چ نەتەوەیەک؟
7 ساڵ لەمەوپێش
سیروان ڕەحیم
ساڵی ١٩٨٨ کورد ئەنفال دەکرێت، دووساڵ پاش ئەو ئەنفال بوونە، دەروازەیەک بەڕووی کورد و چارەنووسیدا دەکرێتەوە و ئەگەری ئەوە سەرهەڵدەدات کورد لە قڕکردن ڕزگاری ببێت، بەڵام...
ساڵی ١٩٨٨ جەستەی کورد بە چەکی کۆکوژ و بە پلانی تەڤکوژی هەلاهەلا دەکرێت، بەڵام دووساڵێک پاش ئەو ڕۆژگارە تاریک و ترسناکە، لە لایەن هێزە گەورە و کاریگەرەکانەوە، ساباتێک بۆ کورد دەستەبەر دەکرێت، ساباتێک تاکو کورد لەبن ئەو ساباتەدا پشوویەک بدات، تەماشایەکی دەوروبەری خۆی، ڕابردووی خۆی و مەرگەساتی خۆی بکات، هاوکاتیش چارەنووسی ڕەشی خۆی هەڵبسەنگێنێت. هێزگەلی کاریگەری دنیایش بەو فریاکەوتن و بەدەنگەوەهاتنەیان، نەک هەر مەبەستیان پاراستنی کوردە، نەک هەر دەیانەوێت کورد نوقمی نێو خەرەندی لەنێوچوون نەبێت، بەڵکو هاوکات دەیانەوێت ببینن و بزانن، گەلۆ کورد، وەکو میللەت، شایستەی چن و تا چ ئاستێک دەتوانن خاوەنی خۆیان بن. بەڵام کورد دەچێت چ دەکات و چۆن پێشوازی لەو بەدەنگەوەهاتن و فریاکەوتنە دەکات؟ کورد دێت و لە ژێر ئەو ساباتەدا شەڕێکی ناوخۆ هەڵدەگیرسێنێت. کورد لە باشوری کوردستان شەڕی خۆقڕکردن دەستپێدەکات. لەژێر ئەو ساباتەدا کورد دەیەوێت حیساباتی پوچ و بێهودەی نێوخۆی یەکلابکاتەوە. حیساباتێک هیچ نییە، جگە لە ڕقی کوێرانە لە یەکتر و جگە لە کێشەی تایبەتی چەند "سیاسی و سەرکردەیەک!"، حیساباتێک تەنها لە وەهم و لە فەنتازیای پڕ لە جەهلەوە سەرچاوەی گرتووە. هەڵگیرسانی ئەو شەڕە نەک هەر ماڵوێرانی گەورەیە لەو کاتەدا، بەڵکو سەلمێنەری ئەوەیشە کە ئەم کۆمەڵە خەڵکەی دووساڵێک لەمەوبەر بێکەسکوژ دەکران، شایستەی پاراستن و بەدەنگەوەهاتن نین. چونکە ئەو خەڵکە ئەگەر گەلێکی یەکدڵ بن، میللەتێکی یەکبیر و یەک سەر بن و لەنەتەوەبوونەوە نزیک بووبنەوە، پاش ئەنفالکردنیان، پاش قڕکردن و ژەهربارانکردنیان، لەژێر ساباتی پاراستندا شەڕی ناوخۆ هەڵناگیرسێنن. ئەو شەڕە جگە لەوەی نەگبەتی و بێبەختییەکی گەورەیە، هەروەها سەلمێنەری ڕاستییەکیشە کە ئەو میللەتە لەو ئاست و توانایەدا نین سەربەخۆیانە بژین.
لەم ڕۆژانەدا بیست و چوار ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی ئەو شەڕەدا تێپەڕ بوو، بێئەوەی یەک کەس لە نێو سیاسیگەلی ئەو میللەتەی ئێمەدا باسی بکات و بێئەوەی تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەکی لە هیچ ئاست و بوارێکدا سەبارەت کرابێت.
نووسەر و یاساناسی ڕۆمی مارکوس تولیوس سیسەرۆ"١٠٦-ـ ٤٣ ی بەر لە زایین" دەڵێت: لە ژاوەژاوی چەکەکاندا یاساکان بێدەنگ دەبن.
ئەگەر ئەمە بۆ ئەو شەڕانە وەها بێت، شەڕی نێوان دەوڵەتان، هێزەکان و گروپە نەیار و جیاواز بەیەکەکان، ئایا دەبێت لە بۆتەی شەڕی براکان و شەڕی هەمان ماڵدا، جگە لە یاساکان چ شتگەلێکی تر بێدەنگ بن؟ بێگومان لەڕەوشی ئەم جۆرە شەڕانەدا ڕەوشت لە هەموو ئاست و تواناکانیدا گیرۆدە دەبێت و هەر هەموو ستوونەکانی بەرپرسیارێتی و هۆشیاری دەڕوخێن، بێ ئەو وێرانبوونە شەڕێکی وەها هەڵناگیرسێت.
ئەزموونی باشوری کوردستان و ئەو شەڕە پشتشکێنە کە ئێستایش بە شیوازی جۆراوجۆر درێژەی هەیە، زیانی پشتشکێنی هەر بۆخۆی نەبوو، بەڵکو زیانی بەهەموو کێشەی کورد لە بەشەکانی تریش گەیاند. ئەو شەڕە زیانی گەورەی بە ناسنامەی کورد و کوردبوون گەیاند.
لەو ڕۆژگارەوە و تا لەدەستدانی بەشێکی گرنگ لە خاکی کوردستان بەر لە چەند مانگێک، بەرجەستەکردنی سنوور لە دێگەڵە، سنوورێک نەگبەتی و شورەیی لێدەکێت، دیمەنی کۆبوونەوەی ئاشتیی نێوان کورد خۆی بەنێوبژیوانی ئەمەریکایی و ئەوروپاییگەل، جگە لە کارەسات هیچی تر نەبوون، کەچی کورد پاش ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدام داوای دەکرد بەغدا چاو لە دیمۆکراسییەکەی ئەو بکات و سوودی لێوربگرێت.
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە کورد لەو دیرۆکە بکۆڵێتەوە و بپرسێت: بۆچ ئێمە پاش دوو ساڵ لە ڕوودانی ئەنفال و قڕکردنمان شەڕی ناوخۆمان هەڵگیرساند؟ هۆکارەکان چ بوون؟ ئەو شەڕە ئێمەی بە چ ئەنجامێک گەیاند؟
میللەتێک پاش دوو ساڵ لە هەوڵی سڕینەوە و قڕکردنی، پاش ئەنفالکردنی، بێت و لە ژێر ساباتی پاراستندا، ساباتێک ئەوانی تر بۆیان دەستەبەر کردووە، شەڕی ناوخۆ هەڵبگیرسێنێت، دەبێت گومان لە میللەتبوونی بکرێت.
چۆن دەگوترێت تا ئەو کاتەی هەناسە دەدەم، هیوا هەیە، کوردیش هێشتا هەناسە دەدات و هیوایەک هەیە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، بەم شێوازی کارکردن و پێکەوە ژیانەی ئێستا هەیە و دەیبینین هیچ دەکرێت؟ بەم جۆرە شتێک دەچینە پێشەوە یاخود هەر لە چەقینی بەردەوامدا دەبین؟