قەیرانی سیاسەت‌و پاشەکشێ بۆ پانتایی کولتوور

5 ساڵ لەمەوپێش



نه‌به‌ز خالید

یهکێک لهدهرکهوتهکانی بنبهستی سیاسهت و قهیرانی سیاسهتی شۆرشگێڕانه، له نێو بواری کولتووردا دهردهکهوێت. لهم دهرکهوتهدا کولتوور دهکرێت بە پانتاییەکی سهربهخۆ له کایهی تری وەک سیاسهت و ئابووری و جهوههرێکی نهگۆڕیشی پێدەدرێت.  هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا بە ناوی کولتوورەوە دابەشکاری و هیرارشیی نوێیش دادەمەزرێت، هیرارشییەک تێیدا دەورو جێگەی هەر کەس و چین و توێژو گروپێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراوە و “ هەر کەس دەبێ کاری خۆی بکات”، وەک بڵێی هێشتا لەلای ئەفلاتون بین و دەورەکان بە پێی زێڕو زیوو ئاسنی نێو جەوهەری کۆمەڵگا دابەش بووبێت. بەم جۆرە کولتووریش دەبێتە پانتاییەکی دابڕاو لەسیاسەت، بەوەزیری ڕانەگەیەندراو، زانا، پسپۆڕو شارەزایانی خۆیەوە، کە بەبێ ئەوەی پۆستەکانیان ڕابگەیەنن، خەریکی کۆنتڕۆڵ و چاودێریی و دابەشکاریی ئەرک و شوێنەکان دەبن، ئەوان زێڕیان بەرکەتووە و بۆ بەرهەمهێنانی زانایی بۆ جەماوەری نەزان و رەشۆکی جیا کراونەتەوەو کێ دەیەوێ رزگار بێت پێویستە گوێ لەمان بگرێت - هەڵبەت ئەگەر بتوانێت لێیان تێبگاو گەرەنتیەکیش بۆ ئەو تێگەیشتنەش نییە. لەئەنجامیشدا دنیای کۆمەڵایەتی جارێکی تر دابەشدەبێتەوە و دوانەی هەرە کۆن سەرهەڵدێنێتەوە، دوانەی وەک شارەزا و نەشارەزا، نوخبەو رەشۆکی، زاناو نەزان، نوخبە و جەماوەر. دەستەی دووهەمی هاوکێشەکەش ئەوانەن کە ناتوانن و نایانەوێ بزانن کە کێشەیان هەیە، بۆیەشە کە شارەزایانی کولتوور رێگەیان بۆ رووناک دەکەنەوە و پیشانیان دەدەن کە چۆن رزگار ببن.

پەیوەندی ئەم بۆچوونە بە شکست و وازهێنان لەسیاستەوە ئەو کاتە دەردەکەوێت کە دەیەوێت خۆی لەیەکێک لەداڕشتە جیاوازەکانی ئەم وتەیەدا دەربخات کە دەڵێت : “ئەگەر سیاسەتی رزگاریدەر سەرنەکەوت، هۆیەکەی ئەوە بوو کە مێگەل وشیار نەبوون و کولتوریان نەبوو”.  لە هەموو حاڵەتێکیشدا، ئەنجامەکە پاراستنی دابەشکاریەکەیە وەک خۆی : زانا و نەزان، نوخبە و جەماوەر، وەک خۆیان دەمێننەوە و تەنیا هاوکێشەش تەنها ستەمکارانن کە لەبەرگی تر و بەبیانوی دیکەوە دەگەڕێنەوە. بەم جۆرە خەڵک وەک نەزان، دەوری گوناهبارە سەرەکیەکەی دەکەوێتە ئەستۆو دەکرێتە نیشانی رەخنە - کاتێ کولتوور جێگەی سیاسەت دەگرێتەوە.

 ئەنجامی لۆژیکی هەمیشەیی ئەم جۆرە لەبەڵگاندن و بیرکردنەوە، ئەوەیە کە بندەستان، لە دواییدا، خەتای خۆیانە کە بندەستن و ئەوان نازانن و هەست بە ئازار و بندەستی ناکەن، وەک تەممەڵەکانی دنیا، خەتای خۆیانە کە دواکەوتوون، هەژارەکان خەتای خۆیانەو کەوابوو حەقیانە وەهایان بەسەر بێت. دیارە ئەم گوتارە کولتوورپەرستە -کەمەبەستی لەکولتوور تەنیا چەشەکانی خۆیەتی کە تێکەلێکە لەشەڕ بۆ بەش لە بازاڕی کاڵای کولتووری و شوێن لەکایەی هێماییندا-  هیچکات ئامادە نییە بە روونی و بەم راشکاویەوە بڵێت کەسانی نەزانن و دەبێ دوای ئەم بکەون، بەڵام ئەمە ئەو ئەنجامە لۆژیکیەیە کەدەتوانی هەڵیهێنجیت لەهەر بەڵگاندنێک کە لای وابێت خەڵک نەزانن و پێویستیان بە پێشڕەوانی فیکریی هەیەو ناتوانن هەست بە ستەم بکەن. ئەم روانگە لە دواییدا خەڵک و هەر کۆبوونەوەیەکی مرۆڤەکان بە خاوەن بەهرەی فاشیستی دەزانێت، کەچی ئەگەر هەمان خوێنەرانی ئەو هەمان خەڵک بن چی؟ ئەی ئەگەر هەمان جەماوەر بن کە ئەو بکەن بە پڕفرۆش و سوپەر ستارەکانی بواری کولتوور چی؟  ئەم گوتارە ساڵانێکی زۆرە لە کوردستان لە کاردایە و خاڵی هاوبەشی هەموو هەڵگرانی ئەوەیە جەماوەر بە مێگەڵ دەزانن، بە کۆمەڵێکی بێ فۆرمی بێبەری لەتوانای بیرکردنەوە کە هەرچی بەسەر دێت شایستەیەتی، چونکە خۆی وەهای دەوێ، وەک  ئەوەی مرۆڤێک هەبێت کە لەدۆخی ئاسایی و یەکساندا بیەوێت ستەمی لێبکرێت. بۆیە زیاتر ئەم گوتارە لەدواییدا لەشوێنی هەمان شا-فەیلەسوفەکەی ئەفلاتوونەوە دەدوێ، ئەگەر بەرگی دیکەش لەبەر بکات. لەزۆربەی هەڵوێستەکاندا، دەبینیت سووکایەتیەک بەخەڵک هەیە، ئەی هەمان خەڵک ئەگەر لەخۆپیشانداندا بن چی؟ هەر مێگەلن؟ ئەی کاتێ ئیمزا لە ئێوە وەردەگرن چی؟ ئیتر مێگەل نین؟ لە دەرەوەی ئەم پرسیارانەوە ئەوەی دەمێنێتەوە روانگەیەکە دووپاتکردنەوەی پارتی پێشڕەو بیر دەخاتەوە، ئەگەرچی ئەوان راستگۆییەکیان تێدا بوو و لایان وابوو کە بندەستان بە خۆرێکخستن لەدەوری پارتی پێشڕەو دەتوانن رزگار ببن. کەچی  لە نموونە هاوچەرخەکاندا، تەنانەت بەو توانایەش قایل نین و بنچینەی خۆیان لەسەر نایەکسانییەکی ئاشکرا داناوە، درزێک لە نێوان زاناو جەماوەردا هەیە کە تەنیا بە بیرو کتێبەکانی شارەزایان پڕ دەکرێتەوە. لینینستەکان لانیکەم لایان وابوو کە کەسی دواکەوتوو لە رێگەی حزبەوە دەکرێت ببێتە شۆڕشگیڕ، بەڵام لەم دابەشکارییە تازەدا جەماوەر  هیچکات بەم پسپۆڕانە ناگەنەوە، چونکە تەنیا ئەوانن دەستیان بەکانگاکانی زانایی دەگات، زمانی جۆراوجۆر دەزانن و ئەوانن دەبنە پێوەر بۆ بەهادارو سووک، گرنگ و ناگرنگ، زانایانە و گێلانە.

لای ئەوان دنیا بەم جۆرە دابەش دەبێتەوە  بۆ زانایان و جەماوەر، بەهرەداران و بێبەهرەکان. لەم ناوەشدا، پێوەر تەنیا لای یەکەمی هاوکێشەکەیە. لایەنی دووهەم تەنانەت گەر خوێنەری ئەوانیش بێت، دیسان هەر فریای ئەمان ناکەوێت، چونکە ئەو بەهۆی جۆری بیرکردنەوەی و شوێنی لەهیرارشیی کولتووردا ناتوانێ لە دۆخەکەت تیپەڕێت. ئەو کاتی نییە و دەبێ کار بکات. ئەم روانگە لەدواییشدا پانتا بنچینەییەکە لەبیر دەکات کەسیاسەتە و بەڵێنەکەی ئەمەیە کە: ئەوانەی وەک نەزان و بێبەش و بێهەست سەیر کراون، ئەوانەی گوتارە زاڵەکان بەهیچیان دادەنێن، دەتوانن دۆخەکەیان بترازێنن و شتێک بکەن کە بەکاری ئەوان دانەنرابوو: سیاسەت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار