سەربەخۆیی یان یەکپارچەیی عێراق!
7 ساڵ لەمەوپێش
بەڵێن سابیر عمر
بەشی دووەم
(ئێمەی گەلی عێراق کە پەیمانی بە خۆ داوە، بە هەموو پێکهاتە و رەنگەکانییەوە بە ئازادی و ئارەزوومەندانە بڕیاری یەکگرتووی خۆی بدات، لە گەڵ خۆی و پەندی سبەینێ لە دوێنێ وەربگرێت)
«ئەمە دەقە کوردییەکەیە، لە کاتێکدا زۆرێک لە پاڵێوراوە کوردەکانی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنەکان بە هەندی وەرناگرێت بزانێ ئەم دەقە مانا و زانینی عەرەبییەکەی چیە؟ ئەسڵەن بە پێویستی نابینێت، ئەم بڕگەیە کەوتۆتە کێ و تا کوێ کاری لەسەر کراوە و ئامادەکاری و دەستپێشخەرییەکان چین؟ هەر وەکو لە پێشەکی ئەم دیباجەیەدا هاتووە گەلی عێڕاقی فیدڕاڵ یەکپارچەیی دەپارێزێت. کەچی چەند لایەنێکی کوردی دوا رستەی ئەم دیباجەیان وا تەفسیر دەکەن گوایە ئەمەیە دانپێدانانە بە مافی چارەی خۆنوسین و گشتپرسی بۆ دەکەن و لە کۆتاییدا بە ئەنجامە سڕکراوەکەی بە دەستکەوتیش هەژمار دەکەن. لە کاتێکدا ئەم رستەیە دوورە لە مانا راستەقینەکەی، لە گەڵ ئەوەشدا هەر لە هەمان دیباجە و لە سەرەتای هەمان رستە و لە خودی مادەی یەکی ئەم دەستوورە، گەلانی کۆماری عێراقی بە یەک گەل تەسبیت کردووە، ئەویش گەلی عێراقە. نەبوونی دەقێکی وەها روون و ئاشکرا لە دەستووری عێراق هەڵەی زەقی بە سەرکردە کوردەکان کردووە، تەنانەت ئەو کەسایەتی و لایەنانەی پشت بە دوا ڕستەی ئەم (دیباجە)یە دەبەستن پێیان وایە: ئەم رستەیە مانای مافی چارەی خۆنووسینە بۆ کورد و یەو مافە بەدەست کوردە و هەرکات بوێرێت رایگەێنێت، دەتوانێ پیادەی بکات. ئەمە بۆچوونێکی دروست نیە و هەڵهاتنە لەواقیع و پەردەپۆشکردنێکی سازشکارانە و دوورخستەنەوەی کوردە لەو ئامانجەی کە هەوڵی بۆ دەدا».
پاڵێوراوێک لەسەر پۆستەری بانگەشەکەی نووسراوە، بۆ جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکان دەچێتە پەرلەمانی بەغدا. لە کاتێکدا لە خولەکانی پێشووش، ئەندامە پەڕلەمانەکان بۆ هەمان ئامانج رۆیشتبوون، کەچی ئەوان نە توانیان بڕگەیەک لە دەستوورەکە شوێن بکەنەوە و بە بەرژەوەندی کورد کۆتایی بێنن، نە چەسپاندنی مادەیەک کە ئاماژە بە راگەیاندنی سەربەخۆیی کورد بدات لە چوارچیوەی دەقێکی یاسایی.
شەڕی کورد لەم خولەی پەڕلەمانی عێراق ئەگەر شەڕی دووبارە داڕژتنەوە و دەستکاریکردنی دەستوور نەبێت، نە ئەو ئەندام پەڕلەمانانەی ئیستە، نە ئەوانەی داهاتوو ناتوانن نە مادەی ١٤٠ چل کە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ بۆ کورد یەکلایی بکەنەوە، نە دەتوانن ئەو دەوڵەتە کوردییەی کە کردویانە بە خەونی خەیاڵپەرست بهێننە دی!
پرسیار ئەوەیە:
لەم سەینوبەینەدا ئێوە کە زۆرینەتان تاک و تەرای لێدەرچێ، دەبن بە پەرلەمانتار و بەم ئەقڵەیەتەوە کە یەکێکتان نازانێ ژمارەی کورسییەکانی بەغدا چەندە، یەکیدی ئەو بڕگەیە ناناسێتەوە کە باسی پرسی چارەنوس سازی بە کوردی تێدا کراوە، ئاوا دەچنەوە بەغدا تاریفی چی کورد دەکەن؟ چی بۆ قەزییەی کورد و نزیکبوونەوەی لە سەربەخۆیی دەکەن؟
بێگومان بەم بێبەرنامەیی و پەرپوتییەوە، بەم کادیرە نایاسایی و ئاقارە نائەقلانییەوە، ژمارەتان هەرچەندێ بێت ئەو قوڕساییە دروست ناکەن کە کورد و عەرەب لە عێراق و عێراق لە گەلی فیدڕاڵەوە، بکەن بە دوو دراوسێی باش!