چی روودەدات

6 ساڵ لەمەوپێش



هەندرێن شێخ راغب

هەموو لایەک باش دەزانن سێگۆشەی سنوری (قەندیل)، ناوەندێکی سەختی فراوانی لەدەست دەرچووە لەڕوی هێزی هەرێمیەوە، لەشەڕی نێوان‌ عێراق‌و ئێران هیچیان بەسوپا زەبەلاحەکەی خۆیانەوە پێیان کۆنتڕۆڵ نەکرا. کەکیانی هەرێمی کوردستان دروستبوو، پارتیو یەکێتی شەڕیان لەگەڵ پەکەکە کردو دوبارەشیان کردەوە، کەچی ئەم سێگۆشە سنوریە پێیان کۆنتڕۆڵ نەکرا. تورکیا باش دەزانێت پەکەکە هیچ پەیوەندیەکی بەهەرێمی کوردستانەوە نیە، بەڵام باشترین بیانووە بۆ ئەوەی پەلاماری هەرێمی کوردستان‌ بدات‌و لەشکۆو سەروەری کیانی کوردی بدات، لەئێستادا تورکیا لەسێ پارچەی کوردستان جەبهەی لەکورد گرتووە (رۆژئاوا، باکور، باشور) بیانوەکەش پەکەکەیە..بەهۆی هەبونی پەکەکە چەندین ساڵە بنکەو بارەگای خۆی لەباشوری کوردستان زیاددەکات. 
لەڕۆژانی رابردوو لەناوچەی دێرەلوک‌و شیلادزێ، فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا چوار هاوڵاتی مەدەنی بێ چەکی کوردیان شەهید کرد، بەبێ ئەوەی پەکەکە لەم ناوچەیە بوونی هەبێت، هاوکات ئەمڕۆش هاوڵاتیانی مەدەنی خۆپیشاندانیان کردو سەربازانی تورکیا بێ ئەوەی تۆزقاڵێک شەرم لەسەروەری کوردستان بکەن، تەقەیان کردووەو هاوڵاتیەک شەهید بووەو چەندینی دیکەش بریندارن، ئیرادەی مەردانەو کوردانەی بادینان پەلاماری بارەگای داگیرکەری تورکیایان داو ئاگریان تێبەردا، بەهۆی ئەم روداوە سەربازیە شەهیدو بریندار هەبوو، بەڵام بێ دەرەنجامی سیاسی نابێت. بۆیە وەک ئەرکێکی هاوڵاتی و هاونیشتمانی و کوردێک، هاوکات وەک ئەندامی سیاسی ئۆرگانێکی سیاسی داوا دەکەم: 
یەکەم: بۆ بەرز راگرتنی شکۆی ئینسانی کوردو لەبیرنەچونی خوێنیان، پێویستە لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان خۆپیشاندانی جەماوەری دژی تورکیا‌و بەئامانج گرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجامبدرێت.
دووەم: ئەم روداوانەی ئەمڕۆی شیلادزێ‌و دێرەلوک، با سەرەتایەکی گرنگ بێت بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتی دەرکردنی تەواوی بارەگاو بنکەو ناوەندی سەربازی و میتی تورکی و ئێرانی و ئیتڵاعات، لەسەر سنوری هەرێمی کوردستان‌و ئەم ناوچانەی داگیریان کردوون.
سێیەم: خەباتێکی سەرتاسەری مەدەنیو جەماوەری بێت‌و بەحزبی نەکرێت، بەڵام مەرجە هەموو حزبەکان ئەوانەی خۆیان بەخاوەنی هەڵوێست دەزانن بەشداری کارایان هەبێت.
چوارەم: پێویستە وەک یەک پاکێجی نیشتمانی سەیری بابەتەکە بکرێت، نەبێتە شەڕە زۆنی سیاسی.
پێنجەم: حکومەتی عێراقی بەفەرمی بێتە ناو بابەتەکەو سەروەری هەرێمێکی دەستوری ناو دەستوری عێراق بپارێزێت.
شەشەم: پەرلەمانی کوردستان کۆبونەوەیەکی تایبەت لەم بارەیەوە ئەنجامبدات‌و بڕیاری دەرکردنی بنکەو بارەگای دەوڵەتانی ناوچەکە دەربکات. (وابزانم کاتی خۆی پەرلەمان شتێکی لەم بارەیەوە هەبوو). 
ئێوە سەیر بکەن دوای بیست‌و حەوت ساڵ لەحوکمڕانی کوردی، دوای ئەوەی تورکیا بە ملیار دۆلاری دەستکەوتوە لەهەرێم‌و دەستیشی دەکەوێت، دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان پەنجا ساڵ نەوتی خۆی داوەتێ، دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان باشترین دراوسێی تورکیا بووە، کەچی ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا دەڵێت زەلکاوو زۆنگاوی هەرێمی کوردستان. تۆ بەکوردستان بڵێی زۆنگاو، ئێمەش بارەگا‌و بنکەت دەسوتێنین‌و دەرت دەکەین؟. کەواتە ئەوەی روو دەدات ئەوەیە کە تورکیا وەک زۆنگاو سەیری هەرێمی کوردستان دەکات، بۆیە ئێمەش دەبێت وەڵاممان هەبێت. دەبوو لەسەر بەزەلکاوو زۆنگاو وەسفکردنی هەرێمی کوردستان قونسوڵخانەی تورکیا دابخرابوایە؟.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار