ئەمجارەش دەرگای کۆشکی کۆماریی عێراق بەڕووی کوردێکدا دەکرێتەوە؟
7 ساڵ لەمەوپێش
بەڵێن عزەت میکە
دوانزەی ئایار عێراقیەکان دەچنە سەر سندوقی دەنگدان و نوێنەری چوار ساڵی داهاتویان هەڵدەبژێرن، عێراقیەکان بێئاگان لەوەی کە لەو هەڵبژاردنەدا تەنها ئەندامانی پەرلەمان دەستنیشان ناکەن، بەڵکو سەرۆکی کۆماریش دیاری دەکەن و دەنگەکانیان دەبێتە هۆی سەرخستنی سەرۆکێک بۆ کۆشکی کۆماری لە کەڕادەی بەغداد.
لە ساڵی 2005ەوە تا ئێستا پۆستەکانی هەرسێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق بە شێوەی تەوافوق دابەش دەکرێن بەسەر هەرسێ پێکهاتە سەرەکیەکەدا، شیعە و سونە و کورد.
دوای شەڕی داعش و دروستبوونی چەندین هێز و هاوپەیمانی نوێ، پێدەچێت دووبارە پەنابردنەوە بەر بنەمای تەوافوق کارێکی وا ئاسان نەبێت، بەتایبەتی کە هەرسێ پێکهاتەکە لەناوخۆدا دابەشبوون بەسەر چەندیدن بەرەی جیاوازدا، ئەو هاوپەیمانیە نوێیانەش بە مەودای جیاواز هەریەکەیان نزیکن لە سیاسەتی ئێران یان ئەمریکا، ئەمەش هاوکێشەکە زیاتر ئاڵۆز دەکات و ئاسان نیە داهاتوی پرۆسەی سیاسی عێراق وێنابکرێت.
پۆستی سەرۆک کۆمار کە تا ئێستا کورد بە موڵکی خۆی دەزانێت لەبەردەم چەند ئەگەرێکی کراوەدایە، مەترسیدارترینیان بۆ کورد ئەوەیە کە کۆتایی بە بنەمای تەوافق بێت و زۆرینەیەکی پەرلەمانی سەرۆک کۆمار هەڵبژێرێت، ئەگەری ڕوودانی ئەم سیناریۆیە بەهێزتر دەبێت ئەگەر بێت و لیستەکانی دەوڵەتی یاسا(مالیکی) و هاوپەیمانی فەتح(عامری) سەرکەوتن بەدەستبهێنن و بتوانن بە هاوپەیمانی لەگەڵ چەند هێزێکی تر، زۆرینەی پەرلەمانی دەستەبەر بکە، لە سیناریۆی دووەمیشدا بە سەرکەوتنی هاوپەیمانی نەسر(عەبادی) و لیستی سائرون، کە بە دوو قەوارەی پەسەندکراوی ئەمریکا دەناسرێن بنەمای تەوافوق وەک خۆی دەمێنێتەوە، ئەگەر بەو شێوەیەی ئێستاش نەبێت، چونکە ئەمریکا بە تەواوی پشتگیری تەوافوق دەکات و خۆی بە داهێنەری ئەو مۆدێلە دەزانێت لە عێراق، ئەگەری ڕوودانی ئەم سیناریۆیە بە دوو شێوە لە ئارادایە، یەکەمیان تەوافوقی سیاسی نێوان لایەنەکان بەوشێوەیەی کە لە 12 ساڵی ڕابردوودا هەبووە، دووەمیشیان درووستکردنی تەوافوق لەنێوان بەشێک لە هەرسێ پێکهاتەکە، واتە بەشێک لە سونە و بەشێک لە شیعە و بەشێک لە کورد، بە سەرنجدان لە دۆخی سیاسی پێش هەڵبژاردن و فراوانبوونی ئاڵۆزیە ناوخۆیەکانی نێوان پێکهاتەکان و بەتایبەتیش کورد و شیعە، ئەوە ڕوندەبێتەوە کە ئەگەری ڕوودانی شێوەی دووەمی ئەو سیناریۆیە بەهێزترە.
کورد لەکوێی سیناریۆکاندایە؟
لە ئەگەری ڕوودانی سینارۆی یەکەم کە بریتیە لە پشتکردنە تەوافوقی سیاسی، کورد بەتەواوی پەراوێزدەخرێت وەکو پێکهاتە، لەگەڵ ئەوەشدا دوور نیە هەندێک لایەنی کوردی و بەتایبەتیش لایەنە نوێکان مەیلی بەشداریکردنیان هەبێت لە حکومەتی زۆرینەدا، بەڵام ئەگەرێکی دوورە لەو حکومەتە زۆرینەیەدا سەرۆکایەتی کۆمار بدرێتە لایەنە کوردیە بەشدارەکان، لە ئەگەری ڕوودانی سیناریۆی دووەمدا کە کارکردنە بە بنەمای تەوافوق بە هەردوو شێوەکەی، پۆستی سەرۆک کۆمار دەدرێتەوە بە پێکهاتەی کورد.
کێ دەبێتە سەرۆک کۆمار؟
سەرۆک کۆمار کە پشکی کوردە، تا ئێستا لەلای یەکێتی بووە و ئەمەش پشتبەستە بە ڕێژەی دەنگەکانی و ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان یەکێتی و پارتی، بەڵام پێناچێت بۆ ئەمجارە یەکێتی بتوانێت ئەو پۆستە وەربگرێتەوە، چونکە ڕێککەوتنە سیتراتیژیەکەی لەگەڵ پارتی ڕوو لە کاڵبونەوەیە و چارەنوسی پۆستی سەرۆکی هەرێم کە ئێستا دەسەڵاتەکانی دابەشکراوە کاریگەری دەبێت لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، چونکە بەشێکە لە ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان یەکێتی و پارتی،هەروەها جێگری سکرتێری یەکێتی قەوارەیەکی نوێی ڕاگەیاندووە و چاوەڕوان دەکرێت بەشێکی زۆری دەنگەکانی یەکێتی بۆخۆی ببات.
یەکێتی لە ئێستادا خاوەنی 21 کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە و دووەم گەورەترین فراکسیۆنی کوردیە، پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ لایەنە شیعەکاندا هەیە و زیاتر لە لایەنە کوردیەکانی تر نزیکە لە ئێرانەوە، بەڵام ڕوداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر کە نەیارەکانی یەکێتی بە خیانەتی ناوی دەبەن کاریگەرییان دەبێت لەسەر دەنگاکانی ئەو حیزبە لە ناوچە جێناکۆکەکان و بەپێی ڕاپرسییەکان پێدەچیت زیاتر لە یەک لەسەرسێی دەنگەکانی لەدەست بدات، ئەمەش بۆ یەکێتی مۆتەکەیەکی قورسە چونکە بەشێکی زۆری دەنگەکانی لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا لە کەرکوک بووە.
بەپێی زۆربەی توێژینەوە و ڕاپرسیە نافەرمییەکان، پێدەچێت پارتی دیموکراتی کوردستان وەک گەورەترین هێزی کوردی بمێنێتەوە، ئەمەش بەو واتایە دێت کە پۆستە گرنگە وەزاریی و ئیدارییەکان کە بەر پێکهاتەی کورد دەکەوێت، بدرێتە پارتی و پۆستی سەرۆک کۆمار کە پۆستێکی تەشریفاتییە بدرێتە هێزی دووەم، لێرەوە ململانێی نێوان یەکێتی و هاوپەیمانی و گۆڕان لەسەر ئەو پۆستە سەرهەڵدەدات، تا ئێستا توێژینەوە و ڕاپرسیەکان بەو ئاراستەیەن کە هاوپەیمانی و گۆڕان دەبنە دوو هێزی قەبارە یەکسان، بۆیە بەهێزترین ئەگەر ئەوەیە کە گۆڕان و هاوپەیمانی و چەند پارتێکی تر ببنە بەرەیەکی سیاسی لە عێراق و کاندیدی بەهێزیان هەبێت بۆ سەرۆکایەتی کۆمار، ئەم ئەگەرەش بەهێزتر دەبێت لە کاتێکدا کە هاوپەیمانی سەۆکێکی وەکو بەرهەم ساڵحی هەیە و لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵێش لێکتێگەشتنیان واژۆکردووە و لە ناوچە جێناکۆکەکانیش بە یەک لیست دابەزیوون، بەڵام ئەم سیناریۆیە لاواز دەبێت لە ئەگەری دروستردنی هاوپەیمانی لە نێوان پارتی و یەکێتی دا و ڕێککەوتنیان لەگەڵ زۆرینەی شیعە و سونەبەمەرجی بەشداری پێنەکردنی گۆڕان و هاوپەیمانی، وەک چۆن لە خولی پێشودا مەرجیان لەسەر لایەنە شیعەکان دانا بەوەی کە چەند پۆستێک نەدرێتە بزوتنەوەی گۆڕان، لەم هاوکێشەیەشدا دەبێت کەسایەتی بەرهەم ساڵح و شێوازی ئەنجامدانی بانگەشەی هاوپەیمانی لەبیرنەکرێت، چونکە بە نەهجێکی نەرم و سارد، کاری سیاسی دەکات و ئەمەش ڕێخۆشکەرە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ سەرجەم لایەنەکاندا، تەنانەت یەکێتی نشتیمانی و پارتی دیموکراتی کوردستانیش.
دوای سەرنجدان لە تەواوی مەشهەدە سیاسیە پێشبینیکراوەکان، دەکرێت بەرهەم ساڵح و فواد مەعسوم وەک دوو بەهێزترین کەسایەتی گونجاو سەیربکرێن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار لە خولی داهاتوودا، چونکە فواد مەعسوم تاکە کەسە لە ناو یەکێتی دا خۆی بەدورگرتووە لە سەرجەم ململانێ ناوخۆییەکان و پەسەندترین کەسە لە لای بنەماڵەی تاڵەبانی و هەردوو رکابەرەکەی پێشووی کە نەجمەدین کەریم و بەرهەم ساڵح بوون لە حزبەکەیدا نەماون، هێزیی بەرهەم ساڵحیش دەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی لەگەڵ گۆڕان و پێگە سیاسیەکەی خۆی و کراوەیی ئەگەرەکانی ڕێککەوتنی لەگەڵ سەرجەم حزبە کوردیەکانی تر، ئەمەش خاڵی بەهێزی بەرهەم ساڵحە و پێدەچێت بەهێزترین کاندیدی کوردبێت کە بگاتە ناوچەی
کەڕادە و دەرگای کۆشکی کۆماریی بەڕوودا بکرێتەوە.