چەمکى ئەخلاق

5 ساڵ لەمەوپێش



ئه‌حمه‌د حه‌مه‌ساڵح

سەرەتاپێویستە ئەوە بیربخەینەوە کە چەمک لەزمانی کوردیدا بەواتاى ماناو مەبەستی ئەو وشەیە دێت کەوشەى چەمکى دراوەتە پاڵ، هەروەها لەبازنەکانى گەشەو پێشکەوتن و بنیاتناندا، ئەو مەبەستەش دەگەیەنێت کەئەو وشەیە بۆخۆى بابەتێکى فەرە ڕەهەندو زیندو کاریگەرە، ڕاستیەکى بەڵگەنەویستیشە کەکۆى چەمکەکان بەنمونە چەمکى دیموکراتى، چەمکى هاوڵاتیبوون و هەر چەمکێکى تر، لەدەرئەنجامى جۆرێک لەجۆرەکانى خەبات و تێکۆشان هاتونەتەکایەوە، بۆ تێگەشتن و جێبەجێکردنیش بەردەوام پێویستیان بەلێکۆڵینەوەو بەراوردکارى  هەبوەو هەیە، لەم بابەتەدا، کە باس لە(چەمکى ئەخلاق) دەکەین، مەبەستمانە لەبازنەى لێکۆڵینەوەى زانستیانە و بەراوردکاریەوە، ماناو مەبەستى وشەى ئەخلاق شرۆڤە بکەین، ئەخلاق لە بواری کارگێڕى یان سیاسى یان کۆمەڵایەتیەکەیدا بێت، لەبازنەى پێوەرە (ئاینیەکان، یان لەبیر و هزرو ئایدیا جیاوازەکان و لەدەستورو یاسا جیهانى و ناوچەیەکان و لەنەریتە باشە کۆمەڵایەتیەکانەوە بێت، لەهەر ڕیگاو لەهەر ڕەوش و لەهەر بوارێکدا بێت، درۆ و دزى و یاساشکێنى و کۆى بێڕێزیەکان واتاى لادانى ئەخلاقین، نائەخلاقیش خوڵقێنەرى کۆى کێشەکانە تاگەیشتن بەکێشەى نائومێدیە مرۆڤایەتى و نیشتیمانیەکان، ئەمەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە بازنەى کۆى پەروەردەکان و لەپێناو کۆى نرخ و بەها شکۆداریەکاندا (درۆ و دزى و یاساشکێنى و کۆى بێ ڕێزیەکان) بەکردار و بۆ هەموان نەکراونەتە بەشێک لەناوەرۆکی ئەخلاق، وەرن با سەیرێکى ژیانى ڕۆژانەمان بکەین، هەر لەشەقامەوە تاماڵ و شوێنى کارو شوێنى حەوانەوەو کەیف و صەفا، هەر لەبەکار هێنانی موڵکە گشتیەکان و بەکارهێنانی دەسەڵاتە کۆمەڵایەتى و کارگێڕى و ئابورى و سیاسیەکانەوە، ڕۆژانە بازنەکانى گەندەڵى فراوانتردەبن، بەردەوامى سوڕى کۆى بەدئەخلاقیەکان پێکهێنەرى ڕەوشەکانى ناڕونى و نادادی و نائارامیە سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتیەکانن ، بەداخەوە لەفراوانبونى بازنەى سەپاندنى سالارێتیە جۆراوجۆرەکاندا بەدئەخلاقان کەدز و درۆزنەکان و یاساو پەیڕەوشکێنەرەکان ڕێزدارن و لەبازنەى مرۆڤایەتى و نیشتیمانیبونیشدا دڵسۆزان و ڕاستگۆیان و خەمخۆرانى نیشتیمان و ڕوناکبیران و زانستخوازانى بوارە (کۆمەڵایەتى و ئابورى و سیاسى و کارگێڕیەکان)  ناوو ناتۆرەى ترن.

ڕاستە ئەخلاق، لەلاى ئێمە وەک چەمکێکی فراوان لەهەموو بوارەکاندا ناسراوە، بەڵام تائێستاش نەبۆتە بەشێک لەپێوەرەکانى ڕاستکردارى ویژدان، ڕاستە بۆ ئەم چەمکەو کۆى چەمکەکان  زانین و کارامەیى باخدارن، بەڵام زانین و کارامەیى کاتێک کاریگەر دەبن کە بەهاو ڕەفتارەکانیش کاراو چالاکبن، ئەگەر بەهاو ڕەفتارەکان کەکۆڵەکەى ئەخلاقن، کاراو تۆکمە نەبن بازنەى نائەخلاقیەکان فراوان دەبن، کۆى نائەخلاقیەکانیش لە ناپەروەردەیى و لەنازانستی و نانیشتیمانیبونەوە  سەرچاوە دەگرن و کاردانەوەى خراپ بەجێدەهێڵن.

ئەو کۆمەڵگایانەى کە زیاتر ئەخلاقیان لە تێگەیشتنێکى بێبنەما و تەقلیدیدا سنوردارکردوە، نەیانتوانیوە دەربازی ئەو تێگەیشتنە هەڵەیە ببن ، کەبەعەقڵیەتێکی کۆنەپەرستانەوە، ئەخلاق وەک چەکێک لەبەشێک لەڕەوشى پەیوەندیە سیاسى و کۆمەڵایەتیەکان لەدژی یەکترى بەکاردێنن. لێرەدا دەمەوێت بڵیم ئەخلاق چەمکێکە کە بەسنوردارکردنى و بەتێگەیشتنی هەڵە بۆ داپۆشینى هەڵە بەکاربێت لادانە، بۆ کۆى کایەکانیش دەبێتە یەکێک لەپاڵنەرە نادیارەکانى خولانەوە لەنێو بازنە داخراوەکاندا لەکۆمەڵگا دواکەوتوەکاندا  لەبازنەى سەپاندن و پاراستنى بەرژەوەندیە خودیەکاندا، بە ڕێژەیەکى مەترسیدار زۆرینە بەواقعی هێزى چەک و تاقمگەڕایى و بنەماڵە و دراو مامەڵە لەگەڵ یەکتریدا دەکەن، ئەمە پێچەوانە بێتەوە بۆ کۆى ستانداردەکانى (زانین و کارامەیى و بەهاو ڕەفتارەکان)، ئەوکات بەکردار هەنگاوەکانى گەشەو پێشکەوتن و بنیاتنان دەستپێدەکات .

ئەگەر بمانەوێت بەپێناسەیەکی واقیعبینانەى خۆماڵیانە ئەم چەمکە بکەینە بەشێک لەگرێبەستی سیاسى و کۆمەڵایەتی، ئەوە دەتوانین بەوەرگرتن و شرۆڤەکردن و تێگەیشتن و هەڵسەنگاندن و وردبونەوە لەناوەرۆکى زانین و لێهاتویى و وێژدان، ڕەوشى ناتێگەیشتن تێپەڕێنین، چونکە ناتێگەیشتن لەچەمکى ئەخلاق و سنوردارکردن و هەڵە مامەڵەکردنى بۆتە هۆکارێک کە لەکۆى کایەکاندا هەموان بوینەتە قوربانى. ئاشکرایە بۆ هەر چەمکێک دەبێت پێوەر هەبێت، کە پشت بەزانست و یاسا و نرخ و بەها و نەریتى مرۆڤویستى ببەستێت، بەڵام بەداخەوە لێرەو لەوێ بەهۆی کاڵفامیەکان و کۆى لادانەکانەوە، چەمکی ئەخلاق لە بازنەى بەرژەوەندیە گشتیەکاندا، نەبۆتە مایەی بەرگری لەکۆى شکوداریەکانى مرۆڤبون و هاوڵاتیبون و نیشتیمانى بون،

لەشرۆڤەى ڕەوشەکانى لادان و تێنەگەیشتن  لەنرخ و بەهاکان و شکاندنى شکۆداریەکاندا ئەو ڕاستیە دەسەلمێت کە لەکۆمەڵگا دواکەوتوەکاندا کۆى چەمکەکانی ژیان ویستى زیندانی کراون، ئەگەر چى لەلاى ئێمە بەڕێژەى جیاواز و لەڕێگەى جیاوازەوە تێگەیشتن هەیە، بەڵام تێگەیشتنەکان  لەبواری تیۆرییەوە دەربازی پراکتیکى نەبون، بۆیە لەبازنەى بەنیشتیمانیبوندا لەکۆى ڕێگاکانەوە نەمانتوانیوە بە تێگەیشتن و لێکدانەوەکان خزمەت بەپێگەى هاوڵاتیبونمان بکەین و قۆناغی بنیاتنان دەستپێبکەین، ئەمەش کۆى قەیران و کێشەو کارەسات و ئاڵۆزییەکانى دورست کردوە، مانەوەشمان لەڕەوشى ناتێگەیشتنى چەمکەکاندا، واتا بەردەوامى ژیان لەبازنەکانى بۆنى خوێن و خەیاڵدا.

بۆ دەستپێکى قۆناغێکى نوێ پێویستە لە رێگەی چەمکی ئەخلاقەوە، لەکۆى چەمکێکی تری تێبگەین،تاقۆناغى درێژخایەنى خولانەوەمان لەنێو بازنە داخراوەکاندا تێپەڕێنین،کە لەجیاتی سودوەرگرتن کۆى چەمکەکانمان لەدژی یەکتر بەکار هێناوەو مامەڵەی نامرۆڤانە و نانیشتیمانانەمان پێوە کردون، لەدەرئەنجامى ناتێگەیشتن و خۆلادان و خۆهەڵخەڵەتاندن و بەلاڕیدابردن و گەوجاندن و بێمنەت بون و بێمتمانەیدا، کۆى چەمکەکان بەچەمکى ئەخلاقیشەوە مەترسیدارانە لە چوارچێوەیەکدا لەقاڵبدراون و واتاکانیان سنوردارو سادە کراون و ڕوبەڕوی لێکدانەوەی هەڵەش کراونەتەوە، ئەمەش هۆکارە سەرەکیەکەى فراوانبونى ئەو ڕەوشە نائەخلاقیە کۆمەڵایەتى و سیاسیەیە کەئیستایەک لەفەرامۆشى و ئایندەیەک لەنادیارى کردۆتە، باڵایەک لەتەم و تەمێک لەخەم و خەمێک لەکۆ ژانەکانى نیشتیمانى .

لەدوا دێڕدا دەگەینە ئەو ڕاستیەى کە بەدئەخلاقى سەرچاوەى کۆى  شپرزەیە سیاسیى و کۆمەڵایەتیەکانە، بۆ دەربازبونیش، پێویستمان بەشۆڕشێکی هزری و رۆشنبیریە تا لەقۆناغێکى پەروەردەیەیدا بەڕاستگۆى  و دڵسۆزیەوە بگەینە ئاستێک کە بتوانین لەکایە کۆمەڵایەتى و سیاسى و کارگێڕى و ئابوریەکاندا، کۆى چەمکەکان بەپێناسە و لێکدانەوەی گونجاوەوە بەکاربهێنین، لەم ڕێگەیەوە کۆتایى بەشێواندن و تێگەیشتنى هەڕەمەکییانەى چەمکەکان و سەپاندنى خواستى زۆرداریەتى دەهێنرێت، ئەمەش لەهەنگاوى یەکەمدا بەتێگەیشتن لەچەمکى ئەخلاق دەستپێدەکات، کەماناو مەبەستى ئەخلاقیش شیاوانە بەشکۆدارى مرۆڤبون و نیشتیمان ویستى چەسپێنرا، ئەو دەمە بەئومێد بەخشیەوە گەشەو بنیاتنان و سەرکەوتن مسۆگەر دەبن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار