ئیخوان موسلمینو سەید قوتب
بەرەو یادی نەوەدو یەک ساڵەی ئیخوانی دایک
5 ساڵ لەمەوپێش
شوان ئهحمهد
ڕێکخراوی ئیخوان موسلمین کە لەمانگی ئازاری 1928، لەشاری ئیسماعیلیە لەسەر دەستی شێخ حەسەن بەننا دامەزرا، ئێستا یادی نەوەدو یەک ساڵەی دروستبوونی دەکاتەوە(٢٠١٩).
ئیخوان یەکەم ڕێکخراوی ئیسلامی سیاسیەو بەدایکی تەواوی بزاوتەکانی ئیسلامی سیاسی دادەنرێت. لەدوای هەرەسی خەلافەتی عوسمانی (1918) بە دە ساڵ، ئیخوانەکان یەکەمین تاقمێک بوون کەبەدروشمی (ئیسلام دین و دەوڵەت)ە، هاتنە مەیدان و دەستیان بەبانگەوازو کارو چالاکی خۆیان کرد.
ساڵانە لێرەو لەوێ چەندین وتارو لێکۆڵینەوەو کتێبی جۆراو جۆر، لەسەر فیکر و ڕۆڵ و مێژووی ئیخوان و کارەکتەرە دیارو سەرەکیەکانیان دەنوسرێت. تیایاندایە ستایشیان دەکەن و هەشن بەدیدێکی ڕەخنەگرانە بەمێژوویاندا دەچنەوەو سەرکۆنەیان دەکەن.
ساڵی 2017 نوسەرو توێژەرو ئەکادیمیستی لوبنانی (دکتۆر سعود ئەلمەلا)، دوو کتێبی لەسەر ئیخوان موسلمین بەچاپ گەیاند. یەکەمیان (ئیخوان موسلمین و سوپا)، دووەمیشیان (ئیخوان موسلمین و سەید قوتب). یەکەمیان ((143) و دووەمیان (١٩١) لاپەڕەیە. هەر دووکیشیان لەخانەی (المشرق) لەقاهیرە چاپکراون.
لە(ئیخوان موسلمین و سەید قوتب)دا، نوسەر باسی یەکێک لەگرنگترین و کاریگەرترین تیۆرسینەکانی ئیسلامی سیاسی دەکات کەئەویش سەید قوتبە (1906 - ١٩٦٦).
ڕاستە حەسەن بەننا بۆ ماوەی بیست ساڵ (1928 -1948)، هەموو شتێکی ئیخوان موسلمین بوو، دامەزرێنەرو ڕابەرو تیۆرسین و هەڵسوڕێنەرو سەرپەرشتیاری گشتی ڕێکخراوەکە بوو، وەلێ دوای ئەو ساڵانەی سەید قوتب بەڕەسمی پەیوەندی بەئیخوانەکانەوە دەکات و نزیک بە دە ساڵێک لەناویاندا خەریک دەبێت، لەڕووی تیورییەوە هێندە نوسراو بەجێدێڵێت کە تائەمڕۆش، باس دەکرێت و کاریگەری زۆری لەسەر تەواوی بزاوتە جیهادیەکانی دنیا هەیە. هەر لەئیخوانەکان خۆیانەوە تاداعش و تاڵیبان و قاعیدە. لەئەسیوت و تەلیسمان و دارولبەیزاوە بیگرە، بۆ کابوڵ و مەقادیشۆ و ناوجەرگەی ئەوروپا.
(سعود ئەلمولا) لەپێشەکی کتێبەکەیدا دەڵێت: (سەرباری ئەوەی دەیان کتێب و سەدان و وتارو لێکۆڵینەوە لەبارەی ژیان و فیکری سەید قوتبەوە نوسراوە، وەلێ لایەنێکی سەرەکی و گرنگی ئەو هەر بەنادیاری و بەپەنهانی ماوەتەوە، بڕوانە ل٧).
کەوابێ ئەو لەم کتێبەیدا هەوڵدەدات ئەو لایەنە پەنهان و شاراوەیەمان بەردەست بخات، بۆ ئەوەی وێنە ڕاستەقینەکەی سەید قوتب ببینین.
ئێمە تائێستا سەید قوتب، وەک ڕابەری فێندەمێنتالیزمی ئیسلامی و دامەزرێنەری توندوتیژی ئسوڵی و خاوەنی بیرۆکەی (حاکمیەت و تەکفیرو هیجرەو جاهلیەتی خەڵک و خوا) و تیۆرسینی (گۆڕانکاری بەزەبری هێز)، دەناسین.
لەچەند بەشێکی جیا جیاداو پشت ئەستور بەسەرچاوە گەلێکی گرنگ و بەشرۆڤە کاریەکی وردەوە، نوسەری ئەم کتێبە نزیکمان دەخاتەوە لەو پیاوەی ساڵانێکی زۆرە، بەوێنەیەوە دەیبینین کە لەودیوو شیشی زیندانەوە ڕاوەستاوەو بەڕەنگێکی پەڕیوەوە، چاوەڕێی دەرچونی بڕیاری لەسێدارەدانەکەی دەکات لەلایەن دادگای شۆڕشەوە.
ئەو بڕیارەش ڕۆژی 29/ ئابی/1٩66 بەسەریدا جێبەجێ دەکرێت، لەگەڵ محەمەد یوسف هەواش و عەبدولفەتاح ئیسماعیلی هاوڕێیدا.
(دکتۆر سعود ئەلمەولا)، شتێک نییە پەیوەندی بەسەید قوتبەوە هەبێت و لەم کتێبەدا نەگەڕابێتەوە سەری و باسی نەکردبێت. هەم وەک ژیانی شەخسی و هەم وەک لایەنی فیکری و ئایدیۆلۆژی.
سەرەتا باس لەقۆناغی منداڵی و هەرزەکاری دەکات و (بەمنداڵێکی لادێی) ناونوسی دەکات. ئاخر سەید لەگوندی (موشا)ی سەر بەپارێزگای (ئەسیوت) لەئۆکتۆبەری 1906 هاتۆتە دنیاوە.
پاشان باس لەسەیدی (ئەدیب و ڕەخنەگر) دەکات کەخاوەنی ئەم بەرهەمانە بووە:
-مهمه الشاعر فی الحیاه، 1933.
- دیوانی (الشاطیئ المجهول).
سەید لەساڵانی (1933 بۆ 1948)، ڕۆلێکی بەرچاوی لەژیانی فیکری و ئەدەبی لەمیسردا گێڕاوەو لەو ماوەیەدا وەک زۆرێکی زۆر لەئەدیبە ناودارەکانی میسر، لەژێر کاریگەری ڕێبازو قوتابخانە فیکری و ئەدەبیەکانی خۆرئاوادا بووە.
لەبەشێکی دیکەدا قسە لەکارەکتەری سەید قوتب دەکات، بەگێڕانەوەی نەجیب مەحفوز (ئاخر نەجیب مەخفوز لەکۆمەڵە چیرۆکی- ئاوێنەکان - دا کەساڵی 1972 چاپی کردووەو باس لەڕوداوەکانی میسر دەکات، هەر لەشۆڕشەکەی حزبی وەفدەوە 1919 تامردنی جەمال عەبدولناسر لەئەیلولی 1970، لەڕێی کارەکتەرێکی وەک عەبدولوەهاب ئیسماعیلەوە، باس لەسەید قوتب دەکات و دەڵێت: ئەو لەمڕۆدا بۆتە ئەفسانەو وەک هەر ئەفسانەیەکیش، بیرو بۆچونی جیاجیای لەبارەوە دەوترێت. هەرچەندە من جگە لەهەڵسوکەوتی دۆستانە شتی ترم لێنەبینی، وەلێ هەرگیز بەسەروسەکتی مورتاح نەبووم. ئەو قەرەی باس و خواسی ئایینی نەدەکەوت و جلوبەرگی مۆدێرنی دەپۆشی و هاتوچۆی سینەمای دەکردو ئەوروپیانە نانی دەخوارد ، وەلێ دینداری و پەرۆشی بۆ ئایین پێوە دیار بوو. هەرچەندە نەخۆش بوو، بەڵام ڕاستی نەخۆشیەکەی لای کەس نەدەدرکاند.. تا لەژیانیشدا بوو، بایەخی بەژن و هاوسەرگیری نەدەدا. کەشۆڕشی یۆلیۆی 1952 بەرپابوو، ئەو سەرقاڵی دژایەتیکردنی حزبی وەفدو بەرگریکردن بوو لەئایینی ئیسلام).
لەبەشێکی دیکەیدا بەناوی (سەید قوتب و قورئان و هونەر)، باس لەهەردوو کتێبی:
-التصویر الفنی فی القرأن، 1945 .
-مشاهد القیامه فی القرأن، 1947، دەکات.
هەروەها قسە لەکاریگەری بیرو بۆچوونەکانی ئەم دوو کتێبەش، لەسەر پرۆژە گەورەکەی (فی ظلال القرأن) کەهەشت بەشەو لەساڵانی ناو زینداندا نوسیویەتی و بەیەکێک لەتەفسیرە گرنگەکانی قورئان دادەنرێت. بەشێکی گرنگی دیکەش تەرخانە بۆ (سەید قوتب و ئەمریکا).. ئاشکرایە وەرچەرخانی گەورە لەبیرو دنیابینی سەید، ئەو وەختە ڕوودەدات کەساڵی 1948 ڕوو لەوڵاتی مام سام دەکات و ئەوەی لەوسەر دێتەوە، مرۆڤێکە هیچی ناچێتەوە سەر ئەو کەسەی کەڕۆیشت بوو.
واتە ساڵی 1948 مامۆستایەکی لیبرالی دەڕوات و لەو سەرەوە تیۆرسینێکی ئسوڵی ئیسلامی دەگەڕێتەوە. ئەو کەڕۆیی خاوەنی ڕۆمانی (أشواک) بوو کەهاتەوە (أمریکا التی رایت)ی نووسی.
لەدوای گەڕانەوەی لەئەمریکا، سەید تێکەڵ بەئیخوانەکان دەبێت. ئەگەرچی بەڕەسمی پۆستێکی دیارو گەورەی نابێت، وەلێ لەدوای تیرۆرکردنی حەسەن بەنناوە (1948)، دەبێتە کاریگەرترین و دیارترین کارەکتەری ئەو ڕێکخراوە.
درێژترین نەسکی ئەم کتێبە ئەو نەسکەیە کەباس لە(سەید قوتب دەکات لەنێوان دوو کۆدێتادا) و چیرۆکی دورو درێژی چواردە ساڵەی پڕ کێشمەکێشی نێوان عەبدولناسرو ئیخوان موسلمینە (1952 - 1966) کە بەلەسێدارەدانی سەید و هاوڕێکانی دەگاتە لوتکە.
بەشەکانی کۆتایی کتێبەکەش کە (دکتۆر سعود ئەلمەولا) بەکورتی لەسەریان وەستاوە، باس لەم تەوەرانە دەکات:
-لەنێوان سەید قوتب و هاوسەردەمەکانیدا.
-ئیخوان موسلمین و دیموکراسی لەنێوان سەید قوتب و حەسەن بەننادا.
-لەنێوان مالیک بن نەبیو سەیدقوتبدا.
-سەید قوتب، لینینی بزاوتی ئیسلامی.
-بنەماکانی بانگخوازی سەید قوتب، بەو جۆرەی کە لە (مەشخەڵی ڕێ – معالم فی الطریق) دا هاتووە.
-جیهاد لای سەید قوتب.
-هەڵسەنگاندنی پەیوەندی ئیخوان موسلمین و سەید قوتب.
-وەڵامی حەسەن هوزەیبی بۆ سەید قوتب (دعاه لاقضاه).
-ئەوانەی بەرگری لەسەید قوتب دەکەن.
بەگشتی ئەم کتێبە سەرچاوەیەکی ترە، بۆ زانینی زانیاری زیاتر لەسەر گرنگترین و دیارترین کارەکتەری ئیسلامی سیاسی، بەدرێژایی ئەم نەوەدو یەک ساڵەی تەمەنی، هەر لەئیخوانەوە تا داعش.