کەرکوک لەنێوان نەوتو نەتەوەدا!
6 ساڵ لەمەوپێش
هاوڕێ توانا
سەرەتا ئەوە ڕاستییەکی تاڵە بەداخەوە عەرەبە هاوردەکانی کەرکوک و دبزو خانەقین و داقوق، ڕەنجی ساڵێکی جوتیارانی کوردیان سوتاند، بەڵام ئەو ڕاستییە تاڵە، نابێت ڕاستییەکی تاڵترو زەقەترمان بیرباتەوە، ئەویش ئەوەیە کەوا نمایندەکانی کوردیش ڕەنجی سەدەیەک لە بەرخودان قوربانیدانی میلەتێکیان سوتاند !
ئاخر ڕاستییەکەی یەکەم، لێکەوتەی ڕاستی دوومە، بەڵام چونکە ئێمە وا ڕاهێنراوین کە دەبێت بەڕووداوە ڕۆژانەییەکانەوە سەرقاڵ بکرێین، ئەوا هەرگیز باس لەهۆکاری ڕووداو لێکەوتەکان ناکەین. دەی ئاخر ئایندەی میلەتێک سوتێنرا بێت، ئێستا باسی سوتاندنی چەند دۆنم زەویەک چەند تۆنێک دەغڵودان، وەکو ئەو پەند وایە کە ئەڵێن (گەڕانیان خڕاوخڕدزی کەچی کابرا لەسۆراغی گوێلکە سورێ نەدەبویەوە !)
عەزیزان ئێمە بەرلەوەی عەرەبی هاوردەو ڕاکان جبورییەکان بێن ڕەنجی جوتیارە، ماندوو زەحمەت کێشەکانمان بسوتێن و کوردان تەنگە تاوکەن، موەکیل و نمایندەکانی خۆمان دەمێکە قەزیەکەیان سوتاندووین! (1)
ئەگەر لەڕابردوودا ململانێی کورد لەگەڵ حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، لەئاستی یەکەمیان دا پرسی (وجوود) بووبێت بێگومان لەئاستی دوومدا کێشەی (حدوود) بووە،، هەڵبەت دوای ڕوخانی بەعس و هاتنی بەرهەڵستکارەکانی دوێنێ بۆ کورسی دەسەڵات، کورد وەک نەتەوەیەک (وجوودی) لە ژێر هەڕەشە نەما و تەنانەت کوردان هەلیان بۆ هەڵکەت کە پرسی (حدوود ) لەگەڵ بەغداد یەکلابکەنەوە کە چارەنوسی نیوەیی خاکی کوردستان بوو، کەچی سەرکردایەتی سیاسی کورد، لە ئەم پرسەیان بەمادەیەکی دەستوری سپاردوو، خاک و خەڵکی ئەو ناوچانەیان خستە گرەویی ئه بێ نابێی دوو پێکهاتەیی جیاوازەوە، بەڵام چونکە دەستەڵاتدارانی بەغداد لەوە تێگەیشتن، کە سەرکردایەتی کورد قورسایی بەو کێشە مێژوویەیی نادات و لە بری ئەوە کێشەی نەوت و بودجەو شەرکەت لە داهات و دەسەڵاتی خستە ئەولەوییەت، ئەوا دەسەڵاتدارەکانی بەغداد خۆیان نەبانکرد لە جێ بەجێکردنی ئەم مادەدەستوریەی، کە میکانزمی یەکلاکردنەوەی پرسەکە بوو.
(2) لەگەڵ هاتنی داعش، سوپای عێراق تەرکی مقاوەمەتی کرد، زۆربەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە ڕووی سەربازی کەوتنە دەست هێزی پێشمەرگە، هەر زوو سەرکردایەتی کورد لەبری ئەوەی ئەم هەلە بەهەل بزانن و تەکید لەسەر جێبەجێکردنی ئەو ڕێکارو ڕێچارە دەستورییە بکەنەوە، کە کورد ئەوسا لە نوقتەی هێزدا بوو، کەچی بەڕێز بارزانی جاڕی کۆتایی مادەی (140 ) گوتی شتێک نەماوە بە ناوی مادەی سەدوچل، ئەگەر لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە زۆربەی ناوچە کوردستانیەکان لە خانەقینەوە تا شەنگال لە ڕوویی ئیدارییەوە لەدەست کوردبووبن، ئەوا لەدوای هاتنی داعشەوە کورد دەسەڵاتی سەربازیشی کەوتە دەست، کەچی لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا، کورد لەبری ئەوەی نموزەجێکی جیاواز لە ئیدارەدان پێشەکەش بکات، ئەوا هات کۆپی حکومڕانی هەرێمی گواستەوە ئەو ناوچانە دوو ئاسایش و دوو پولیس و دوو تێڕوانینی جیاواز لە ڕەفتارو گوتار سەپێنراو و جا تەنانەت پارتی و یەکێتی هێزی کڵاو سور ڕەشیان لە بەرانبەر یەکدا دەجوڵاند بۆ دەستبەسەرداگرتنی کێڵگە نەوتییەکان، تاکو کار گەیشتە ئەوەی بێ گفتوگۆکردن لەگەڵ پێکهاتەکانی ئەو ناوچانە، ڕاپرسی کرا. ئەنجام شانزەی ئۆکتۆبەری لێکەوتەوە، دواجار هەموو ئەو ڕافتار و ئیدائە خراپەی سەرکردایەتی کورد، بوو بە هۆیی لە دەستدانی نیوەی خاکی کوردستان.
(3) ئیدی لەدوای شانزەی ئۆکتۆبەرە دەرکەوت کە دەستەڵاتی هەرێم ئەوەندی بیری لەلای بیرە نەوت و کێڵگە نەوتیەکانی کەرکوکە، نیو ئەوەندە پرسی نەتەوەیان بەلاوە گرنگ نیە بنۆڕن ئەوا پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە شنگال و موسڵ لەگەڵ سەرانی حەشدو عەشائیرەکان، ڕۆژانە وەک برا باسی برا بەشیی ئیداری دەکات و لە خەمی دانانی پارێزگاریی موسڵ و قایم قامی شەنگادایە، کەچی بۆ دۆخی کەرکوک گوتارێکی دیماکوجی پەیڕەو دەکات و ڕێگرە لە دانانی پارێزگارێکی کورد و ڕاگرتنی ئەو تەعریب و تەحداییەی کەڕۆژانە لەخەڵکی ئەم ناوچانە دەکرێت.