چ دەگۆڕن ژیانی خۆتان یان خەڵک؟
7 ساڵ لەمەوپێش
سیروان ڕەحیم
هەرگیز ئەوەندەی پاش ڕاو و کاتی شەڕ و پێش هەڵبژاردن درۆ ناکرێت.
بیسمارک (١٨١٥ـ١٨٩٨) سیاسەتوانی ئەڵمان
لە عێراق و لە کوردستان بانگەشەی هەڵبژاردنە. وەکو هاووڵاتییەکی سادە، هیچ شتێک لە بەرنامە و پلانی لیستەکاندا سەرنجم ڕاناکێشێت. هەڵگری هیچ بەڵێنێک نین، تروسکەیەک، تەنانەت تروسکەیەکی هیوایش لە دڵدا بڕوێنێت. لەبنەڕەتدا ئەو زەمینەیە دەستەبەر نەکراوە، دەرفەتێک بوونی نییە، کە بەڵێنی کاندید و پەرلەمانتاری تێدا جێبەجێ بکرێت. کێ لەمەدا گوناهبارە؟ هەموو ئەوانەی بەشدارن لە گەمەی سیاسی و بەڕێوەبردندا لەو وەڵاتە، بە گەورە و بچوکیانەوە، بە هەموو ڕەنگ و دەنگەکانیانەوە.
قسەکانی ئەوان و بەرنامە و بەڵینەکانیان بۆ من، وەکو هاووڵاتییەکی سادە و چاودێر خاڵین، خاڵین لە هەموو شتێکی جوان و هەموو بەتەنگەوەهاتنێک.ئەوەی زۆرتر بۆ من سەرنجڕاکێشە، داهێنانی ئەو هەموو پێکەنۆک، توانج و لێدوانە خەندە بەخشانەن لەسەر ڕەوتی بانگەشە و کاندیدگەلی ئەمجارە. داهێنانەکان خەندە بەخشن، هاوکات هەڵگری ڕەخنە و واتای گرنگیشن، خاڵی نین لە پەیامی گەورە، بەڵام دەبێت لیست و کاندیدگەل لێیان حاڵی بن.
داهێنانی پێکەنۆک و گاڵتەجاڕی سەبارەت بە هەڵبژاردن و کاندیدگەل، هەر ئاماژەی ئەوە نین شتی جدی و تێڕوانینی دەربەستانە نەماوە، ڕاستە زۆرینە لە عێراق و کوردستاندا بێهیوا بوون و ئیتر چ دڵێکیان بە قسە و بەڵێنی هیچ کەسێک لەوانەی پێیاندەگوترێت سیاسەتوان نەماوە، بەڵام دروستکردنی پێکەنۆک جگە لەوەی هونەرێکی گەورەیە، هەروەها ئاماژەیە بۆ زیندووبوونی گیانی ڕەخنە و وزەی ناڕەزاییبوونیش، ناڕەزایی لە ئاستێکی هەرە باڵای هونەری و هەروەها دەربڕینیشدا، بەتایبەتی بۆ ئەو سەرزەمینانەی خوێندنەوە ئەو نرخە گەورە و ئاستە فراوانەیان نییە و پەیامی کورت و بروسکە ئاسا زیاتر ئامانج دەپێکن.
دەیان پێکەنۆک، توانج، لێدوان و کاریکاتێر دەبینین کە بەڕاستی جۆرێک لە داهێنان یان خەیاڵی فراوان لەخۆدا بەرجەستە دەکەن. لەناو هەموو ئەوانەدا، هەندێک پێکەنۆک هەن ئەوەندە خەندەبەخشن قەدەرێ لە کن خۆیان ڕاماندەگرن.
«دەنگم پێبدەن، ئەگەرچی من ناتوانم ژیانی ئێوە بگۆڕم، بەڵام ئێوە سەرلەبەری ژیانی من و خێزانەکەم دەگۆڕن». بەگوێرەی پێکەنۆکەکە بێت ئەمە بانگەشەی «کاندیدێکی ڕاستگۆیە!». ڕاستییەکەی بانگەشە بۆ ئەو پەرلەمانەی عێراق دەبێت بەزمان و شێوازێکی وەها بکرێت. فرە کاریگەر و ڕاستگۆیانەیە. پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانی وەڵاتێکە کە هیچ بەرنامەیەکی سادە و سەرەتایی دێمۆکراتی تێدا نییە، وەڵاتەکە لە کۆمپیوتەرێک دەچێت بەرنامەی نوێ و نوژەنی لێ سوار نەکرێت. ئەوانەی لەوێ سیاسەت دەکەن بە هیچ کلۆجێک پابەندی مەرجەکانی دێمۆکراسی نابن. ناتوانن پابەند بن، پابەندبوونیان، دەبێت بەهۆی نەمانیان. وەڵاتێک مەرجەکانی لە بواری ئابوری، پەروەردە، تەندروستی، خزمەتگوزاری هاتوچۆ هتد، بەبەراورد بە سامان و داهاتی، لە نزمترین و ترسناکترین ئاستدایە. کێشەگەلی وەکو: کێشەی مەزهەبی، سەردەستی پیاوانی ئاینی،کێشەی گەورەی ڕەگەزپەرستی، سەرباری دەردەکانی نێوخۆی، دەستتێوەردانی دەرەکییش، وەڵاتەکەی بەمەرەیەک بردووە، شتێکی بەناوی سەروەری و وەڵاتێکی ئاسایی بۆ نەماوەتەوە. لەهەمان وڵاتدا کە خەڵک لەو کەشە نالەبارەدا دەژی، کەچی ئەندام پەرلەمان و سیاستوانەکانی لە ئاستی هەرە بڵندی ژیان و داهات و دەستکەودا تەراتێن دەکەن، بێئەوەی بتوانن یان توانیبێتیان سادەترین شت لە ژیانی مرۆڤەکاندا بگۆڕن.
پرسیار ئەوەیە، هەر بەڕاستی کاندید و سەرۆک لیست چ بەڵێنێک بە خەڵکەکە دەدەن؟ دەتوانن چ بکەن، نەک بەرانبەر بەهەڕەشە یان ئەو بڕیارانەی سەبارەت بەچارەنووسی عێراق و کوردستان لەدەرەوە دەدرێن، نەخێر، بەرانبەر بە هەڕەشەی پیاوێکی وەکو موقتەدا سەدر، دەتوانن چ بکەن و چییان لەدەست دێت؟ کە ناتوانن ئەوە بکەن و زۆر لەو ئاستە لەخوارترن، ئەی ئیتر چ مەبەستێکیان هەیە بۆ ئەم هەڵپەکردنەی بوون بە پەرلەمانتار؟ بۆچ وەها پەلەی چوونە پەرلەمانیانە، جگە لەوەی «ژیانی خۆیان» بگۆڕن، دەتوانن چ شتێک بگۆڕن؟
سیاسەتوانی تورک سڵێمان دەمیرەلیش (١٩٢٤ ـ ٢٠١٥) دەیگوت:»نامەرد بم ئەگەر شتێکم بۆ خۆم گەرەک بێت». بەڵێ ئەم کاندیدگەلەی پەرلەمانی عێراقیش، لەوە دەچێت هیچیان بۆ خۆیان ناوێت، بەڵام بەو ڕەنگ و شێوازەی دەمیرەل.
هەندێ کاندیدی کورد باس لە دەرفەتی کارکردن لە پەرلەمانی عێراق دەکەن، هەندێکیان زۆرتر دەڕۆن و دەیانەوێت عێراق وەکو سەرزەمینێکی جوان وێنا بکەن، جوانییەک تەنها چاوی ئەوان دەیبینێت و چاوەکانی دی هەست بەو هەموو جوانی و ڕەنگیینییەی عێراق لە بواری خۆشگوزەرانی و پێکەوەهەڵکردندا ناکەن. بەڵام ڕەنگبێ گوێیان لەو کەسانە نەبووبێت کە لە نۆی مانگی چواری ئەمساڵدا و لە ساڵڤەگەڕی ڕوخانی سەدامدا قسەیان دەکرد. جێگەی جەخارە، هاوڵاتییەکی عەرەبی عێراقی لە پایتەختی ئەو وەڵاتە بۆ کامێرا قسەی دەکرد و دەیگوت: لابردن و ڕوخاندنی سەدام هەڵەیەکی گەورە بوو! ئایا ئەوە کارەساتی ڕەش و پشتشکێن نییە هاووڵاتی بێتە سەر ئەو باوەڕەی لابردنی دیکتاتۆر، خوێنڕێژ و مۆتەکەیەکی وەکو سەدام هەڵە بوو؟ وڵاتێک مرۆڤەکانی لەو بارە خراپەی دەروونیدا بن، لە خراپترین ئاستی ئابوری، پەروەردە و خزمەتگوزاریدا بن، ئایا کاندیدگەل لە کاولاشێکی وهادا بانگەشە بۆچ دەکەن؟ ئەرێ چیتان هەس پێشکەشبە خەڵکی بکەن؟
ئایا لەم سەر بۆ ئەو سەری عێراق، شتێک هەیە ناوی پێکەوەژیان بێت؟ هیوایەک هەیە بۆ سبەینێیەکی گەش تاکو ئاماژەی پێبکرێت؟ هۆکاری هەموو ئەو کارەساتگەلەیش کێیە؟ بێگومان سیاسەتوانەکانی ئەو وەڵاتەن.
ڤیلی مۆیرەر (١٩٣٤) وەشانکار و نووسەرێکی ئەڵەمان ـ کەنەدییە، دەڵێت: «لە سیاسەتدا مرۆڤ وشەی «درۆ» دەگۆڕێت و دەیکات بە «بەڵێنی هەڵبژاردن».
کاندیدی خاوەن پێداویستی، کاندیدی داماوی دەنگ و چاوەڕێی ئاوڕدانەوەی خێری خەڵک، تۆیش تکایە ڕاستگۆ بە و گەمە بەوشە و دەربڕینەکان مەکە، لە بری بەڵێن بە دەنگدەران بدەیت، چاترە بڵێی: من ناتوانم ژیانتان بگۆڕم، بەڵام تکایە ئێوە کۆمەکم بکەن و ژیانم بگۆڕن.
* پێکەنۆک: نوکتە.