فاکتەرەکانی زۆربوونی تاوانی کوشتن لەهەرێمی کوردستان
5 ساڵ لەمەوپێش
ئاوات خهیروڵا
لەم چەند ساڵەی دوایی لەهەرێمی کوردستان بەپشت بەستن بەئامارەکان تاوانەکانی کوشتن رووی لەزیادکردن کردووە، ئەگەربێت هۆکارەکانی باس بکەین هەمەچەشن و زۆرن، بەڵام لەڕووی یاساییەوە بەشێک لەهۆکارەکان باس دەکەین کەسەرەکیترینیان بونی چەکی بێ مۆڵەت و جێبەجێنەکردنی سزای لەسێدارە دان و لێبوردنی گشتییە. ئەگەر بێتو لەڕوودوای کوشتنەکەی ئەو گەنجەی کە لەبەنزینخانەکەی چەمچەماڵ کاریدەکردو لەلایەن گەنجێکی دیکەوە کوژرا، تەماشابکەین دەبینین بەهۆی بونی بازاڕی چەک و وەدستهێنانی بەشێوەیەکی ئاسان هۆکارێک بووە بۆ ئەنجامدانی تاوانەکە. بەپێی یاسای ژمارە 16ی تایبەت بەچەک کەساڵی 1993 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەندکراوە لەبڕگەی 3 دەڵێت، ئەوەی بەبێ مۆڵەت چەکی ئاگرین یان عەتادەکەی لەژێردەستدا بێ یان هەڵیبگرێ، سزاکەی بەندکردنە کە لەساڵێک کەمتر نییە، هەروەها غەرامەش دەکرێ. خۆ ئەگەر تاوانیشی پێبکات بەپێی جۆرەکەی ماددەکانی دەگۆڕێت. لەهەرێمی کوردستان کەم ماڵ هەیە چەکی تێدا نەبێت یاخود رۆژانە لەشوێنە گشتییەکان بەدی نەکەیت و بەشی هەرەزۆریشی مۆڵەتی نییە، کەچی وەزارەتی ناوخۆ ئیجرائاتی پێویست ناگرێتەبەرو ئەو یاسایەش جێبەجێ ناکات کەپەرلەمان دەریکردووە. وەکو یاساییەک پێموایە دەبێت ئەم یاسایە هەمواربکرێتەوە، چونکە تاڕادەیەک کارئاسانی بۆ هەڵگرتنی چەک دەکات. رێنمایی رێکخستنی پێدانی مۆڵەتی هەڵگرتن و هەبوونی چەک بەپێی ماددەی (3) بڕگەی یەکەم لەیاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (6) ساڵی 2009و یاسای چەک ژمارە (16) ساڵی 1993: بەمشێوەیە ماددەی یەکەم: مەبەست لەم پێناسانەی خوارەوە ئەو مانایانەی کە لەبەرامبەریان دیاریکراوە. 1. وەزیری: وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان. 2. پارێزگار: پارێزگاکانی هەرێم و سەرپەرشتیاری ئیدارەکان. 3. دەسەڵاتی پێدان: وەزیر، پارێزگار، سەرپەرشتیاری ئیدارەکان. 4. مۆڵەت: رێگەپێدانێک کە لەلایەن دەسەڵاتی پێدان دەدرێت بەهاووڵاتی بەپێی مەرجەکان بەمەبەستی هەڵگرتن و هەبوونی چەک. ماددەی دووەم: مەبەست لەدەرکردنی ئەم رێنماییانە رێکخستن و سنووردارکردن و بەسیستەم کردنی مۆڵەتی پێدان و نوێکردنەوەی چەکە لەهەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی یاسای چەک ژمارە (16)ی ساڵی 1993. ماددەی سێیەم: مۆڵەتی هەڵگرتن و هەبوون و نوێکردنەوەی چەک دەدرێت بەم مەرجانەی خوارەوە. 1. پێشکەشکردنی داواکارییەک بەدەسەڵاتی پێدان. 2. تەمەنی داواکار لە(18) ساڵی کەمتر نەبێت. 3. حوکم نەدرابێت بەتاوانێک یان کەتنێکی ئابڕوبەر (مخلە بالشرف) بەپشتگیری بەڕێوەبەرایەتی بەڵگەکانی تاوان. 4. کەمئەندام نەبێت یان نەخۆشی دەروونیی نەبێت یان کێشەی لەچاوەکانی نەبێت بەشێوەیەک کە نەتوانێت چەک بەکاربهێنێت بەپشتگیری راپۆرتی لیژنەی پزیشکی. 5. بەشێوەیەکی رەوا (مشروع) چەکی دەستکەوتبێت. 6. پڕکردنەوەی فۆڕمێکی تایبەت بەزانیاری داواکاری چەک. ماددەی چوارەم: 1. پێدانی مۆڵەتی هەڵگرتن و هەبوونی چەک سنووردار دەبێت و لەحاڵەتی زۆر پێویست دەبێت و لەلایەن دەسەڵاتی پێدان داواکارییەکانی پێدانی مۆڵەت هەڵدەسەنگێنرێت پاشان رەزامەندی لەسەردەدرێت دوای جێبەجێکردنی هەموو مەرجەکان. 2. مۆڵەتی چەک بۆ یەک ساڵ دەدرێت. ماددەی پێنجەم: 1. دوای جێبەجێکردنی هەموو مەرجەکان و رەزامەندی دەسەڵاتی پێدان دۆسێی تایبەت بەداواکار رەوانەی وەزارەتی ناوخۆ/ بەشی پێناسەی چەک دەکرێت بەپۆستی فەرمی بەمەبەستی دەرکردنی ناسنامەی مۆڵەتی چەک ئەگەر پارێزگا یان ئیدارە پێداویستی چاپکردنی ئەم ناسنامەی نەبێت، بەڵام ئەگەر توانای چاپکردنی هەبێت بەپێی ئەو سیستەمەی کە لەلایەن وەزارەت دیاریکراوە ئەوا تەنها ناسنامەکانیان بۆ رەوانە دەکرێت و لای خۆیان چاپ دەکرێت. 2. پێدانی مۆڵەتی هەڵگرتن و هەبوونی چەکی ئۆتۆماتیکی یان نیو ئۆتۆماتیکی وەکو (کڵاشینکۆف) تەنها لەدەسەڵاتی وەزیرە. ماددەی شەشەم: 1. دەبێت پارێزگا یان ئیدارەکان مانگانە بە(CD) دۆسیەکان و ئاماری پێدانی چەک لەگەڵ فۆڕمی زانیاری تایبەت رەوانەی وەزارەت بکات. 2. پێویستە لەسەر وەزارەتی ناوخۆ داتابەیسێک دروستبکات بەمەبەستی رێکخستنی ئامارو زانیاری تەواو لەسەر هەموو مۆڵەتەکانی چەک و ساڵانە ئاماری تایبەت ئامادەبکات و رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی بکات. ماددەی حەوتەم: 1. ئەو چەکانەی کە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆو هێزەکانی وەزارەتی پێشمەرگەو ئاسایش بەکاردەهێنرێت بەدەردەکرێن لەمۆڵەتی پێدانی چەک. 2. پێویستە لەسەر وەزارەتی ناوخۆو وەزارەتی پێشمەرگەو ئاسایش بەکارهێنانی چەک لەدوای ئەرکی فەرمی سنووردار بکەن. ماددەی هەشتەم: 1. بڕی (50.000) پەنجا هەزار دینار وەردەگیرێت لەبەرامبەر پێدانی مۆڵەتی هەڵگرتن و هەبوونی چەک بۆ یەکەمجار. 2. بڕی (30.000) سی هەزار دینار وەردەگیرێت بەمەبەستی نوێکردنەوەی مۆڵەتی هەڵگرتن و هەبوونی چەک. 3. حسابێکی تایبەت لەیەکێک لەبانکەکانی هەرێم دەکرێتەوە بۆ دانانی ئەو بڕە پارەیە کە لەبڕگەکانی (1 و 2) دیاریکراوە وەردەگیرێت بەمەبەستی بەکارهێنانی بۆ کڕینی کارتی مۆڵەت و ئامێرو پێداویستییەکانی چاپ کردن. ماددەی نۆیەم: ئەم رێنماییانە لەڕۆژی بڵاوبوونەوەی لەڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان کاری پێدەکرێت. خاڵێکی دیکە جێبەجێ نەکردنی سزای لەسێدارەدانە کە لەهەرێمی کوردستان جێبەجێ ناکرێت و هۆکارە بۆ تاوانی کوشتن. سزای لەسێدارەدان لەعێراق لەسەردەمی حەمورابی –یەوە بونی هەبووە هەروەها لەسەردەمی حکومی بەریتانیەکانیش لەساڵانی 1919 هاوکات لەدوای ساڵی 2003 شەوە لەعێراق جێبەجێ کراوەو بەپێ دوایین ئاماریش لەعێراق لەساڵانی 2013، 169 کەس لەسێدارە دراوە و هەروەها 2015 ، 89 کەس و ساڵی 2016، 88 کەس و ساڵی 2017ش 114کەس. بەڵام لەهەرێمی کوردستان ئەو سزایە ناخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە و لەچەند ساڵی رابردووش دەیان تاوانبار کەسزای لەسێدارەدانیان هەبووە بەر لێبوردنی گشتی کەوتونە و جارێکی دیکە لەکۆمەڵگە تاوانی کوشتنیان ئەنجامداوەتەوە. رێگاکانی کەمکردنەوەی تاوانی کوشتن لەهەرێم؟ لەهەموو وڵاتانی دنیا تاوانی کوشتن بونی هەیە، بەڵام رێژەکەی کەمترە، بەڵام بەگشتی لەسەر وەزارەتی ناوخۆ، حکومەتی هەرێم، وەزارەتی رۆنشبیری و پەرلەمانی کوردستانە کەسەرەتا دەبێت ئەو یاسایە هەمواربکرێتەوە لەپەرلەمان و وەرگرتنی مۆڵەتی چەک قورس بکرێت و هەروەها وەزارەتی ناوخۆش هەڵمەتێکی دەستگرتن بەسەر چەکی بێ مۆڵەت لەشارو قەزاو ناحییەکان دەستپێبکات و هەروەها ئەو بازاڕانەی کەهی چەکن دابخرێن. هەروەها سزای لەسێدارەدانیش جێبەجێ بکرێت تاوەکو کاریگەری خۆی هەبێت و لێبوردنی گشتیش ئەو کەسانە نەگرێتەوە کەتاوانی کوشتنیان ئەنجامداوە. رێگایەکی دیکەش کە دەبێت وەزارەتی رۆشنبیری بیگرێتەبەر لە راگەیاندنەکانەوە سانسۆرکردنی ئەو فلیمانەی توندوتیژی و کوشتن بڵاودەکەنەوە.