دیالێکتیکی سەقەتی سیاسەت لە کوردستان

7 ساڵ لەمەوپێش



شاهۆ حوسێنی
 

رووبەڕوو بوونەوەی کورد لەگەڵ مۆدێرنێتە رووبەروو بوونەوەیەکی رواڵەتی و فۆرمالیتە بوو، ئەوەش بەرهەمی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوین و ئەو کۆمەڵگایانە بوو کە کوردی تیا پارچەکرابوو. کورد وەک ئەویتر و غەیرییەتی خودێکی سەقەت و فاشیست کە رواڵەتی و فۆرمالیتە و بەشیوەیەکی نیزامی رووبەرووی مۆدێرنێتە ببۆوە، بۆ عیلاجی ئەو قەیرانە رووبەڕوو بوونەوەیەکی نیزامی لەگەڵ مۆدێرنێتە ئەزموون کرد، بۆیەش بەناچار کەوتە ژێر رکێفی هێژمۆنی کلتووری سیاسی و حزبی مۆدێلی لێنینیستی، ئەو رەوتە بەرهەم هێنی حزبی ملیتیار و خەباتێکی میلیتاریزە کراو بوو. هەر بەو کلتوورە سیاسیەش لەسەرەتاکانی دەیەی نەوەدی زایینی و لەپاش بۆشایی دەسەڵات لە باشوور و لاواز بوونی دەسەڵاتی ناوەندی حکوومەتی عێراق، هەرێمیکی دۆفاکتۆی کوردی سازکرا، ئەو هەرێمە لەکاتێک‌دا پێویستی بە سیستمیکی بۆررۆکراسی نەتەوەیی هەبوو کە لەهەناوی عەقڵییەتێکی نەتەوەییرا مۆدیرییەت و بەرێوبەری کۆمەڵگا بگرێتە دەست، لەغیابی سیستمێکی بۆرۆکراسی، بەشیوەیەکی حزبی دەستیان کرد بە بەرێوبەری وڵات، واتە لەجیات دانانی فۆرم و پیکهاتەیەکی نەتەوەیی بۆرۆکراتیک، حزب و فۆرماسیۆنی حزبییان لەجیات بۆرۆکراسی بەناو کۆمەڵگادا بڵاو کردەوە، لەوەها دۆخێک ‌دا کارمەندی حزبی، پۆلیسی حزبی، هێزی نیزامی حزبی، ئیدارەی حزبی، زانکۆ حزبی، قوتابخانەی حزبی و..... هتد پەرەی ئەستاند و بوو بە جێگرەوەی کارمەندی نەتەوەیی، پۆلیسی نەتەوەیی، هێزی نیزامی نەتەوەیی، قوتابخانەی نەتەوەیی، زانکۆ نەتەوەیی و ....هتد.
لەوەها دۆخێکدا گۆڕان وەک هێزێکی سیاسی لەغیابی باڵێکی نیزامی و میلیتاریستی سەری هەڵدا بەئامانجی جێ خستنی کلتووری سیاسی-مەدەنی لەجیات کلتووری سیاسی-نیزامی، بە واتایەکی تر داماڵینی دیاردەی میلیتاریستی لەحزبی خاوەن دەسەڵات. ئەگەرچی لەو بەستێن و فەزایەدا کار کردن و چالاکی سەختە و فۆرماسیۆنی هزری عەشیرەیی و خێڵەکی کۆمەڵگا کە لەسەر ئەساسی عەسەبییەتی عەشیرە و خێڵ بنیادنراوە، رێکخەر و کۆکەرەوەی بیر و رای گشتی تاکەکانە لەدەوری ئامانج یان ئامانج گەلێکی سیاسی، ئابووری، کلتووری و کۆمەڵایەتی، مەجال بە دەرکەوتنی دیاردەی مەدەنی نادات و جموجۆڵی مەدەنی وەک دیاردەیەکی گرینگی مۆدێرنێتە و مۆدێرنێتەی سیاسی کە بەرهەمی گوزار لە فۆرماسیۆنی عەشیرەیی و خێڵەکی کۆمەڵگا بەرەو فۆرماسیۆنی چینایەتی و دەرکەوتنی سۆبژیکتیوسمە کە لەسەر ئەساسی باوەر بە مرۆڤ، تاک، چین و سینف وەک سووبژەی سەربەخۆی بنیادنراوە، هیچ بەستێن و مەجالێکی بۆ دەرکەوتن نیە، بەڵام گۆڕان بەپشتکردن لە ئەزموونی کلتووری لێنینیستی حزبی سیاسی میلیتار، حەولی گۆڕینی ئەو کەش و فەزایەی دەستپێکرد.
هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە ١٢ مانگی مەی ٢٠١٨ بەڕێوەچوو، ئەو هەڵبژاردنە کارتێکەری چەند رووداوی گرینگی بەسەرەوە دیار بوو:
یەکەم رووداو، یەکەم هەڵبژاردن بوو لەپاش مەرگی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا ئەمین.
دووەم رووداو، کۆتایی دەسەڵاتی نیزامی دیاری داعش بوو لەعێراق.
سێهەم رووداو، بەڕێوەچوونی رێفراندۆمی سەربەخۆیی بوو لە هەرێمی کوردستان کە بوو بەهۆی کێشە و قەیرانێکی قووڵ لەنێوان بەغدا و هەرێم.
چوارەم رووداو، پەرەی ناسیۆنالیسمی عەرەبی بوو لەناو بەشیک لەهێزەکانی عێراقی وەک دژکردەوەیەک بەدژ هێژمۆنی و دەست ‌تێوەردانەکانی ئێران لە عێراق.
لەوەها دۆخێکدا ئاکامی ئەو هەڵبژاردنە بەر لەوەی کە گوزارشت لەدەنگی واقعی کۆمەڵگا بکات، گوزارشت لە واقعی سیاسی و ئارایشی سیاسی هەرێم دەکات و ئاکامی ئەو هەڵبژاردنەش بێگومان بەپێی واقعی سیاسی هەرێم و لەبەرژەوەندی هێز و لایەنی هێژمۆنی هەرێم دێتە دەرێ، دەرکەوتنی ئاکامی ئەو هەڵبژاردنە گۆڕانی تووشی شۆک کرد، گۆڕان ئەگەر پێشتر بەهۆی بوونی کاریزمایەکی وەک نەوشیروان مستەفا ئەمین (گۆڕان و لایەنگرانی وەک کاریزمایەک سەیری مەرحووم نەوشیروان مستەفا ئەمین دەکەن)، خۆی بێ نیاز دەدیت لەهێزی چەکدار و باڵی نیزامی، ئەوا ئەو جارە لەغیابی نەوشیروان مستەفا ئەمین و لەپاش دەرکەوتنی ئاکامی ئەو هەڵبژاردنە و رووداوەکانی پاش هەڵبژاردنی ١٢ مانگی مەی بۆ پەرلەمانی عێراق بەتەمایە و بەنیاز هێزیکی چەکدار ساز بکات.
گۆڕان وەک هێزیکی سیاسی-مەدەنی کە ئامانجی داماڵینی عەقڵییەت و کلتووری لێنینیستی بوو لە حزبی سیاسی کوردی لەباشوور، ئێستا ئەوە خەریکە خۆی رێک‌ دەگەڕێتەوە بۆ خانەی ئەوەڵ، واتە رێک روو  لەکلتووری لێنینیستی دەکاتەوە، بەڵام بە چەند دەیە مەودا. ئاخۆ گۆڕان بەو عەقڵییەتەی کە ئێستا بەرەو میلیتاریزە بوون دەڕوا بەمانای ئاشبەتاڵی عەقڵییت و کلتووری مەدەنی نییە؟ بێگومان ئەوە دەرخەر و نیشان دەری ئەو واقعییەتەیە کە لە دەروونی نابەئاگای گۆڕان‌دا کلتووری لێنینیستی هێشتا ‌هێژمۆن و زاڵە، نیشان دەری ئەو راستییە یە کە هێشتا عەقڵانییەت و مێنتالیتەی چالاکی مەدەنی و مەودا گرتن لە کلتووری لێنینیسی نەهادینە نەبوە.  بێگومان یەکەم قوربانی ئەو رەوت و کلتوورەش خودی گۆڕانە، چوون هەموو مەجال و دەلاقەکانی جیاواز بوونی لە گەڵ ئەو حزبانەی کە لەبەرامبەر تیری رەخنەی گۆڕان دان لەناو دەچێت. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار