دینی دایکم‌و دینی کێی تر؟

6 ساڵ لەمەوپێش



دلێر محەمە د نووری 

١-دینی دایکم
د.مەریوان وریا قانیع گوزارشتی دینی دایکمی لە زۆرشوێن بەکارهێناوه، وەك تایتڵێك بۆ شێوازێك لە دینداری کە زۆرێك لە موسڵمانانی کورد لە دێرزەمانەوە بەمجۆرە ئایینی ئیسلامیان پەیڕەوکردووه. ئەم جۆرە لەدینداری کورت دەبێتەوە بۆ سەر بەرماڵەکانیان و لەتەسبیحەکەی دەستیان یان بۆ ناو دڵ و دەروونی پاك و بێگەردیان. ئەم شێوازە لە دینداری، لە سنووری جوگرافیای ئەو کەسە تێناپەڕێت و سنووری ئەوانی دیکە نابەزێنێ. هەروەها هیچ پەیوەندییەکیشی بەوی دیکەوە لەسەر بنەمای ئایین دانامەزرێنێ. ئەمجۆرە لە دیندارەکان ئەشێ کچی سفوور و کوڕی بێدین و دراوسێی مەیخۆر و رەنگە قومارچی و لە شفرۆشی هەبێت. هەروەها هیچکام لەم کەسانە نەدەبنە کێشەیەك بۆ ئایینەکەی و نەدەبنە خەمێك بۆ ئەم، تا هەوڵی گۆڕینیان بدات. ئەمانە بۆ خویان تایپێکن لە دینداری سیکولار، کە بەتەواوەتی ئایینەکەیان و ژیانی رۆژانەی مرۆڤەکانیان لەیەکدی جیاکردۆتەوه. ئەگە ر خوێنەر کەمێك گوێ لە حیکایەتەکانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەددەی رابردووی هەرێمی کوردستان بگرێت، بەهیچ جۆرێك زاراوەی ئیسلامی تووندڕەو و میانڕەو سیاسی و ناسیاسی و ئەم هەموو گرووپ و تاقم و جۆر و شکڵەی لە ئیسلام و ئیسلامی تیا نابیستێت. بەگشتی یەكجۆر ئیسلامییەت هەبوو ئەوەی کە مەریوان ناوی ناوه( دینی دایکم).
٢/ مەلای گوندەکەی هەولێر
بەهۆی شوێنی کارەکەمەوە لە نەوەددەکانی سەددەی ڕابردوو رۆژێك لە بۆنەیەکدا گوێم لە دەمەتەقێی نێوان بەرپرسێکی عەلمانی و یەکێکی ئیسلامی بوو. بەرپرسە عەلمانییە کە بەقازانجی ئایینی ئیسلامی شتێکی ورووژاند. کەچی ئەوەی دیکەیان پێی وت، فڵان کەس تۆ تائێستاش بۆنی و یسکییەکەی شەوی رابردووت لێدێت، جائیز نییە باسی دین بکەیت!! لێرە بەرپرسە عەلمانییەکە بە چیرۆکێك وەڵامی دایەوە و وتی ((گوایە کاتێ ئەم منداڵ بووە لەو گووندەی ئەمان کە دەکەوێتە نێوان هەولێر و موسڵ، مەلایەکی زۆر وریای لێبووه، رۆژێکیان جوتیارێکی گووندەکە بە مەلاکە دەڵێ مامۆستا من نوێژ تەرك ئەکەم لەبەرئەوەی نوێژی بەیانیان و شێوانم بۆ ناکرێت، بەهۆی قورسی کارەکەم و کاتی پشوودان و خەوتنم. مەلاکەش زۆری بیانووی ئایینی بۆ دەهێنێتەوە بێسوود ئەبێت. لە کۆتاییدا مەلاکە دەڵێ خوای گەورە پێنج دانە نوێژی بەسەردا سەپاندووین، من لای خۆمەوە عەفووت ئەکەم لەو دووانەی کە بۆت ناکرێن، بەومەرجەی کاتێ بۆتکران لە داهاتوودا بیانکەیت. کابراش ڕازی دەبێت و دەڕوات. دەنگۆی ئەم فەتوایە دەگاتە ئەوقافی بەغداد و هەولێر، بەو بۆنەیەشەوە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ مەلاکە دادەمەزرێنن و لەبەردەم ژمارەیەکی زۆر مەلاو خەڵکانی تردا، لێی دەپرسن ئاخۆ بە چ حوکمێکی شەرعی ئەم فەتوایەت دەرکردووه؟!
مەلاکەش زیرەکانە ئەڵێت من نەم وتووە سێ نوێژ بکه، من وتوومە نوێژ تەرك مەکە ئەگەر هەر سوورییت، ئەو سیانە بکە، تا کاتێكیتر باقییەکەشیت بۆ ئەکرێت. جا رۆژی سێ جاران ناوی خوای لە سەردەم بێت باشترە یان هەر نە یبێت؟ من بەو کەمە زانستەی خۆمەوە سێ نوێژم پێ ساغکردەوە، دە ئێوەش لە من زاناتربن و دووانەکەی دیکەی پێ ساغ بکەنەوه! )). جا بەرپرسە عە لمانییەکەش بە ئیسلامییەکەی وت، پێت باشە کافری موتڵەق بم یان ویسکی بخۆمەوە و خواش بناسم؟
٣/ مە لا حە مە د ئە مین
من مناڵی گەڕەکی تەپپەی شاری کەرکووکم، مەلای گەڕەك رووحی شاد بێت و یادی بەخێر( مەلا حەمەد ئەمین) هەرچەند دەنگی زۆر خۆش نەبوو، بەڵام هەمووان لێی ڕازی بوون و خۆشییان دەویست. ئەمانەش هەر لەبەر ئەوەی مەلایەکی کوردانە و نەرم و نیان و هیچ حوکمێکی نە بوو کە مەسەلەکان بەیەکجاری ببڕێتەوه. هەمیشە بەلۆژیکی رۆژ و کوردانە ئەدوا.  بەر لە هەموو شتێك کوڕێکی بەڕێزی ئەم مەلایە پێشمەرگەی دێرینی حیزبی شیوعی عێراقی بوو. ئە گێڕنە وە جارێكیان مەلا گەلێك دووعای خێری بۆ سەرکەوتنی حیزبی شیوعی و کوڕەکەی کردبوو کە لێیان پرسی بوو، چۆن ئەمە ئەگوونجێ مامۆستا؟  وتبووی من دووعام بۆ ستەملێکراو کردووە، دژی ستەمکار، جا ئەو ستەملێکراوە هەرچییەك بێت و هەرچۆنێك بیر بکاتەوه. زۆربەی گەنجانی گەڕەك، مەیخۆر بوون و زۆربەی کچانیش سفوور بوون و باشترین رێز و حورمەت لەنێوانی مەلای گەڕەك و ئەوانەدا هەبوون. گەڕەکی تە پپە خێزانی مەسیحی زۆر لێ دەژیا، سەیر نەبوو کە مە سیحییەکان لە موسڵمانەکان زیاتر رێزیان دەگرت، ئەویش بە هەمانشێوه. رۆژێک نەمانبیست مەسیحییەك دڵی لە خووتبەیەکی ئەم مەلایە ئێشا بێت. مەلایەکی نەورۆز پەرست بوو و کوڕی دووهەمی ئەم مەلایە هەموو نەورۆزێك خۆی ئاگرەکەی خۆش ئەکرد و جارێكیش بەو هۆیەوە دەموچاوی سووتا، کەچی مامۆستای گەڕە ك قسەیەکی تری نەبوو! کچان و کوڕانی ئەم گەڕەکە میللیەی ئێمە، بە مەسیحی و موسڵمانەوە تێکەڵ بوون و سەردانی یەکیان دەکرد و نانی یەکیان دەخوارد. بۆ جارێكیش ئەم مەلایە قسەیەکی دیکەی نەبوو! ماڵە مەسیحییەکان هەندێجار بەرازە کێوییان لە گوندەکانی کۆیە ڕاو دەکرد و دەیان هێنایەوە شار بۆ خواردنی، کەچی لەمەشیاندا قسەیەکی دیکەی نەبوو! ئەوەی مەلا حەمەد ئەمین هەیبوو بۆ گەڕەك لە عورفی کوردی مەوعیزەی حەسەنە تێپەڕی نەدە کرد. من نازانم ئەم هەموو مەوعیزە شەڕانگێزەی ئەم سەردەمە چییه؟ وە ئەم هەموو تاقم و گرووپ و مەزهەبە ئیسلامییە دژ بە یەك و یەکگرتوو لە دژایەتی کردنی بەها کوردی و کۆمەڵایەتییەکان چین؟
٤/ مە لاکەی ناسیاومان
من باوەڕی تەواوم هەیە کورد جا ئیماندار بێت یان نەبێت، لە ئایین قووڵ بووبێتەوە یان نەبووبێتەوه، خۆی لە بنەچەدا تووندڕەو نییه. کاتێك ئیسلامی سیاسی یان سیاسەتی ئیسلامی خزێنرایە نێو دونیای کوردەوە، وردە وردە ئەم گیانی تووندڕەوییە چەکەرەی کرد و ئیسلامیی کوردیی شمشێر و کێرد بە دەستیش پەیدا بوون. هەر هیچ نەبێت جۆرێک لەئیسلامی پەیدا بوون کە ئینتیما بۆ حەسەن بەناو سەید قوتب و وەهابییەت تیایاندا باڵی کێشا بەسەر ئینتیما کوردییەکەیاندا. لەم سیاقەشدا رووداوی مەلایەکی خزمم دەگێڕمەوه، رۆژێك کە تازە تەرکی نوێژم کردبوو و دەستم کردبوو بەوەی بۆ خۆم لە ئایەت وحەدیسەکان تێبگەم و گوێ لە هیچ تەفسیر و لێکدانەوەیەکی دیکە نەگرم. ئەم بەڕێزەی خزمم لە هەوڵی ئەوەدا بوو بمگەێنێتە قەناعەتی ئەوەی تۆببە بکەم و بگەڕێمەوه. من بۆ خۆم هەر کەسێك بۆ هەر فیکرێك سەرنجم ڕابکێشێت پرسیارێکی جەوهەری لێدەکەم بەوەی ئەگەر تۆ دەسەڵاتت هەبێت ژیان چۆن ئەبێت؟ کاتێ لەگەڵ ئەم مەلایە دانیشتم بەیەك ڕیز لە پرسیاری دوور لە یەك و لە بابەتەکە دوورم خستەوە و لەنێو پرسیارەکاندا وتم ئەگەر کەسێك کارێکی قێزەون یان خراپی کرد، تۆ نەسیحەتی ئەکەیت کە وازی لێبێنێت یان ئازاری دەدەیت. ئەو بێ یەك و دوو وتی بە ڵێ دەبێت سەرەتا نەسیحەتی بکەم. منیش وتم کەواتە تۆ کوردێکی ڕەسەن و ئیسلامێکی لاوازیت، وتی نەخێر من ئیسلامێکی بەهێزی کوردیم. منیش پێم ووت ((من رآی منکم منکرآ، فالیغیرە بیدە فان لم یستطع فبلسانه، وان لم یستطع فبقلبه، وذلك اضعف الایمان)) ئیتر لە دوای ئەمەوە هەرچی شێر و رێوی هێنایەوە لای من سوودێکی نەبوو. بۆیە دەڵێم ئەگەر پێویستە مووسڵمان بین، با لەم ئەزعەفولئیمانەبین، تا پێکەوە هەڵبکەین.
ئەمڕۆ لە کوردستاندا گەر چەند کاتژمێرێك لەنێو سۆسیال میدیا و یوتووبدا بەسەر بەریت، بۆت دەردەکەوێت چ گەڕەلاوژێیەکی ئایینی بەرپا بووه، بەجۆرێك دە هێندەی ژمارەی ژنانی وڵاتەکەم، مەلا و فەتواچی هەیە دژ بە ژنان. سەد هێندەی نووسەران و شاعیرانی وڵاتەکەم مەلاو فەتواچی هەیە دژی نووسین. دەیان هێندەی شەهیدە کچ و کوڕەکانی رێگەی ئازادی میللەتەکەم. مەلا و فەتواچی هەیە فرمێسك بۆ دوژمن دەڕێژن.  فەتواکان لەنێو مزگەوت و کۆڵانەکان و بارەگاکانەوە دەردەچن و قسەکردن لەسەر خوێن ڕشتن و سەربڕین نەماوه. ئێستا قسەکردن گەیشتۆتە نێو جلەکانی ژێرەوەی مرۆڤی کورد و سەرسفرەی ناو ماڵەکانیان و ناو گەدە و مێشك و بیرکردنەوەکانیشیان. من نازانم کێ ئەتوانێت ئەم گۆمە بشڵەقێنێ و سنوورێك بە دەوری ئاییندا بکێشێت و بە پیرۆزی بیهێڵیتەو دایماڵێت، لەو هەموو فەتوای تیغانە و لەو هەموو وشە شمشێرانه؟ کێ ئەتوانێ دینی دایکی مەریوان و مەلا حەمەد ئەمینمان بۆ بگێڕێتەوه؟  

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار