گۆڕان بۆچی نابێتەوە ئۆپۆزسیۆن؟
6 ساڵ لەمەوپێش
هاوڕێ توانا
سەرەتا پێویست دەکات کەکۆنە ڕایەکم تازە بکەمەوە چونکی وەک ڕەسوڵ هەمزە توف، لەداغستانی مندا دەڵێ «هێندێک بابەت هەن وەکو نوێژ وان، پێویستە بەردەوام چەند پات بەکرێنەوە بەخاتری ئەوەی لەکۆزەینی خەڵکدا جێکەوت بکرێت. هەڵبەت بەش بەحاڵی پرۆسەی سیاسی و یان ئەوەی لێرە لەباشور ناونراوە (ئەزموونی ) حکومڕانی ناچێتەناو هیچ چوارچێوەو تیۆریایەکی زانستی شوناس ناسی و پۆڵێن بەندیەوە، جامەگەر هەر ئەوە نەبێت کە ئیمان بەو مەقوولە باوو بڵاوە بێنین کە ئەڵێت «ئاشی نەزانەو خوا دەیگێڕێت«.
کاتێک ئەمە ڕەسمی دەستەڵات و ئەتەکێتی سیاسی بێت، کەتەریک بێت لەمەعریفەی حکومڕانی و لێزانی سیاسیەوە ئەوا چار ناچار دەبێت، هەم شرۆڤەکردنەکان خۆماڵی بن، هەم بەرهەڵستیکردنی ئەم فۆڕمەی حکومڕانی بەربەمنایی تێگەیشتنێکی جیاواز بێت لەو تێگەیشتنە تیۆری و حەرفی و کتێبیەیی کە لەبارەی گۆڕانکاری سیستەمی سیاسی و دەستەڵات هەن، ئەوە ئاشکرایە بزوتنەوەی گۆڕان زادەی ئینشیقاقی هێزێکی حکومڕانە، هەرچەنده کەگۆڕان نایەوێت ئەو ڕاستە ددانپێدابنێت و هەمیشە گەرکیەتی خۆی وەک فۆڕمێکی تازەی ژیانی ڕێکخراوەی نیشانبدات، بۆیە دەبینین بزووتنەوەی گۆڕان هەر لەسەرەتاوە بۆ ڕەوایەتیدان و خۆ جیاواز نیشاندان لەوانی تر لەناو گۆڕینی هەیکەلی ڕێکخراوەی دەستی پێکرد! تەنانەت ناوهێنان و لێنانی گۆڕان وەک «بزووتنەوە» نەک حزب دەلالەت لەوە دەکات کەئەوان شتێکی جیاوازترن لەوانی تر، ئاخر جیاوازی هەر ئەوانیە کە لەبری ناوچەو کۆمیتە «ڕەیڵەو بازنە« یان لەبری مەڵبەند و لق« باژێر وان« لەبری مەکتەبی سیاسی «مەکۆ و« لەبری کۆمیتەی ناوەندی و هەروا ئەنجومەنی سەرکردایەتی« جڤاتی گشتی و خانەی ڕاپەڕاندن دروستبکەن!.
جیاوازی ئەوەیە چەندە توانرا گوتارێکی تری جیاواز لەوانی تر بێنە بوون گوتارێک کەهەمان گوتاری حزبی تەقلیدی نەبێت کە لەسەر تەڵقینی ئەندامان و تەکفیری ئەوی تری جیاواز لەتۆ ڕۆنەنرابێت!.
ئێستا گۆڕان هەم لەئەدائی بەرهەڵستکاری تێستکراو هەمیش له بەشداریکردنی لهحکومەت بینرا، بەراوردی نێوان هەر دووک ڕۆڵ ئەوەمان پێدەڵێت، کە ئیدی ئەم بزووتنەوەیە کەئێستا لایەنی کەم لەحکومەتی خۆجێی سلێمانی بەشدارهو پشکدارە ناتوانێت هیچ پڕۆژەو پاکجێکی تەرجەمەی واقیع بکات و گۆڕانێک ئەنجامبدات.
دەی ئاخۆ دەتوانێت بەبەشداری وەزاری هیچ گۆڕینێک بکات؟ لێرەدا پرسیارو داوای خەڵک ئەوە ئایا بۆ ئێستا نەزعەیی بەشداریی گۆڕان لەحکومەت زاڵە بەسەر کۆی گوتاری ئەم بزووتنەوەیە کەهەڵگری گوتاری گۆڕانی ڕیشەیی بوو لەسیستەمی سیاسی؟ ئایا بەڕاست ئیدی گۆڕان تائێڕه بوو بەس بڕوای بە بەرەی بەرهەڵستکاری نەما؟!