کایەی سیاسیی سلێمانی*

6 ساڵ لەمەوپێش



سەرکەوت زەکی

سلێمانی وەک یەکەیەکی جوگرافی و سنورێکی فراوان، دور لەهەر کاریگەری و کارتێکردنێکی ناوچەگەری، شارێکە بۆ بەخشش و نوێبونەوەو داهێنان، لە ڕابوردوەوە تا ئێستای بۆ چرکەیەک نە لەکاروانەکە دواکەوتوە و نەکەمتەرخەمیەکی نواندوە، ڕاستە پێگەیەکی بازرگانی، پیشەسازی یان کشتوکاڵی جیاکەرەوەی ئەوتۆی نیە لەشارەکانی تری کوردستان گرنگتربێت، بەڵام مێژویەکی تایبەتی بۆخۆی خولقاندوە.ئەو مێژوەش سەروەریەکی نیشتمانی و نازناوی جۆراوجۆری پێبەخشیوە کە پەیوەستی کردوە بە رابوردوی خۆی و داھاتوەکەشیەوە، چ وەک شاری هەڵمەت و قوربانی بێت یان پایتەختی ڕۆشنبیری، شارێکە لەژێر کاریگەری کەلتورە سیاسیە نیشتمانی و پێشکەوتنخوازیەکەیدا لەزۆر قۆناغی گرنگی مێژویی و سەردەمی جیاوازدا ڕۆڵی پێشەنگی گێڕاوە.
بۆ کورتە وتارێکی وەها و بۆ خوێنەری کورد، ڕەنگە ئاوڕدانەوە لە ڕابوردو و بەڵگەی مێژویی ھێنانەوەم پێویست نەبێت، بەڵام لە درێژەی ڕاپەڕین و شۆڕشی چەکداری ڕزگاری نیشتمانی باشوری کوردستاندا، سلێمانی هەمیشە لەپێشەوەو پێشەنگ بوە،کاریگەری و شوێن پەنجەی خۆی بەسەر خەبات و شۆڕشەکانیەوە جێهێشتوەو ئەمەش نەک تەنها لەڕوی تۆپۆگرافی و هەڵکەوتە جوگرافیەکەی، یان پشتیوانی ماددی و خوێن و قوربانی و بەخشینی سەرچاوە مرۆییەکەیەوە بوە، بەڵکە بەدیوێکی تردا لەڕوی ئەو ژینگە سیاسیەی لە سلێمانیدا فەراهەم بوەو نەشونمای کردوەو لەڕوی دنیا بینی و کۆمەڵایەتیەوە بوە بە قیبلەنمای شۆڕش و جوڵانەوەو گەشەو پێشکەوتنە سەرتاسەرییەکانی جوڵانەوە سیاسیەکانی کوردستان.
لە ڕابوردودا، ژینگە یان کایەی سیاسی سلێمانی، وێڵ و سەوداسەر و خولیای ئازادییەکەی لە ڕزگاری نیشتمانی و بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانی و سەربەخۆییدا چڕکردبوەوە،بەڵام لەسایەی ئەزمونەکانی حوکمڕانی خۆماڵی و کەلتورە بزێو و نەوەستاوو ڕۆڵە پێشەنگیەکەیەوە، ساڵانێکەو ئیستاشی لەگەڵدا بێت ئەم کایە سیاسیە دەستی بە داوەکانی ژیانێکی باشتر و خۆشگوزەرانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیشەوە بەتوندی گرتوە،کایە سیاسیەکەی بەداوای شەفافیەت و بەدیھێنانی عەدالەتێکی گشتگیر بارگاوی کردوەو بەرپرسیارێتیەکی خستوەتە ئەستۆی هەموان. بۆیە هەر ھێزێکی سیاسی بیەوێت لە کاروانەکەی سلێمانی دانەبڕێت و کاروانچیەکانی جێی نەهێڵن، بیەوێت لەکۆی پرۆسەی سیاسی لەباشور دوانەکەوێت پێویستە لە پەیامەکانی ئەم کایە سیاسیە تێبگات و بیخوێنێتەوەو لێی ڕابمێنێت، تادواتر بتوانێت کاری پێ بکات، ئەگەر نا باوێڵی دوای چارەنوسە نادیارەکەی خۆی بێت، چونکە کایەی سیاسی سلێمانی لە ئیستادا باوەشی بۆ ھێزە عەدالەتخواز و شەفاف و سیاسەت ڕونەکان کردوەتەوە.
*پێشکەشە
بەڕۆحی ئەکرەمی ساڵەحی ڕەشە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار