تێنەگەیشتن وەک بزووێنەری مێژوو یان تێزی تێنەگەیشتن
6 ساڵ لەمەوپێش
مەحمود عەبدوڵا
وەک ئەزموونی کەسی و ئەزمونی مێژوویی، تێنەگەیشتن سەرچاوەی جوڵەی تاک و کۆمەڵگاکانە. هیچ کردەیەکی مێژوویی عەقڵانی نییە. ئەوانەی باوەڕیان بەوە هەیە، کە لە سەربنەمایەکی عەقڵانی و بەرنامە بۆ داڕێژراو مرۆڤایەتی پێشکەوتووە، باوەڕیان بە تیۆری پیلانگێڕی هەیە. تیۆری پیلانگێڕیش خۆی بریتییە لە تێنەگەیشتن. باشترین خەڵەتێنەری هەموو سەردەمێک باوەڕ بوونە بە پیلانگێڕی. وەک باوەڕبونی ئیسلامییەکان بە ئاژاوەگێڕی جولەکە لەسەرەتاوە.
تەواوی مێژوو بریتییە لە شەڕی تێگەیشتن و تێنەگەیشتن. هەتا ئێستا زانست و عەقڵ ناتوانن یۆتۆپیایەک دروستبکەن. بەڵام تێنەگەیشتن و نەزانی لەیۆتۆپیا زیاتر ناتوانن شتێکیتر بخوڵقێنن.
هەموو ڕادیکاڵبونێک لەمێژوودا بریتییە لەهەندێک حەقیقەت و هەندێک تێنەگەیشتن، چونکە تێگەیشتنی تەواو جوڵەی مێژوو یەکسان دەکاتەوە بەصفر. مرۆڤ ناتوانێت بە بێ تێنەگەیشتن بژی و بجوڵێت، تایبەتمەندییەکی مرۆڤ لە لە پەیدابونییەوە لەگەڵیەتی، سەرسام بونە بەوشتانەی لێیان تێنەگەیشتووە. تێنە گەیشتن خۆزادی مرۆڤە.
لەمارکسیزمدا، ئەوەی بووە هۆی شۆڕش، تێگەیشتن نەبوو لە ململانێی چینەکان، بەڵکو ئەنجامی هەڵە تێگەیشتن بوو، لە داهاتوو. باوەڕبون بوو بە و یاسایەی کە لەسەرووی توانای مرۆڤ مێژوو دەجوڵێنێت، ئەو مژدە خۆشە بوو کە مارکس دای بە پرۆلیتاریا. بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی تێگەیشتنەوە، ئەو گەرموو گوڕییە بۆ سۆسیالیزم نەماوە هەڵبەت لای ئەو مارکسیانەی کە تێگەیشتون. من باس لە پێویستبون و نەبونی تێنەگەیشتن ناکەم.
دەشێت یەکێک بڵێت کەواتە تێنەگەیشتن باشە، چونکە دەبێتە هۆی شۆڕش، وەک چۆن دەڵێن ئاین باشە : چونکە دەبێتە هۆی ئاسودەیی، بەڵام ئایا ئاسودەیی ئاین لە تێنەگەیشتنەکەدا نییە. کەواتە ئەگەر تێگەیشتن هەبوایە، پێغەمبەرانیش نەدەبوون.
ئەوانەی بەناوی خوداوە سەری مرۆڤیان بڕی، لەخودا تێنەگەیشتن. هەموو یۆتۆپیاکان تێنەگەیشتن دروستیکردوون، چونکە تێگەیشتن بەردەوام دژە یۆتۆپیایە. هەموو ئەوانەی بە دوای یۆتۆپیاکان کەوتوون ئەوانەن تێنەگەیشتوون.
بەکورتی، تێنەگەیشتن بزوێنەری مێژووە. لای مارکس ئابوری، لای فرۆید سێکس، لای هیگڵ نەتەوە، لای پێغەمبەران خودا بزوێنەری مێژووە. بەڵام ئایا هەموو ئەم تیۆرانە شتێک لە تێنەگەیشتنیان تێدا نەبوو؟ کەواتە لەناو هەموو ئەمانەدا بزوێنەری سەرەکی و بەنزینەکە تێنەگەیشتنە.
ئایا قوربانیدانی مرۆڤ و بەخشینی گیانی خۆی لە پێناو حەقیقەت دابوو، یان تێنەگەیشتن؟ بەباوەڕی من بە بێ تێنەگەیشتن مرۆڤ یەک سانتیم ناجوڵێت. هیچ گیانێک هێندە هەرزان نییە لەپێناو تێگەیشتن ببەخشرێت. ئەوەی داوای گیانبازیمان لێدەکات، بەردەوام تێنەگەیشتنە. هەرکات مرۆڤ گەیشتە کەماڵ و تێگەیشتن دەگاتە کۆتایی مێژوو، کەواتە بۆ ئەوەی بەردەوام ڕەوڕەوەی مێژوو بجوڵێت، دەبێت بەردەوام تێنەگەیشتن هەبێت، وەک وزەی سەرەکی بۆ ڕەوایەتیدان بۆ هەموو کردەیەکی سیاسی ئاینی ئایدیۆلۆژی. بۆ ئەوەی شۆڕشگێرێکی گەورەبیت دەبێت هەندێک تێنەگەیشتن قبوڵبکەیت.
تێنەگەیشتنی مرۆڤ لەخۆی خودای دروستکرد، تێگەیشتنیش کوشتی. بۆیە ئێمەی مرۆڤ بۆ بەردەوامیدان بەژیان و ڕزگاربون لە پووچی، دەبێت تێنەگەین. تێنەگەیشتنمان ئەو تەورەیە کەبەردەوام بتی نوێ دادەتاشێت. بەردەوام شەیتانێک ئە دۆزێتەوە کە پێویستبکات لەناوی ببەین. بۆ ئەوەی بتوانین لەناوی ببەین دەبێت ماوەیەک وەک شەیتان بین، ببین بەشۆڕشگێڕ. شۆڕشگێڕی هیچ نییە، جگە لەهەوڵێک بۆ خۆخاڵیکردنەوە لە پوچییەکان، بۆ بەشەیتانکردنی نیوەی بەشەرییەت و بە ڕەحمانکردنی نیوەکەیتر.
تێگەیشتن بریتییە لەقبوڵکردنی دونیا و هەمەڕەنگییەکەی، تێنەگەیشتن بە پێچەوانەوە.
زۆر بەسادەیی ئەم دنیایە خراپ چێکراوە، دەبێت بیڕوخێنین بە شێوەیەکی نمونەیی چێیبکەینەوە، ببین بەخودا. کەواتە پێویست ناکات لێی تێبگەین و بزانین بۆ وایە بۆئەوەی بتوانین بیگۆڕین دەبێت دەست بە ڕوخاندن بکەین ئەوە ئاسانترە. بەڵێ ڕوخاندن و چێکردنەوەی ئاسانترە لەتێگەیشتن. ئێمە پێویست ناکات خۆمان بە نۆژەنکردنەوەی دونیایەک ماندوو بکەین کە ئێمە دروستمان نە کردووە. شتێک کە هی ئێمە نییە ئێمە تێیدا نابین بەخودا. بەم شێوەیە، دەبێت شۆڕشگێڕ هەم تێنەگات هەم خۆپەرست بێت، ئینجا دونیایەک بخوڵقێنێت، کێشە ئەوە نییە کە خراپترە، گرنگ ئەوەیە شۆڕشگێڕ بەرهەمی تێنەگەیشتن و خۆپەرستییەکەی بینی. ئەگەر تێگەیشتن ببێتە بزوێنەری مێژوو دەشێت باشتر بژین.