عیراق له‌کوێى به‌رداشى ئه‌مریکا ئێراندا

6 ساڵ لەمەوپێش



سالار مه‌حمود
پێشهاتى نوێ چاوه‌ڕێى عیراق و هه‌رێمى کوردستان ده‌کات. کێشه‌ى نێوان هه‌ردوو وڵات کاریگه‌رى کردۆته‌ سه‌ر دۆخى سیاسى له‌عیراقدا، هه‌ریه‌که‌ له‌ ئێران و ئه‌مریکا ده‌یانه‌وێ عیراق به‌لاى خۆیاندا په‌لکێش بکه‌ن، عیراقیش ده‌یه‌وه‌ بێ لایه‌ن بێ و ناوه‌ڕاستى ته‌رازووه‌که‌ بگرێ. کرانه‌وه‌ به‌ رووى وڵاتانى دراوسێ و جوڵه‌ى دیبلۆماسى له‌ دژوارى دۆخه‌که‌ که‌مناکاته‌وه‌، به‌قه‌د ئه‌وه‌ى له‌ناوخۆدا ئیراده‌ى کرداریى بۆ رووبه‌ڕووى مه‌ترسیه‌ کوشنده‌که‌ى عیراق  دروست نه‌کرێت.
هه‌ڕه‌شه‌ى گه‌وره‌ له‌ئێستادا گه‌نده‌ڵیه‌، که‌ ده‌یان جۆر گه‌نده‌ڵى دارایى و کارگێڕیى و سیاسى له‌ وڵاتدا بوونه‌ته‌ مه‌ترسى سه‌ره‌کى له‌سه‌ر چاره‌نووسى به‌ڕێوه‌بردن.
ئاڵنگارى گه‌وره‌ به‌کرداریکردنى میکانیزمه‌کانى  رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى دیارده‌ى گه‌نده‌ڵیه‌.
هه‌مان ئیراده‌ى سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر تیرۆرى داعش پێویسته‌، بۆ سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر گه‌مارۆدانى گه‌نده‌ڵى و سه‌رخستنى هه‌وڵه‌ نوێکانى که‌مکردنه‌وه‌ی. عیراق و هه‌رێم له‌ گه‌مارۆدانى گه‌نده‌ڵى ده‌توانن هێز وه‌رگرن و له‌توانایاندایه‌ ده‌رباز ببن له‌ ململانێى نێوان ئه‌مریکاو ئێران و دوورخستنه‌وه‌ى گۆڕه‌پانى به‌ریه‌ککه‌وتنه‌کانى نێوانیان.
ئه‌شێ ئه‌و پرسیاره‌ دروست ببێ که‌ بابه‌تى گه‌نده‌ڵى و خۆ پاراستن له‌ ده‌ستێوه‌ردانى وڵاتان دوو که‌یسى جیاوازن به‌ڵام بۆ هێزى ناوخۆیى و یه‌ک گوتارى و هه‌ستانه‌وه‌ به‌ڕووى هه‌ردوو مه‌ترسیه‌که‌دا یه‌کتر ته‌واوکه‌رن.
یه‌ک گوتارى و یه‌ک سیاسه‌تى هاوبه‌شى ده‌سه‌ڵاته‌کانى عیراق و هه‌رێم به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌مریکاو ئێران پێویسته‌ بۆ ئه‌مه‌ش دروستکردنى ژوورى عه‌مه‌لیاتى هاوبه‌ش به‌ پێویست ده‌زانرێ به‌ر له‌ هه‌ڵکردنى گه‌رده‌لولى ناکۆکیه‌کانیان. یه‌ک ئاراسته‌ى کار دروست نه‌بێت ئه‌وا به‌ ئاسانتر ده‌ستێوه‌ردان له‌سیاده‌و سامان لایه‌ن هه‌ردوو وڵاتى ناکۆکه‌وه‌ دروست ده‌بن و، وڵات ده‌بێته‌ پێخۆرى شه‌ڕى به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان.
هاوده‌نگى ده‌سه‌ڵاته‌کان و کاربه‌ده‌ستان به‌پێى ده‌ستور گره‌نتى سود وه‌رگرتن له‌ به‌رده‌وامى ئارامى سیاسى و کۆمه‌ڵگایی، ده‌رفه‌تى زیاتر ده‌ده‌ن بۆ ئاینده‌یه‌کى باشتر له‌ ئێستاى پێ‌ دڵه‌ڕاوکێ و، واش ده‌کات لایه‌نه‌ ده‌ره‌کیه‌کان سڵ بکه‌نه‌وه‌ له‌ده‌ستێوه‌ردان و بیرکردنه‌وه‌ له‌وه‌ى وڵاته‌که‌ به‌ هه‌رێمه‌وه‌ بکه‌نه‌ گۆڕه‌پانى شه‌ڕى به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان له‌سه‌ر حیسابى خه‌ڵک و سامانه‌که‌ی.
په‌له‌کردن له‌ به‌جێگه‌یاندنى به‌ڵێنه‌کان و به‌کردار کردنیان توڕه‌یى شاراوه‌ى شه‌قام له‌ گه‌رماى هاوینى چاوه‌ڕوان کراو سارد ده‌کاته‌وه‌.
تێوه‌گلانى به‌شێک له‌ده‌سه‌ڵاتداران له‌گه‌نده‌ڵى و خراپ به‌کارهێنانى ده‌سه‌ڵات، سه‌رمایه‌یه‌کى له‌حساب نه‌هاتووى به‌فیڕۆ داوه‌و یه‌ک گوتارى نه‌هێشتوه‌و کارته‌کانى تێکه‌ڵکردوه‌.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ شه‌ڕى گه‌نده‌ڵکاران و تۆڕى جاڵجاڵۆکه‌ى به‌رژه‌وه‌ندیخوازان شه‌ڕێکى یه‌خه‌گرتووى سه‌خته‌و، چیتر دواخستن هه‌ڵناگرێ.
هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ له‌به‌رپاکردن و سه‌رکه‌وتنى شه‌ڕى گه‌نده‌ڵیدا ده‌توانرێ عیراق بکه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ى به‌رداشى نێوان ئه‌مریکا ئێرانه‌وه‌ نه‌ک له‌نێوان به‌رداشیاندا بهاڕدرێ.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار