رۆڵ و کاریگەریی سۆشیال میدیا لای حزبە سیاسییەکان

6 ساڵ لەمەوپێش



 

 

 

 

 

که‌مال محه‌مه‌د

ئەفلاتۆن دەڵێت «کەسی نەزان دەست بۆ هەرشتێک ببات خراپی ئەکات» ئەمە بۆ هەر تاکێک یان هەر هێز و لایەنێکی سیاسی راستە.  کاتێک بەهۆی نەزانینیان بەپێی یاساو رێساکانی بەکارهێنانی ئەو ئامێرە یان هەر بەکارهێنراوێک  هێندەی مەبەستیانە خراپ بەدەستبهێنن، هێندە مەبەستیان نییە سودی لێ وەبگرن. بۆ نمونە سۆشیال میدیا کە رۆڵە سەرەکییەکەی بۆ پەیوەندی و پێشکەوتن و زانست و مەعریفە بەکار ئەهێنرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەت لای حیزبە سیاسییەکان  ئەم میدیایە واتە سۆشیال میدیا بەپێچەوانەوە بەکار ئەهێنرێت. کاتێک ئەم هێزانە، بە تایبەت دەسەڵات نەیانتوانیوە یان نەیانویستوە  بەکاهێنانی ئەم جۆرە میدیایە، وەک ئەوەی لە دنیادا هەیە بە پێی یاسا لە چوارچێوەی یاسادا رێکبخەن، بۆ ئەوەی رۆڵ و کاریگەرییەکانی  لەبوارێکی ئەرێنیدا بێت. لە دنیادا، سۆشیال میدیا کەمتر لە ململانێ سیاسییەکاندا رۆڵ ئەگرێت، بە پێچەوانەوە لە هەرێمی کوردستان ئەم میدیایە  نەک ململانێ سیاسییەکانی تێپەڕاندووە، بەڵکو  هۆکارێک بوە بۆ  سەقەتکردنی شانە سیاسی و ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگا و بگرە تا رادەی تیرۆرکردنی کەسایەتی و فیکری تاکەکان و دنیای سیاسی ئێمە هەنگاوی ناوە.

لەهەرێمی کوردستان بەهۆی زۆری بەکارهێنانی سۆشیال میدیاوە سانسۆرکردنی زۆر ئەستەمە کاتێک هەنگاو بەرەو ئەوە ئەنێت جێگای میدیای باو بگرێتەوە، بۆیە ئێستا ئەم میدیایە بۆتە ئامراز و رێگایەکی هەرە مەترسیدار  بەدەست حیزبەکانەوە کە لە رێگەی چەندین پەیج و ئەکاونتی سێبەر و ساختەو تەنانەت زۆر جار پەیجە فەرمییەکانی خۆشیانەوە، کار بۆ بریندارکردن و ناشرینکردنی دنیای سیاسی و کۆمەڵایەتی  بەرتەسککردنەوەی بواری سیاسەت و ئەخلاقی کۆمەڵگا ئەکەن. لێرە دەسەڵات مەبەستێتی،  کۆمەڵگا بە تواناو دەرفەتەکانی خۆیەوە نەتوانێت تەندروستی خۆی بپارێزێت  بۆ ئەوەی بناغەی هەبون و ئازادییەکەی بخاتە ژێر مەترسییەکی وەهاوە کە بەتەواوی لەدەستی بدات کاتێک بیرکردنەوەو هەڵوێستەکانی لەگەڵ بەرژەوەندی و ئایدۆلۆژیا حیزبییەکەیەوە ناگونجێت.

سۆشیال میدیای حیزبی بوە بە سەکۆیەک  بۆ لێدان  لە کەسایەتیە دیارەکان و توێژی نوسەران و رەخنەگران و رۆژنامەنوسانی دەرەوەی خۆیان، بێگومان لێرەدا  پاراستنی کەسایەتی و فیکری جێگای باس نییە تەنها گرنگییەک بۆ دەسەڵات چۆنێتی  لەناوبردن و تیرۆری بیرکردنەوەی ئەوانەیە کە  وەک خۆیان بیر ناکەنەوە. واتە ئەگەر لەگەڵم نەبیت  بەهەند نابینرێ و سوکایەتیت پێ دەکرێت و بەشداری کردنت لە گۆڕەپانە گشتییەکاندا لێ قەدەغە دەکرێت و لە بواری ئەخلاقیشەوە بەعەیبداری لەقەڵەم ئەدرێی.

بەکارهێنانی سۆشیال میدیا لەلایەن حیزبەکان و دەسەڵاتەوە، بووە بە ئامرازی گۆڕانکارییە دژە دیموکراسییەکان، بۆیە ئەگەر دەسەڵاتێک بڕوای بەوە هەبێت سیستەمی دیموکراسی لەناو کۆمەڵگا و پێگە و تۆرە کۆمەڵایەتییەکان دەستبەربکات، پێویستە دەستبەرداری ئەو جۆرە لە چەواشەکاری و تەخوینکردن و دروستکردنی زانیاری ناڕاست بهێنێت و بەپێی گرێدانی بە یاسایەکی سەردەمییانەوە، سنورێک بۆ بەکارهێنانی ئەم جۆرە میدیایانەو بەکارهێنەرانی دابنێت و  بۆ بارە ئەسڵییەکەی خۆی بگەڕێنرێتەوە کە  بۆ فراوانکردنی رۆشنبیری و ئاسانکارییەکانی ژیانی مرۆڤ هاتۆتە کایەوە. بۆیە پێویستە میدیای سۆشیال، چیدیکە نەبێتە جێگایەک بۆ ململانێکانی سیاسەت و ناوەندێکی دیکەی خۆپێناسەکردنی ئایدۆلۆژیای حیزبی و دەربرینی رق و کینەو حەزی تۆڵە سەندنەوە .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار