ئه‌و به‌یانیه‌ له‌ سلێمانی

6 ساڵ لەمەوپێش



سه‌ردار عه‌زیز

كه‌ هاوڕێیه‌ك، كه‌سێكی تایبه‌ت ئه‌م دونیا جێده‌هێڵێت: دونیا له‌و ساته‌وه‌خته‌دا ڕاده‌وه‌ستێ به‌ چه‌ند فرمێسكێكی تایبه‌ت. له‌ ڕامانی له‌ له‌ده‌ستدان، هه‌موو دونیا، دونیا خۆی، بۆ مه‌رگێك نه‌ك ته‌نها ژیانێكی تایبه‌تی لێسه‌ندوین، به‌ڵكو كه‌سێك كه‌ لێیه‌وه‌ دونیا ده‌روازه‌كانی ده‌كرایه‌وه‌. وه‌ك جاك درێدا ده‌ڵێت.

هه‌رچه‌نده‌ پایز نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌و ڕۆژه‌ به‌یانیه‌كی پایزی بوو. ئایار بوو، له‌ شه‌ودا هه‌ندێك باران باری بوو، هه‌وای ئه‌و سه‌ره‌تای هاوینه‌ هێشتا خۆش بوو. كه‌ له‌ شوێنی مانه‌وه‌كه‌م له‌ سلێمانی به‌ره‌و مزگه‌وتی گه‌وره‌ی ناوه‌ڕاستی شار ڕۆشتم، هێشتا به‌یانی زوو بو، شار وه‌نه‌وزی ئه‌دا. به‌ڵام به‌رده‌م مزگه‌وتی گه‌وره‌ ئاخنرابوو له‌ ئاپۆره‌یه‌كی دڵته‌نگ. دونیا خۆڵ بوو، خۆر به‌ده‌ره‌وه‌ نه‌بوو. ئاپۆراكه‌ وورد وورد هه‌نگاویان ده‌نا. خه‌ڵكه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كدا دروشمیان ده‌وته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ روفاته‌كه‌دا ده‌ڕۆشتن. شه‌قامه‌كه‌ ته‌سك بوو، جه‌ماوه‌ره‌كه‌ زۆر.

هه‌موو كه‌س بۆ خۆی هاتبوو. هه‌موو كه‌س بۆ خۆی خه‌مبار بوو. له‌ جلوبه‌رگدا، له‌ ڕواڵه‌تدا، له‌ ئاهه‌كاندا، له‌ هه‌نگاوه‌ وردیله‌كاندا، له‌ بۆڵه‌ و پرته‌كاندا، ناڕه‌زاییه‌ك گێنگڵی ئه‌دا. من ناڕازیم له‌م ده‌سه‌ڵاته‌، من پێویستم به‌ كه‌سێكه‌ هه‌تا له‌ گه‌ڵیدا ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدا بوه‌ستێنم له‌ زیاتر بێحوره‌مه‌تی، برسێتی. له‌ كرۆكی هه‌موو ئه‌مانه‌دا په‌یامێك هه‌بوو. ئاپۆره‌كه‌ په‌یامێكی هه‌بوو. من ته‌نیا كه‌وتم، ئێمه‌ ته‌نیا كه‌وتین. 

شیوه‌نگێران ته‌نها كۆمه‌ڵێك هه‌ڵسوكه‌وت نیه‌ بۆ ده‌ربڕینی ئازاری له‌ ده‌ستدان، به‌ڵكو پێش هه‌موو شتێك خۆ بینینه‌وه‌یه‌ له‌ سه‌ره‌تای ڕێگایه‌كدا كه‌ چیدی كه‌سی هاوه‌ڵ یان هاوڕێ له‌گه‌ڵتا نیه‌. 

كورد ئاشنایه‌ به‌ له‌ده‌ستدان، به‌ شیوه‌ن، به‌ڵام مه‌رگی كه‌م كه‌س وه‌ك مه‌رگی نه‌وشیروان مسته‌فا په‌یوه‌ندیه‌كی تاكانه‌ بوو. خه‌ڵك هه‌ریه‌ك به‌ جۆری تایبه‌تی خۆی، له‌ دونیای خۆیه‌وه‌، خۆ ڕسكانه‌ به‌شداری ئه‌م شیوه‌نه‌ی ده‌كرد. كورد زۆر ته‌نیایه‌ له‌ دونیا. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م ته‌نها بونه‌ هێنده‌ هه‌ستی پێناكرێت له‌ ژیانی تاكدا، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وه‌ ته‌نهابوون گرێیه‌كی ئاڵۆزی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه‌، كه‌ به‌ شێوازی زۆر جیاواز، به‌ هۆكاری جیاواز دێته‌ ئاراوه‌. تۆكڤێل بڕوای وه‌هابوو ته‌نهابون وابه‌سته‌یه‌ به‌ دیموكراسیه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌و باسی لێوه‌ده‌كات، گه‌رچی له‌ دونیای ئێمه‌دا بوونی هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌ستی ته‌نیاكه‌وتنی ئه‌و به‌یانیه‌ جیاوازبوو. خه‌ڵكه‌كه‌ وه‌هایان ده‌بینی كه‌ ده‌بێت به‌رگری بكه‌ن، داوابكه‌ن، هه‌تا ئه‌وه‌ی ده‌یخوازن بێته‌ دی. به‌ڵام كه‌سێك نه‌ما هه‌تا ئه‌م خواستانه‌، له‌ ترسه‌وه‌ بگۆڕێت بۆ هێز. بۆیه‌ شیوه‌نگێڕانه‌كه‌ی ئه‌و به‌یانیه‌، شیوه‌ن بوو بۆ ته‌نیا نه‌كه‌وتن. گه‌رچی له‌ دونیای ئێمه‌دا زۆرجار باس له‌ تاك و تاكبون و گرنگی تاك ده‌كرێت، به‌ڵام چونكه‌ كه‌س تاك نیه‌، كه‌س هه‌ست به‌ ته‌نیایی بوونی تاكبوون ناكات.

شیوه‌نگێڕان كرده‌یه‌كی ئاڵۆزه‌. چۆن ماڵئاوایی بكه‌یت، چۆن له‌گه‌ڵ نه‌ماندا، له‌گه‌ڵ له‌ ده‌ستداندا ڕابێیت، چۆن هه‌ست بكه‌یت كه‌ كه‌سێك ده‌ته‌وێت لێره‌بێت، چیدی ئیتر لێره‌نیه‌. 

به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ بۆ زۆرینه‌ی خه‌ڵك كرده‌یه‌كی ده‌رونی سایكۆلۆژیه‌، شیوه‌نی ئه‌و به‌یانیه‌، زیاتربوو له‌وه‌. نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌و به‌یانیه‌ دوا پیاسه‌ی خۆی ده‌كرد به‌ شاردا له‌گه‌ڵ خه‌ڵكانێكدا كه‌ به‌ خواستی خۆیان هاتبوون بۆ دوا پیاسه‌ی ماڵئاوایی. گه‌رچی شیوه‌ن، مه‌رگ، هه‌تا بڵێی رووداوێكی تایبه‌ته‌، ئه‌و به‌یانیه‌ مه‌رگ وه‌ك دیارده‌یه‌كی گشتی ده‌بینرا. گه‌رچی مه‌رگ به‌شناكرێت به‌ڵام بۆ مه‌رگ هه‌موو پێكه‌وه‌بوون.

چونكه‌ ئه‌م مه‌رگه‌ كرده‌یه‌كی سیاسی بوو، ژیاری بوو. ئه‌م مه‌رگه‌ لای گشت (په‌بلیك) ئه‌زموون ده‌كرا. ئاپۆره‌ ده‌ڕۆشت و ڕۆژ گه‌رمتر ده‌بوو و دڵه‌كان دڵته‌نگتر. هه‌ر تاكێك به‌ جۆرێك خه‌مباربوو، به‌ڵام خه‌مێكی گه‌وره‌تر له‌ ئاسۆدا ده‌بینرا. چی ده‌بێت؟ كێ ڕێگه‌ ده‌گرێت له‌ هه‌موو ئه‌و خراپه‌یه‌ی كه‌ له‌ په‌نهاندایه‌. ترسێك هه‌بوو كه‌ هه‌موو شتێك كۆتایی دێت.

به‌ درێژایی رێگاكه‌ خه‌ڵك وه‌ستابوون، بێده‌نگانه‌ ده‌یانڕوانی. ئه‌وان بینه‌ری ڕووداوێكی تێپه‌ڕنه‌بوون: ئه‌وه‌ ڕووداوێك بوو كه‌لای هه‌ركه‌سێك ڕۆژانی دواتر به‌ جۆرێك ده‌بینرێت. 

له‌ ناشتندا ماڵئاوایی به‌رجه‌سته‌بوو. نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌و كه‌سه‌ بوو كه‌ له‌ سه‌رده‌می گوێزه‌ره‌وه‌ی ئێمه‌دا هه‌ردوو توخمی هێز و بیری تێكه‌ڵ ده‌كرد. چونكه‌ ئێمه‌ كۆمه‌ڵگایه‌ك و سیسته‌مێكی سیاسیمان نیه‌ كه‌ له‌ سه‌ر بنه‌ما یاسابێت؛ یاسا خۆی جۆرێكه‌ له‌ رێكخستنی هێز، كه‌ یاسا نه‌بوو كه‌واته‌ هێز رێكنه‌خراوه‌، به‌ڵكو هه‌میشه‌ له‌ ململانێداین، به‌م پێیه‌ هه‌بوونی بیر به‌بێ موتوربه‌كردنی به‌ هێز، كاریگه‌ری نابێت. ئه‌م پێكه‌وه‌گرێدانه‌ له‌ دونیای كوردیدا له‌ ئاوابوندایه‌. ئه‌وه‌ی بیری هه‌بێت هێزی نیه‌، ئه‌وه‌ی هێزی هه‌بێت بیری نیه‌. به‌بێ پێكه‌وه‌گرێدانی ئه‌م دوانه‌ش، له‌ دونیای ئه‌مڕۆی كوردیدا، هه‌وڵدان بۆ گۆڕانكاری مه‌حاڵه‌.

ئیتر نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ یاده‌وه‌ریدا به‌رهه‌م دێته‌وه‌. ئه‌و نابێته‌ مێژوو، به‌ڵكو، ده‌بێته‌ یاده‌وه‌ری. وه‌ك یاده‌وه‌ری هه‌ركه‌سه‌و له‌ پێگه‌ی خۆیه‌وه‌ بیری لێده‌كاته‌وه‌. له‌ ڕۆژگارێكدا كه‌ دوو هێز، دوو گروپ له‌ كوردستان بونیان نیه‌ كه‌ بتوانن دانی خێر به‌یه‌كتردا بنێن، ئه‌سته‌مه‌ بتوانیت له‌ ڕوانگه‌ی مێژوه‌وه‌ بیبینیت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار