چەواشەکاری بۆ ریسایکلین

5 ساڵ لەمەوپێش



رەحمان غەریب
دڵنیام  لە پرۆژەی ریسایکلینەکەی تانجەرۆ کە گروپی کۆمپانیاکانی فاروق جێبەجێی دەکات، گەر بەشێکی بۆ ریسایکلینی ئەو تۆمەتە بێ بنەماو موزایەدەو چەواشەکارییانەی ئەم دەورانەی ژیانی سیاسی تەرخانبکرایە، ئەوە بەرهەمێکی سەیروسەمەرەی قەڵبی بێ بازاڕو بێ خاوەنی نوێمان دەست دەکەوت.
من لە چەند بۆنەیەکدا ئەو کاتەی (غالب محەمەد) ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بوو، بۆ ئەوەی بیسەلمێنی بەنزینی خراپ بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێت، دەچووە سەر تانکەرەکان و بە دوای بەڵگە دەگەڕا، کە هەڵمەتی دەکرایە سەر بەرگریمان لێدەکرد. بەڵام کە کار دەگاتە سەر پڕۆژەی ریسایکلینەکەی تانجەرۆ خۆی ماندوو ناکات ناچێتە کۆمپانیاکە یان وەزارەتێکی پەیوەندیدار، بێ خۆماندوو کردن تۆمەت دەبەخشێتەوە. روونکردنەوەکەی فاروق هۆڵدین سیحری قسەکانی بەتاڵدەکاتەوە. 
هێزی پرۆسەی چەواشەکاری لەسەر خەڵک، بەڕێوەبردنی رای گشتی لە رێگەی میدیای رەسمی و سێبەرو فۆتۆکۆپی حزبەکان، موسیبەت بێت، ئەوە چەواشەکاری و قسەکردن بە بێ بەڵگە لە لایەن پەرلەمانتار کە بڕیارە «نوێنەرایەتی گشتی» بکات، موسیبەتەکە گەورەتر دەکات و ئاسەواری خراپی لەسەر کۆمەڵگا کاریگەرتر دەکات. چ جای چەوشاکارییەکە لە پەرلەمانتارێکی گۆڕانەوە بێت، کە بزوتنەوەکە خۆی لە زۆر دەوراندا قوربانی چەواشەکاری بوون. 
ئەو کەشە ترسناکەی گومان و بێ متمانییەی لە هەموو شتێک ‌و (هەمووان دژ بە هەمووان) دروستدەکرێت، خزمەت بە بەرەی دژ گەندەڵی ناکات، بە پێچەوانەوە ئاو دەکاتە ئاشی گەندەڵکاران.
 کەشێکی ترسناک لە پرۆسەی سڕینەوەی (هەمووان لە لایەن هەمووانەوە)، بەڕێوەدەچێت، کەمینەی ترساویش لەناو زڕاندن و شکاندنی شکۆی مرۆیی خۆی و خێزانی، بێدەنگی هەڵدەبژێ و رای خۆی بە پێی رای باوی ناو کۆمەڵگە رێکدەخاتەوە.
رایەکی باو کە ناوەندێکی گەندەڵکاریش لەناو دەسەڵاتدا شەریکە لە دروستکردنی، وای لە وەرگر کردوە هەڵوێستی راست و ناڕاست هەواڵی درۆو هەڵبەستراوی لە حەقیقەت و هەڵوێستی دروست، بۆ جیانەکرێتەوە. وەک چۆن هەوڵێکیشە بۆ ئەوەی کەسایەتی پاکی ناو ژیانی سیاسی و بازرگانی و خزمەتی گشتی، لە تێوەگلاو بە سەفەقاتی گەندەڵی جیانەکاتەوە.
قسەکانی پەرلەمانتارکەی گۆران، سەبارەت بە پرۆژەکەی فاروق هۆڵدین و زۆرێک لە موزایەدات و خۆدەرخستنی تەڕەزانە تازەکانی ناو فەزای گشتیمان، دەچێتە خزمەتی ئەو فەزا ترسناکەوە. 
 قسەگەڵێک گەر بخرێتە ناو پرۆسەی ریسایکلیندا کاڵایەک بەرهەمدێنێت، کە تەنها پەیجە تەزویرو علوجەکان روویان دێت نمایشی بکەن و بازاڕی بۆ بدۆزنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار