تارمایى عه‌شره‌ت‌و خێڵ!

6 ساڵ لەمەوپێش



میران عوسمان

هیگڵ له‌ژیان مرۆڤدا سێ چرکه‌ سات، به‌چرکه‌ ساتی گرنگ وه‌سف ده‌کات، ئه‌وانیش (خێزان، کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی‌و ده‌وڵه‌ت)ه‌، به‌و مانایه‌ی ئه‌و دیسپلینانه‌ی که‌ له‌کات‌و شوێنی خۆیدا له‌و چرکه‌ ساتانه‌وه‌ داده‌به‌زن‌و به‌رامبه‌ر ئازادی مرۆڤ راده‌وه‌ستن، ده‌بێت به‌جۆرێک بێت که‌ ئازادی مرۆڤ له‌له‌باشترین ره‌وشی خۆیدا جێگیر بێت. 

ئه‌گه‌ر ئه‌و سێ پره‌نسیپه‌ی سه‌ره‌وه‌ -خێزان، کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی‌و ده‌وڵه‌ت- وه‌ک سێ بازنه‌ی په‌یوه‌ست به‌یه‌ک‌و کاریگه‌ر له‌سه‌ر یه‌ک وێنا بکه‌ین، هه‌ر بازنه‌یه‌کی دیکه‌ تێهه‌ڵکێشیان بێت، دۆخه‌که‌ به‌ئاراسته‌و دۆخێکی دیکه‌دا ده‌بات.

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و سێ چرکه‌ساته‌دا هیگڵ ده‌سته‌واژه‌ی "به‌ها به‌رزه‌کانی" ته‌نها له‌ئاست (ده‌وڵه‌ت)دا فۆرمه‌له‌ کردووه‌، به‌ڵام له‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌دا جگه‌ له‌وه‌ی هیچ به‌هایه‌ک بۆ ده‌وڵه‌ت‌و به‌ده‌وڵه‌تبون دانه‌نراوه‌، بازنه‌یه‌کی ناجۆری زیاده‌ له‌بره‌ودایه‌، که‌ ئه‌ویش بازنه‌ی عه‌شیره‌ت‌و خێڵه‌. 

تارمایى عه‌شره‌ت‌و خێڵ له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیی، جگه‌ له‌وه‌ی هاوسه‌نگی سێ پره‌نسیپه‌که‌ی تری خستۆته‌ ژێر پرسیارو رامانێکی گه‌وره‌وه‌، هه‌مانکات کار ده‌کات بۆ زیندو کردنه‌وه‌ی به‌هاو نه‌ریته‌ کۆنه‌کانی عه‌قڵی خێڵ.

ئه‌گه‌ر له‌روی چه‌مکی "به‌رژه‌وه‌ندى گشتی"یه‌وه‌ ته‌ماشای ئه‌م شانۆ ناخۆش‌و ناشرینه‌ی کوردستان بکه‌ین -به‌سه‌نته‌رکردنی عه‌شره‌ت‌و خێڵ- به‌رونی ده‌بینرێت، زیادبونى ده‌سه‌ڵاتى هێزه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان له‌ناو سیسته‌مدا، به‌تایبه‌تی هه‌ژمونی عه‌شره‌ت‌و خێڵ‌و بنه‌ماڵه‌کان، چه‌مکى به‌رژه‌وه‌ندى گشتى ده‌بێته‌ ویستێکى به‌رته‌سک له‌کاتێکدا به‌رژه‌وه‌ندى گشتى له‌جێگه‌کانى ترى ئه‌م دونیایه‌دا کاریگه‌ریى ده‌خاته‌ سه‌ر کۆى پرۆسه‌ى سیاسیو به‌رژه‌وه‌ندى ده‌زگا گشتییه‌کان. به‌رژه‌وه‌ندی‌و ئامانجه‌کان له‌مرۆدا  هێز ده‌به‌خشنه‌ ده‌زگایه‌کى تایبه‌ت تا به‌ویستى به‌رژه‌وه‌ندى گشتى هه‌ڵسوکه‌وت بکات‌و ئه‌رکه‌کانى راپه‌ڕێنێت.

ئه‌وه‌ی رونه‌ ئه‌مه‌یه‌، پارتی سیاسی که‌ پێگه‌یه‌کی به‌رچاوی هه‌یه‌ له‌کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیدا، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ خێڵ‌و عه‌شره‌تدا په‌یوه‌ندییه‌کی ته‌واو مادییه‌، له‌سه‌ر بناغه‌ی ئیمتیازو به‌رژه‌وه‌ندی‌و ده‌سه‌ڵاته‌. به‌و به‌ڵگه‌یه‌ی که‌ په‌یوه‌ندی زۆربه‌ی -گه‌ر نه‌ڵێین هه‌مویان- سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا بووه‌، له‌ده‌سه‌ڵاتی به‌عسه‌وه‌ تا ده‌سه‌ڵاتی ئێستا. 

ئه‌وه‌ی له‌ئێستای کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیدا ده‌گوزه‌رێت‌و ناونراوه‌ "فێستیڤاڵی هۆزو خێڵ‌و بنه‌ماڵه‌" هه‌نگاوه‌کانی به‌دامه‌زراوه‌ییو به‌مه‌ده‌نی بون تۆختر ده‌کاته‌وه‌و هه‌نگاوگه‌لێک له‌پره‌نسیپه‌ مۆدێرنه‌کان دورمان ده‌خاته‌وه، چونکه‌ به‌ها به‌رزه‌کان که‌ له‌چه‌مکی ده‌وڵه‌ت‌و ده‌وڵه‌تسازیدا چێ‌ ده‌بنه‌وه‌ له‌لای خێڵ هێنده‌ بچوک بونه‌ته‌وه‌ "رۆژی خێڵ"  بووه‌ به‌سه‌نته‌ر!

به‌رپرسیارێتی ره‌وشێکی له‌م جۆره‌ که‌ کۆمه‌ڵگه‌ ده‌کاته‌ تاریکستانێکی گه‌وره‌ی سه‌ده‌کانی ناوه‌راست له‌ئه‌ستۆی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دایه‌ که‌ حزبه‌کان حوکمرانی ده‌که‌ن، حزب له‌کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا هه‌موشتێک ده‌کات بۆ درێژدان به‌مانه‌وه‌ی خۆی، بۆیه‌ حزب هه‌رگیز کارناکات بۆ دورخستنه‌وه‌و کاڵکردنه‌وه‌ی تارمایى عه‌شره‌ت‌و خێڵ له‌کۆمه‌ڵگه‌داو هه‌نگاو نان بۆ بره‌ودان به‌به‌ها به‌رزه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌و سه‌رپێخستنی سیستمێکی مه‌ده‌نییو پره‌نسیپه‌کانی ده‌وڵه‌تسازیی.

ئه‌وه‌ی دیمه‌نه‌که‌ کاره‌سانبارتر ده‌کات، به‌شدارییکردنی سه‌ره‌ گه‌وره‌کانی ئیداره‌دانی ده‌وڵه‌ته‌ له‌م جۆره‌ ئاهه‌نگانه‌دا، وه‌ک بینیمان ئه‌و به‌رپرسانه‌ به‌شداریى ده‌که‌ن‌و موباره‌که‌ی ده‌که‌ن که‌ ساڵانێک له‌وڵاته‌ دیموکراته‌کانی دنیا ژیاون‌و مافی به‌مه‌ده‌نیبون لێده‌ده‌ن!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار