار بێت، چاره‌سه‌ریش ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵک بژارده‌ى حزبی نائایدۆلۆجی و خزمه‌تگوزار تاقیبکاته‌وه‌، هه‌تا وه‌ڵامده‌ره‌وه‌یه‌کى واقعیانه‌ى خواسته‌کانیان بن چونکه‌ دۆخى کۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسی ئێستا، ته‌واو پشتبه‌ستووه‌ به‌ ئابوورى و ئیداره‌دان که‌ حزب وه‌سیله‌یه‌که‌ بۆ خزمه‌تى خه‌ڵک له‌ رێی ئه‌م دووانه‌وه‌، بۆیه‌ بژارده‌ى حزى مه‌ده‌نى نائایدۆلۆجی، باشترین بژارده‌ى عه‌قڵانیی به‌رهه‌مداره‌ له‌ ئێستادا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار